کۆمپانیای تێسلای ئەمەریکایی بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەنگاوێکی نوێی ناوە بە دامەزراندنی ناوەندێکی نوێی بەرهەمهێنانی لیسیۆم کە بە وتەی خۆی پشتگیری لە بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل تا ساڵی 2025 دەکات.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، کاتێک کارگەکە لە ویلایەتی تەکساس، دەبێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری لیسیۆم لە ئەمەریکای باکوور. ئەم ئۆپەراسیۆنە تێسلا پاڵدەنێتە دەرەوەی کارە سەرەکییەکەی کە بریتییە لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی (EV).
پاترییەکانی لەسەر بنەمای لیسیۆم بەرهەمدێن و بەکاردەهێنرێن بۆ کارپێکردنی زۆربەی ئۆتۆمبێلەکانی (EV).
ئیلۆن ماسک، سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا لە ڕێوڕەسمێک بەم دواییە بۆ زەمینەسازی ڕایگەیاند، ناوەندی بەرهەمهێنان پێویستە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە بگاتە ئامانجەکانی فرۆشتنیEV.
ڕوونیشی کردەوە کە تەنها لە چەند ساڵی داهاتوودا پێشبینی دەکرێت دابینکردنی لیسیۆم لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی کەمییەکی گەورە ببێتەوە.
ماسک ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیای تێسلا ئامانجی ئەوەیە لە ساڵی داهاتوودا دروستکردنی ئەو کارگەیە تەواو بکات. پێشبینی دەکرێت دوای نزیکەی ساڵێک بگاتە بەرهەمی تەواوەتی.
ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی تێسلا تاکە کۆمپانیای گەورەی دروستکردنی ئۆتۆمبێل بێت لە ئەمریکای باکوور کە لیسیۆمی خۆی پاڵاوتە بکات. لە ئێستادا چین گەورەترین بەرهەمهێنەری زۆرێک لە کانزاکانە کە داواکاری لەسەرە، لەنێویاندا لیسیۆم.
گرێگ ئابۆت، فەرماندرای ویلایەتی تەکساس بەشداری لە ڕێورەسمەکەدا کرد. وتی "تەکساس دەیەوێت بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت، نەک پشت بە هیچ نەتەوەیەکی دوژمنکاری بیانی ببەستێت بەوەی پێویستمانە. ئێمە پێویستمان بە لیسیۆمە".
ماسک خەمڵاندنێکی وردی نەداوە کە ساڵانە کارگەکە چەند لیسیۆم بەرهەم دێنێت. بەڵام وتی تێسلا بەردەوام دەبێت لە کڕینی لیسیۆم لە دوو کۆمپانیای ئەمریکایی کە ئێستا بەکاریدەهێنن، ئەلبێمارل و لیڤێنت. ماسک ووتیشی" کەواتە ئەوە نییە کە تێسلا هەموو کارەکان ئەنجام بدات".
کۆمپانیای ئەلبێمارل بەنیازە ناەوندی بەرهەمهێنانی لیسیۆم لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور دروست بکات کە ئامانجیەتی ساڵانە 100 هەزار تۆن لەو پێکهاتەیە پاڵاوتە بکات. بڕیارە ساڵی داهاتوو بیناسازی لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەستپێبکات.
ماسک باسی لەوە نەکردووە کە تێسلا ئەو لیسیۆمە بەرهەمنهاتوە لە کوێوە دەستی دەکەوێت کە بە چڕبوونەوەی سپۆدومین ناسراوە. لە ئێستادا کۆمپانیاکە گرێبەستی دابینکردنی لەگەڵ کۆمپانیای پیدمۆنت لیسیۆم و کۆمپانیاکانی دیکە کردوە کە بنکەکەی لە کارۆلینای باکوورە.
تێسلا ڕایگەیاند، خۆیان لە پرۆسەی پاڵاوتنی باوی پیشەسازی لیسیۆم بەدوور دەگرن، کە پشت بە ترشی سولفوریک و پێکهاتە کیمیاییە بەهێزەکانی دیکە دەبەستێت. لەبری ئەوە کۆمپانیاکە پلانیان هەیە ئەو پێکاتانە بەکاربهێنن کە کەمتر زیان بە ژینگە دەگەیەنن، وەکو خۆڵەمێشی سۆدە.
ماسک وتی"دەتوانیت ڕاست لە ناوەڕاستی پاڵاوگەکەدا بژیت و تووشی هیچ کاریگەرییەکی زیانبەخش نەبیت. بۆیە ئەوە پرۆسەیەکی زۆر خاوێنە." بەڵام میدیا ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە هەندێک لە چالاکوانانی ژینگەیی نیگەرانی خۆیان لەسەر ناوەندی بەرهەمهێنانەکە دەربڕیوە.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز