ئەردۆغان و شەڕ بۆ شوناسی سیاسی تورکیا

هاوکاتی ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، بەڵام هێشتاش لە ململانێدایە لە پێناو ناسنامە سیاسییەکەیدا.

تورکیا دەروازەیەکە لە نێوان ئەوروپا و ئاسیادا؛ لە دوڕیانی نەتەوەیی بوون و تێکەڵبووندایە لەگەڵ ئەوروپادا، لە هەوڵیشدایە تا ببێتە ڕێبەرێکی سیمبۆلی بۆ سیاسەتی ئیسلامی لە جیهاندا؛ لە نێوەندی ئەو هەموو بابەتانەشدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئێستای تورکیا لە هەوڵدایە تا جارێکی تریش هەڵبژێردرێتەوە.

زۆر کەس لەوبڕوایەدان مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر سەروەختی فەرمانڕەوایەتی ئەردۆغان و بە ئەندازەیەکیشە کۆمەڵگەی تورکیای لە ڕووی سیاسییەوە دابەشکردووە لە نێوان سیکیولاریستەکان و کۆنەپارێزاندا.

زۆربەی لایەنگرانی ئەردۆغان، خەڵکی ئاینین یان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە نەریت پارێز ناسراون، خەڵکی گوندەکانن، یانیش ئەوانەن کە لەم ساڵانەی ڕابردوودا لە گوند و شارۆچەکەکانەوە چونەتە شارەکان؛ ئەمەش توێژێکە لە سەروەختی فەرمانڕەوایەتی ئەردۆغاندا دروستبووە.

ئەوان بە کەسایەتیەکی خاوەن کاریزمای دەبینن و بەردەوامییەکەی وەک سەقامگیری دەبینن و دەڵێن بە شێوەیەکی خۆنەویستانە کارەکانی دەستپێکردووە، دەوترێت گوایە وازی لە خولیای یاریکردنی تۆپی پێ هێناوە و سەمون و شەربەتی فرۆشتووە بۆ ئەوەی یارمەتی باوکی بدات لە کاتێک گرفتی دارای هەبووە.

لەولاشەوە، ڕکابەرەکانی لە ژێر چەتری هاوپەیمانییەکدا کۆبونەتەوە و پێیان وایە ' دەسەڵاتە تاکڕەوەکەی' بەها عەلمانییەکانی کۆمەڵگەی تورکیا لەناودەبات.

بۆ ئەوان، ‘سیاسەتی تێکەڵاوی ئیسلام’ی ئەردۆغان بە پێچەوانەی بناغەکانی تورکیای مۆدێرنەکە لەلایەن کەمال ئەتاتورکەوە دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دانراوە.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چواردەی ئەم مانگە (مانگی پێنج )، ڕەنگە قورسترین هەڵبژاردن بێت بۆ ئەردۆغان لەو کاتەوەی دوو دەیە لەمەوبەر هاتە سەر دەسەڵات.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئامینەی هاوسەری پێش دەستپێکردنی کۆبونەوەی لوتکەی گروپی 20 ژاپۆن، 27 ی شەشی 2019

لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتیدا، ئەردۆغان سێ خولی وەک سەرۆک وەزیرانی بەسەر بردووە و لە ساڵی 2014شەوە بوو بە سەرۆکی وڵاتەکە. لە ساڵی 2017 تورکیا لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە لە سیستەمی پەرلەمانییەوە گۆڕا بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی. وە ساڵی دواتر ئەردۆغان وەک یەکەم سەرۆکی کە دەسەلاتی جێبەجێکاری هەبوو هەڵبژێردرا و لەو کاتەوە پێگەکانی لە دەسەڵاتدا گۆڕا.

وەک سەرۆک وەزیران وڵاتێکی گرتە دەست کە خاوەن هێزی دیموکراسی لاواز، لەشکرێکی بەهێز، ئابووریەکی لەرزۆک و کۆمەڵگایەکی لە لێکترازا و ئاڵۆز بوو.

ئەو بە بە سیاسەتە میانڕەوەکانی ڕەخنەگرانی شۆک کرد، ڕووبەڕووی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بووەوە و ئابووری وڵاتەکەی گۆڕی، کێبڕکێی بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا کرد، خۆی لە مشتومڕەکانی ئایینی بەدوور گرت و خۆی وەک سەرکردەیەکی لایەنگری دیموکراسی نیشان دا کە دەیویست پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوادا هەبێت.

