چەند ڕۆژ پێش ئێستا کوردەکان لە شارەکانی ئاگری و وان بەشێوەیەکی بەرچاو پێشوازیان لە کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کرد.
کلیچدارئۆغڵو لە پەیامەکەیدا لە شاری وان گوتی "دەزانم ئێمە هێندەی جیهان کێشەمان هەیە. ئاگاداری هەموو کێشەکانتانم. بەڵام من بەڵێنێکم هەیە بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە؛ ئاشتی بۆ ئەم وڵاتە دەهێنم، ئارامی بۆ ئەم وڵاتە دەهێنم، برایەتی بۆ ئەم وڵاتە دەهێنم. لەم وڵاتەدا کەس بە هۆی ناسنامەکەیەوە جیاکاری ناکرێ. مرۆڤ بەنرخترین بوونەوەرە کە خودا دروستی کردووە و ئەوەیش جێگەی لەسەر سەرمە."
گرنگی دیمەنی پێشوازیی کوردەکان لەوەدایە کە تا پێش ئەم هەڵبژرادنە کە سبەینی، ڕۆژی یەک شەممە بڕیارە بەڕیوەبچێت، بە شێوەیەکی نەریتی زۆرینەی دانیشتوانی ئەو شارانە لایەنگری ئەردۆغان بوون و کەمترین خۆشەویستی و لایەنگرییان بۆ کلیچدارئۆغڵو و پارتەکەی هەبوو، بەڵام بێزاری لە سیاسەتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئیستای تورکیا بەرامبەر بە کوردەکان کە نزیکەی 20%ی دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنن، پاڵی بە زۆرێکەوە ناوە کە پاڵپشتی ڕکابەرە سەرەکییەکەی ئەردۆغان بکەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا.
بە گوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی، کوردەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەگێڕن.
ئەردۆغان کە بانگەشەی دۆستایەتی لەگەڵ کوردەکان دەکات، خۆی بە بەراورد بە سەرۆکەکانی دیکە، بە باشترین دۆستی کورد ناودەبات و بەشێک لە کوردەکانیش، بەتایبەت ئەوانەی لەڕووی ئایینییەوە لە بۆچوونەکانی ئەردۆغان نزیکن، پشتیوانی لێدەکەن.
بەڵام گەورەترین گرووپی دەنگدەرانی کورد کە لە هەدەپەوە نزیکن، پێیان وایە لە ساڵانی ڕابردوودا دۆخی سیاسی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوخراپتربوون ڕۆیشتووە و هەر بۆیە بە پشتوانیکردن لە کلیچدارئۆغڵو، بێزاری خۆیان لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان دەربڕیوە.
دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ساڵی 2021ەوە لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هەدەپەدایە کە سێیەم گەورەترین پارتە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، ئەمەش بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە.
نزیک بوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) یەکێک لەو تۆمەتانەیە کە دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان لە ساڵانی ڕابردوودا بەسەر بەشێک لە هاووڵاتیانی کوردا سەپاندوویەتی و بەو بیانووەوە سەدان کەسی خستوەتە زیندانەکانەوە.
لەدوای ڕاگەیاندنی پشتیوانی هەدەپە بۆ کلیچدارئۆغڵو، ئەردۆغان و لایەنگرانی کەوتنە بانگەشەی ئەوەی گوایە نەیارانی حکوومەتەکەی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان ڕێککەوتوون بۆلەناو بردنی تورکیا و دەستکەوتەکانی.
سەرۆکی ئیستای تورکیا چەند ڕۆژێک لەمەبەر لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا گوتی "ئەوان دەیانەوێت وڵات بکەنە دارستانێک بۆ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی کە هەوسارەکانیان بەدەست ئیمپریالیستەکانەوەیە."
گوتیشی "ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئێمە وەک حزبێک نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ تورکیا و گەلی تورکیا و دەستکەوتەکانی تورکیادایە".
کلیچدارئۆغڵو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە، گوتی "لەم ساڵانەی دواییدا هەرکات باسی هەڵبژاردن کراوە و کۆشکی سەرۆکایەتی هەستی کردوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕێت، تۆمەتەکانی وەک تیرۆریستبوونی بۆ کوردەکان دەست پێکردووە."
گوتیشی " ئەوەی زۆر دڵتەنگم دەکات ئەوەیە ئەو کەسەی ئەم زمانە بەکاردەهێنێت، لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دانیشتووە و ئەگەر هەر کەسێکی دیکە بەو شێوەیە قسە بکات، ڕەنگە وەک شتێکی نائاسایی سەیر نەکرێت، بەڵام دروست نییە کەسێک کە دەڵێت سەرۆکی 85 ملیۆن کەسم لەم وڵاتەدا، ئەم زمانە بەکاربهێنێت."
ڕاپرسیەکان دەریانخستووە کە کیلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی 6 پارتی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی تورکیا زۆرترین بەختی هەیە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا.
هاوکات ڕۆژی شەممە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە سەروبەندی هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە مزگەوتی ئایاسۆفیا لە ئەستەنبوڵ بوو بە بەرنوێژ و ئەمەش وەک لاساییکردنەوەی سوڵتانەکانی عوسمانی کە پێش ئەوەی سەربازەکانیان بنێرن بۆ بەرەکانی شەڕ، دەبوونە بەرنوێژی سەربازەکانیان.
ئەردۆغان ڕۆژی شەممە لە میانەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنیدا لە ئەستەنبوڵ، سەبارەت بە گۆڕینی ئایاسۆفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت گوتی "هەموو ڕۆژئاوا توڕە بوو، بەڵام من ئەو کارەم کرد”.
ئەو جارێکی دیکە نەیارەکانی بە لایەنگری کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی و هاوڕەگەزخوازەکان ناوبرد کە فەرمان لە پەکەکە وەردەگرن و لە لایەن ڕۆژئاواوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت.