وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دەنگی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، لەگەڵ کۆمپانیاکاندا ڕێککەوتنیان ئەنجامداوە بۆ ناردنە دەرەوە و بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و چاوەڕوانی وەڵامی تورکیان بۆ ئەوەی بەیانی هەناردە کردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕاگەیاند، "ڕێوشوێنەکانی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم تەواو بوون. لەگەڵ کۆمپانیاکانی بە بازاڕکردنی نەوت دا گفتووکراوە و وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم."
نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25ی مانگی 3 ەوە ڕەوانەی دەرەوە ناکرێت بۆ فرۆشتن، بەهۆی بردنەوەی ئەو سکاڵایەی کە عێراق لە ژووری پاریس ی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر تورکیا تۆماریکردبوو لەسەر ڕێگەدان بە رۆیشتنە دەرەوەی نەوتی هەرێم.
عاسم جیهاد دەڵێت، "لەگەڵ لایەنی تورکی لەسەر دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕێککەوتووین، بە شێوەیەک ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکەین."
جگە لە ڕاگرتنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دوای بڕیارەکەی ژووری ناوبژیوانی دادگای پاریس، هەناردەکردنی نزیکەی 75 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکیش ڕاگیراوە کە پێشتر لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان و بەتورکیادا ڕەوانەی دەرەوە دەکرا.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ کێڵگەی نەوتی بەسرە، پێشبینیکرد سبەینێ شەمە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە دەست پێبکاتەوە. لەکاتێکدا کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی لە ڕۆژی شەمە بەدوور زانی.
لەوبارەیەوە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەڵێت، "لەگەڵ لایەنی تورکی لەسەر دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕێککەوتنمان ئەنجامداوە و تەواو بووە. بڕیاریشە لە ڕۆژی شەمەوە ناردنە دەرەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی لایەنی تورکین تا دەست بە ناردنی نەوت بکەین و وەزارەتی نەوت ئامادەیە."
پێشتر ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، لە حاڵەتی دەستپێنەکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، بیریان لەوە کردووەتەوە کە بەتانکەر نەوت ڕەوانەی دەرەوە بکەن، هەرچەندە ئەم ڕێگەیە تێچووی زۆری دەوێت.
بەڵام وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق پێیوایە رێکارەکانی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم تەواو بوون، وتی "ڕێکارەکانی ناردنە دەرەوەی نەوتمان تەواو کردووە، هەر شتێکی نوێ ڕووبدات، ئەوکات قسەی لەبارەوە دەکەین."
دادگای فیدراڵی عێراق لە مانگی 2 ی ساڵی 2022 پرۆسەی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی و نادەستوری ناوبرد، مافی بە وەزارەتی نەوتی عێراق دا گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە.
سەرباری ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر مەسەلەی نەوت و دارایی، بەڵام هێشتا دیار نییە حکومەتی عێراق لە داهاتوودا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەدا دەکات، کە پێشتر بێ رەزامەندی عێراق کاری دەرهێنان و بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێمیان ئەنجامداوە.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەو بارەیەوە، دەڵێت"لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتووین لیژنەی هەڵسەنگاندن بۆ مەسەلەی کۆمپانیا نەوتییەکان پێکبهێنین، تا گرێبەستەکانیان لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بن و لەگەڵ ئاراستەی وەزارەتی نەوت بگونجێن، بەپێی بەرنامەی وەزارەتی نەوت."