لەکاتێکدا ئەردۆغان هێزی سیاسی خۆی چەسپاند، دەستی کرد بە پاڵنانی عەلمانیەکان و ئەو ژەنڕاڵانەی کە ڕۆژێک دەسەڵاتی باڵایان هەبوو، دەستی کرد بە سنووردارکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری.

پاشان دە ساڵ لەمەوبەر خۆپیشاندانەکانی ژینگەیی لە گەزی پارکی مەیدانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ پەرەی سەند و بوو بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژێم کاتێک هێزی توندوتیژ لەلایەن دەزگاکانی دەوڵەتەوە بەکارهێنرا، دروشمی 'دیکتاتۆر' لە شەقامەکاندا دەنگی دایەوە. بەپێی زانیارییەکان لە خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری تورکیادا چەندین خۆپیشاندەر کوژراون.

خۆپیشاندەرێکی دژە حکومەت بە دەمامکەوە، لە کاتی خۆپیشاندانێکدا لە مەیدانی تەقسیم لە ناوەڕاستی ئەستەنبوڵ 20ی حەوتی 2013

پاشانیش کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 ڕوویدا، کە لایەنێکی جیاوازی ئەردۆغانی دەرخست. سەرکوتکردنێکی بەرفراوانی دەستپێکرد بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەکان لە دژبەرانی لەوانە دامەزراوەکانی سەربازی، دەسەڵاتی دادوەری، کۆمەڵگەی مەدەنی، زانکۆکان، میدیا، دەیان هەزار کەسی دەستگیرکرد.

ئەردۆغان دەستووری هەموارکردەوە، دەسەڵاتی زیاتری گرتە دەست بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکێک کە دەسەڵاتێکی رەهای هبێت.

چاودێران پێیان وایە بەهاری عەرەبی ئەو بڕوایەی بە ئەردۆغان دا کە زیاتر بەرەو شوناسنامە ئیسلامییەکەی بڕوات.

پرۆفیسۆر کەمال کیریجی، شارەزای کاروباری تورکیا لە پەیمانگای بروکینگز دەڵێت "ئەردۆغانی لەکاتی بەهاری عەرەبیدا خۆی وەکو ئیسلامییەک پیشاندا و پشتگیری بۆ ئیخوان موسلیمین بە سەرۆکایەتی مورسی زیاد کرد، ئەمەش لە کتێکدا کە سعودیە و ئیمارات و بەحرەین دژی ئەو گروپەبوون."

چاودێران هەست دەکەن لە دوای بەهاری عەرەبی و دواتر ناڕەزایەتییەکانی گەزی پارک لە مەیدانی تەقسیم لە تورکیا، خەڵک بینییان ئەردۆغان ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆی نیشان دا، هەموو ناڕەزایەتییەکانی سەرکوت کرد؛ وتی ژنان ناتوانن بە یەکسانی وەک پیاوان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، و گوایە فێمینیستی ڕەتکردنەوەی دایکایەتییە؛ کەوتە ئەوەی کۆمەڵگەی تورکیا کە بناغەیەکی عیلمانی هەبوو بگۆڕێت بۆ ئیسلامی.

ڕەخنەگرانی ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی قوتابخانە ئاینییەکان، مزگەوتەکان و زیادبوونی کاریگەریی ڕێکخراوی دیانێت یان بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئایینیی دەوڵەتی دەکەن.

ئەم شتانەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغەکانی ژیانی. لە قوتابخانەیەکی ئایینی خوێندوویەتی و مەشقی سیاسی لە باڵی گەنجانی پارتی خۆشگوزەرانی سەر بە ئیسلامییەکان وەرگرتووە.

تەنانەت تۆمەتی هاندانی هەستی ئاینی بە خوێندنەوەی شیعرێکی ئاینی لەسەر مزگەوت زیندانیش کرابوو.

ئەردۆغان لە ساڵی 2020 ئایا سۆفیای کردەوە بە مزگەوت کە یەکەم جار وەک کڵێسایەک لە سەردەمی ئیمبراتۆریەتی بیزەنتی کرستیان لە سەدەی شەشهمدا بنیاتنرا و دوای داگیرکردنی قوستەنتینیە لەلایەن عوسامنیـیەکانەوە لە ساڵی 1453دا ئەو کڵێسایە کرایە مزگەوت و پاشان لە ساڵی 1935 کرا بە مۆزەخانە، بۆ هەمو گەشتیارێک کراوە بوو بێ لەبەرچاوگرتنی ئاینیان.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ وەزیری گەشتیاری مەهمەت نوری ئەرسۆی لە دەستەڕاستی و عەلی ئەرباس سەرۆکی ڕێکخراوی دەوڵەتی دیانەت لە دەستەچەپی، لە ناو مزگەوتی ئایا سۆفیا لە ئەستەنبوڵ. 24ی حەوتی 2020

