ئامارە فەرمییەکان: بە جیاکردنەوەی زیاتر لە 99% ی دەنگەکان، پارتی چەپی سەوز 61 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە

Green Left Party

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی جیاکردنەوەی 99.86% دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، پارتی چەپی سەوز دەبێتە خاوەنی 61 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی نوێی تورکیادا.

ئامارەکان کە لە لایەن ئاژانسی ئانادوڵۆی تورکیاوە بڵاوکراونەوە، پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار زۆرترین کورسی بردووەتەوە و ژمارەیان 267 کورسییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پارتە 28 کورسی کەمکردووە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو کە 295 کورسی بەدەستهێنابوو.

جەهەپە، بە پلەی دووەم هاتووە و 169 کورسی بردووەتەوە، ئەمەش 23 کورسی زیاترە لە هەڵبژاردنەکەی پیشوو.

پارتی چەپی سەوز (YSP) کە شوێنی هەدەپەی گرتووەتەوە، پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە و 61 کورسی بردووەتەوە، واتە 6 کورسی کەمترە لە خولی پێشوو. ئەم پارتە کە لایەنگرانی بە پلەی یەکەم کوردن، زۆربەی دەنگەکانی بەدەستهێناون لە شار و شارۆچکە زۆرینە کوردەکان بووە لەگەڵ شاری ئستەنبوڵ.

مەهەپە لە پلەی چوارەمدایە و 50 کورسی بەدەستهێناوە، واتە 1 کورسی زیاتر لە هەڵبژاردنەکەی پێشوو.

پارتی باش (İYİ)، 44 کورسی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 1 کورسی زیاتر لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018 .

پارتی ڕەفای نوێ، کە لە مانگی یازدەی ساڵی 2018 وە دامەزراوە، 5 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.

پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) ، 4 کورسی بەدەستهێناوە، واتە ژمارەی کورسییەکانی وەکو هەڵبژاردنی پێشوو ماوەتەوە.

پەرلەمانی تورکیا 600 کورسی پێکهاتووە و هەر خولێکی پەرلەمان 5 ساڵە.

سەرچاوە/ ئاژانسی ئانادوڵۆ