قەدەغەکردنی پەخشی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا هەڵگیرا

ئەمڕۆ یەکشەممە قەدەغەکردنی پەخشی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە لایەن دەزگای باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە هەڵگیرا.

ئەحمەد یەنیر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەخت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کاتژمێر 6:30ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی ناوخۆیی تورکیا قەدەغەکردنەکەی هەڵوەشاندەوە.

ناوبراو نزیکەی 90 خولەک دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان لە کاتژمێر 5ی پاشنیوەڕۆ وتی دەنگدان بەبێ ڕووداو لە سەرانسەری وڵاتدا کۆتایی هات.

زیاتر لە 64.1 ملیۆن کەس ناویان تۆمارکراوە بۆ دەنگدان، لەنێویاندا زیاتر لە یەک ملیۆن و 76 هەزار کەس دەنگیان لە دەرەوەی وڵات و 4.9 ملیۆن کەس بۆ یەکەمجار دەنگیان داوە.

بە گشتی 191 هەزار و 885 سندوقی دەنگدان لە سەرانسەری وڵاتدا دانراون.

هەر دەنگدەرێک دوو دەنگدانی داوە، یەکێکیان بۆ سەرۆک کۆمار و ئەوی دیکەیان بۆ پەرلەمانتاران، هەردووکیان بۆ ماوەی پێنج ساڵە.
ژماردنەوەی دەنگەکان بۆ دیاریکردنی دەرئەنجامی کێبڕکێی سێ قۆڵی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن و سینان ئۆغان دەستیپێکردووە.

موحەرەم ئینجە کە یەکێکی دیکەیە لە پاڵێوراوانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە کشایەوە.

لە هەڵبژاردنەکاندا زیاتر لە 30 پارتی سیاسی و زیاتر لە 150 کاندیدی سەربەخۆی پەرلەمان ڕکابەرییان کرد.

پێنج بلۆکی فرە حزبی لە کاندیدکردنەکەدا بوون: هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی نەتەوە، هاوپەیمانی باوباپیران، هاوپەیمانی کرێکاری و ئازادی، هاوپەیمانی یەکێتی هێزە سۆسیالیستەکان.