عەلی ئەرباس، بەرپرسی ڕێکخراوی دەوڵەتی دیانەت لە دەمی وتاری کردنەوەی ئایا سۆفیادا شمشێرێکی بەدەستەوە گرتبوو. ئەم جۆرە کارانە پشتیوانانی کە لەناو ئیسلامییەکاندا زیاد کرد، بەڵام وای لە کەسانی دیکە کرد نیگەران بن لەو ئاراستەیەی کە بۆ وڵاتەکەی هەڵبژاردووە چونکە دژایەتی ئایدۆلۆژیای دامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن دەکات.

بەڕێوەبەری پرۆگرامی توێژینەوەی تورکیا لە پەیمانگای واشنتۆن، و نووسەر سۆنەر کاگاپتای بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " کەمال ئەتاتورک ویستی تورکیا بەرەو عیلمانی، ئەوروپا و ڕۆژئاوایی بڕوات، ئەردۆغان، وەک من پێی دەڵێم دژە ئەتاتورک چونکە باوەڕی بە بەهاکانی ئەتاتورک نییە، دەیەوێت تورکیا وڵاتێکی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کۆنەپەرست بێت."

هەروەها گوتیشی " ئەردۆغان زۆر کاری کردووە، گەشەی ئابووری گەیاندووە بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە چاوی دەنگدەرە ئاساییەکانەوە ناگات بە ئەتاتورک."

ڕکابەری سەرەکی ئەردۆغان کەمال کلیچدارئۆغلویە کە سەرۆکایەتی پارتی جەهەپە دەکات کە سەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئەتاتورکەوە دامەزراوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەنقەرەی پایتەخت و ئەستەنبوڵ هەردووکیان لە ئەردۆغان دوورکەوتنەوە کاتێک کاندیدەکانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیدا بە ڕکابەرەکانی ئاکەپە دۆڕان. کلیچدارئۆغڵو ئێستا پشتیوانی پارتی چارەنووسساز و لایەنگری کورد، هەدەپەشی بەدەستهێناوە.

هەرچەندە هەدەپە بەهۆی مەترسی قەدەغەکردنی پارتەکەی لە ژێر ناوی پاتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکات، بەڵام کاندیدی سەرۆکایەتی نییە و پشتیوانی لە کەمال کلیچدارئۆغڵو دەکات.

ناجێگیری سیاسی لە تورکیادا بەدی دەکرێت. لە ناوخۆدا، بابەتی سیاسەتی ئابوری هەستیار و بوومەلەرزە وێرانکارەکەی مانگی دووی ئەمساڵە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی 50 هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی تر. قوربانییەکان ڕژێمەکەی ئەردۆغان تۆمەتبار دەکەن بەوەی هاکارییەکان دەستبەجێ نەگەیشتە ئەو ناوچانەی کە بوومەلەرزەکە زیانێکی زۆری پێگەیاندبوون.

لە ئاستی نێونەتەوەییشدا هەر ناسەقامگیرییەک لە وڵاتەکەدا بەهۆی هەڵکەوتە جیۆستراتیژەکەیەوە ڕۆژئاوا نیگەران دەکات. لە ڕۆژهەڵاتەوە تورکیا هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، ئەرمینیا و ئازەربایجان، لە باشوورەوە سوریا و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق، لە کاتێکدا لە دەروازەی ئەوروپادایە. لە ئێستاشدا ملیۆنان پەنابەری سوریا لەوێن.

ڕکابەرەکانی ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کۆتایی بە سەردەمی دەسەڵاتی 'تاکڕەوی' دەهێنێت. بەڵام خەڵک لە تورکیا نیگەرانییان هەیە لەو ئاژاوەگێڕییەی کە ئەگەری هەیە ئەگەر ئەردۆغان بدۆڕێت، سەرهەڵبدات.

پرۆفیسۆر کەمال کیریشی دەڵێت " تەنانەت نامەوێت بیریش لە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بکەمەوە کە ئەردۆغان و شوێنکەوتووانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ نەکەن. ئەوە بەڕاستی دەبێتە مۆرێک بۆ پەیوەستبوونی تورکیا بۆ ڕیزەکانی جیهانێکی خۆسەپێن بە سەرۆکایەتی چین و ڕووسیا."

ڕاپۆرتی عەوێس تەوحید، ڕاوێژکاری باڵا لە بەشی باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا لە دەنگی ئەمەریکا