چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەرە کوێ دەچێت؟!

تەنها ڕۆژێک تا هەڵبژاردنەکانی تورکیا ماوە، هەڵبژاردنێک کە بۆ زۆر کەس زیاتر لەوەی دیاریکردنی سەرۆکی داهاتوو یان ئەندامانی نوێی پەرلەمان بێت، پیشاندەری هەڵوێستی خەڵکی تورکیا دەبێت بەرامبەر بە جۆری حکومەتی وڵاتەکەیان.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە زیاتر لە دوو دەیەیە دەسەڵاتی تورکیای گرتوەتە دەست، هیوادارە لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە، 14ی ئەم مانگە جارێکیتر وەک سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرێتەوە، هەرچەندە ئەو ئەمجارە ڕووبەڕووی قورسترین ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ژیانی سیاسی بووەتەوە.

لای زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی، هەژموون و زاڵبوونی ئەردۆغان بەسەر سیاسەت و حکومەت و سیستەمی دادوەری تورکیا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەدا بێ وێنە بووە.

ئەردۆغان لە ئێستادا و لەم هەڵبژاردنانەدا لەگەڵ پرسەگەلێکی جۆراوجۆرلە ململانێدایە، هەر لە قەیرانی ئابووری تورکیا و زیادبوونی سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤەوە بگرە تا دەگاتە لاوازبوونی ڕۆڵ و پێگەی یاسا و سیستەمی دادوەری لەو ساڵانەی دواییدا و ئەمانەش هەموو گۆڕەپانەکەیان بۆ سەرۆکی ئێستای تورکیا بەرتەسک کردووەتەوە.

کەمال کلیچدارئۆغڵوی تەمەن 74 ساڵ کە لە زۆربەی ڕاپرسییەکاندا لەسەروی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە، ڕایگەیاندوە کە دڵنیایە لە هەڵبژاردنەکاندا شکست بە حکومەتەکەی ئەردۆغان دەهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە زۆرێک پێیان وایە چارەنووسی تورکیا ئەو کەسە دیاری دەکات کە بتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات.

هەڵوێستی ئەردۆغان بەرامبەر بە کوردەکان ڕوونە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ئۆپراسیۆنی لە دژیان لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان ڕێکخستووە و ژمارەیەکی زۆریانی ڕەوانەی زیندان کردووە و هەروەها هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ قەدەغەکردنی هەدەپە خستوەتوەتە گڕ و بە گشتی ئەردۆغان و حکومەتەکەی وەک پاڵەوانی شەڕی دژ بە تیرۆریزمی کورد سەیر دەکرێن.

کلیچدارئۆغڵوش سەرەڕای ئەوەی پرسی کوردی نەخستوەتە نێو بانگەشەکانی هەڵبژاردنی و تەنانەت تاکو ئێستا ئاماژەی بە پێشینەی نەتەوەیی خۆی نەکردووە، بەڵام لە وتارەکانیدا باس لە گفتوگۆ و ئاشتی دەکات لەگەڵ کورد و هەدەپە.

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە پشتبەستن بە ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی، بۆی دەرکەوتووە کە بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ کورد و بەتایبەت لەگەڵ هەدەپە، توانای ئەوەی نابێت لە سندوقی دەنگداندا شکست بە ئەردۆغان بهێنێت و هەر بۆیە بە زمانێکی جیاواز لە جاران سەبارەت بە پرسی کورد دەدوێت.

ڕۆژنامەوانانی میدیا ڕۆژئاواییەکان لە تورکیاوە باس لەوە دەکەن کە دەنگی نزیکەی شەش ملیۆن گەنج کە یەکەم بەشداریان دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا و بەزۆریش لایەنگری ڕکابەرەکەی ئەردۆغانن، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

بەگوێرەی هەواڵەکان، هەستی گشتی و دوایین ڕاپرسییەکانی هەفتەی ڕابردووش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر تەنانەت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بڕواتە قۆناغی دووەمیشەوە، کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی شەش حزبی تورکیا ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژرادنەکاندا زۆر دەبێت، ئەگەرچی شارەزایان دەڵێن هێشتا 20% دەنگدەری سوینگ لە تورکیا هەیە کە ڕەنگە وابکات جارێکی دیکە دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەردۆغانی تەمەن 69 ساڵ و پارتە ئیسلامییەکەی بگۆڕدرێت و دەسەڵاتەکەی بۆ دەیەی سێیەم درێژ ببێتەوە.

دەنگدەری سوینگ لە هەڵبژاردندا بەو کەسانە دەوترێت کە هێشتا بڕیاریان نەداوە چۆن دەنگ بدەن و دەنگەکانی خۆیان بەکێ بدەن.