کەمال کلیچدار ئۆغڵو ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو تانانەی هاوپەیمانێتی کۆماریی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داونی لە ئەنجامی سەدان سندوقی دەنگدان. داواش لە چاودێران دەکات سندوقەکانی دەنگدان و شوێنەکانی جیاکردنەوەی دەنگەکان جێنەهێڵن هەتا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان تەواو دەبێت.
کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، کەمال کلیچدار ئۆغڵو، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە لە وتارێکی کورتدا کە لەسەر تویتەرەکەشی بڵاویکردەوە، وتی هاوپەیمانێتی ئەردۆغان لە میانەی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا تانەیان داوە لە 300 سندوق لە ئەنکەرە و و 783 سندوق لە ئستەنبوڵ. دەڵێت لەو سندوقانە دەنگی زۆری هەیە. وتیشی سندوق هەیە 6 جار و سندوقیش هەیە 11 جار ناڕەزاییان لەسەر دەربڕیون.
کلیچدار ئۆغڵو هوشداری دا و وتی" ناهێڵین ئەم شتە بکرێتە ئەمری واقع."
داواشی لە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرێت.
وتیشی ئەمە کارێکی مەترسیدارە، وە داوا لە حکومەت دەکات بە زووترین کات ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکان ڕابگەیەنێت.
هەروەها وتی" دووبارەی دەکەمەوە، خواستی ئەم میللەتە ڕامەگرن. داوا لە پاسەوانانی دیموکراسی دەکەم مەیدانەکە چۆڵ نەکەن و سندوقەکانی دەنگدان و کۆمیتەکانی هەڵبژاردن جێنەهێڵن. ئێمە لێرە دەمێنیتەوە هەتا هەموو دەنگەکان هەژماردەدەکرێن."
بەپێی ئاژانسی ئانادۆڵوی نیمچە فەرمی تورکیا، بە جیاکردنەوەی 96% ی دەنگەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆماری 49.47% و کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت 44.88% و سـینان ئـۆغـان، کاندیدی هاوپەیمانێتی ئاتا 5.26%، ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
سەبارەت بە پەرلەمانیش، ئانادۆڵو دەڵێت بە جیاکردنەوەی 95% ی دەنگەکان، هاوپەیمانێتی کۆماری 49.51% و هاوپەیمانێتی میللەت 35.09% و هاوپەیمانێتی کار و ئازادی کە تیایدا چەپی سەوز پارتی سەرەکییە 10.32% ، ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
سەرچاوە / تویتەری کەمال کلیچدار ئۆغڵو، ئاژانسی ئانادۆڵو