ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا: هیچ کاندیدێک دەنگی پێویستی نەهێناوە

پاش جیاکردنەوەی زیاتر لە 98% ی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا، هیچ کام لە سێ کاندیدەکە زیاتر لە 50% ی دەنگەکانی بەدەستنەهێناوە هەتا بە براوەی هەڵبژاردنەکە دابنرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە و هەتا کاتژمێر 7 ی بەیانی بە کاتی ئەنکەرە ئەنجامی سەرەتایی 98.6% ی دەنگەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ڕاگەیەندرا. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆماری 49.34% و کەمال کلیچدار ئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت 45.00% و سـینان ئـۆغـان، کاندیدی هاوپەیمانێتی ئاتا 5.22%، ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەگەر بێت و هیچ کاندیدێک نەتوانێت زیاتر لە 50% ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت ئەوا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لە 28 ی مانگی پێنج بەڕێوەدەچێت و تەنیا ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێناوە بەشداری تیادا دەکەن، هەر کامیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت بە هەڵبژێردراو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دادەنرێت.

سەرچاوە / ئاژانسی ئانادوڵۆ