یەکەم دادگاییکردنی ژمارەیەک ڕۆژنامەوانی کورد لە ئانکەرە بەڕێوەچوو

دادگاییکردنی 12 ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا و ژننیوز بۆ یەکەمجار لە دادگای چوارهەمی تاوانە قورسەکانی ئانکەرە بەڕێوەچوو. لە یەکەم دادگاییکردنەکەدا 9 ڕۆژنامەنووس ئازادکران.

دوای ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە، پارێزەران ڕایانگەیاند کە ئەم دۆسیەیە هەر لە سەرەتاوە بەشێوەیەکی نایاسایی بەڕێوەچووە و پێویستە دۆسیەی خۆسپێرەکانیان بەتەواوی کۆتایی پێبهێنرێت.

بە تۆمەتی تیرۆر لە 25 دەی ساڵی 2022 دۆسێیەک لەلایەن داواکاری گشتی ئەنکەرە کرایەوە.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا، سەرنووسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، دیرەن یورتسەڤەر، پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا بێریڤان ئاڵتان، جەیلان شاهینلی، دەنیز نەزلیم، ئیمروڵا ئاجار، هاکان یالچین، سەلمان گوزەلیوز، زەمۆ ئەکسگۆز و مەهمەت گونهان و هەروەها پەیامنێرانی JINNEWS حەبیبە ئەرەن و ئۆزنور دەگەر دەستگیرکران.

10 لەو ڕۆژنامەوانانە لە زیندان مابوونەوە و دوانیان لە دەرەوەی زیندان بوون و لە 16 ی مانگدا دادگاییکردنی هەر 12 یان لە ئانکەرە دەستیپێکرد.

سەرۆکی داواکاری گشتی ئانکەرە ئەو ڕۆژنامەنووسە بە "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" تۆمەتبار دەکات. هۆکاری دادگاییکردنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە 129 هەواڵ وەک تاوان پیشان دراوە، لەوانەدا هەواڵ لەسەر بەفربارین و بارانبارینیش هەیە.

نوێنەری زۆرێک لە ڕێکخراوەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، وەک پەیامنێرانی بێسنوور (RSF)، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (DFG)، دامەزراوەی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی (IPI) و چەندین دامەزراوەی دیکە بەشداریان لە دادگاییەکەدا کرد.

لە کاتی دادگاییکردنەکەدا ڕۆژنامەنووسان ئۆزنور دەگەر و ئەمروڵا ئاجار بە زمانی کوردی بەرگریان لە خۆیان کرد.

ڕۆژنامەنووس زەمۆ ئەکسگۆز سەبارەت بە ئازادکردنی هاوڕێکانی و هەروەها دادگاییکردنەکەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەو ئۆپەراسیۆنەی بەسەر ئێمەدا کرا بەهۆی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەوە بوو. بەڵام لە ماوەی چەند مانگێکدا جارێکی تر 32 هاوپیشەمان دەستگیرکرانەوە. لەم دانیشتنەدا 9 هاوڕێمان ئازاد کران. ئەوەی لەم دادگاییەدا بینیم ئەوە بوو ئامانجیان زیاتر چالاکیی ڕۆژنامەوانی بوو نەک دادگاییکردنەکەمان. هیچ بەڵگەیەک لە فایلەکانماندا نەبوو کە دەستمان پێ بگات. ئێمە تەنها لەسەر هەواڵەکانمان دادگایی دەکرێین."

ئەو کەسانەی ئازاد کران بریتین لە دیرەن یورتسەڤەر، بێریڤان ئاڵتان، جەیلان شاهینلی، دەنیز نازلیم، ئەمروڵا ئاجار، هاکان یالچین، سەلمان گوزەلیوز، حەبیبە ئەرەن و ئۆزنور دەگەر.

دادگا بڕیاری ئازادکردنی 9 ڕۆژنامەنووسی دەرکرد و داگاییکردنی ئەوانەی تری بۆ 2 ی مانگی شەش دواخست.

شایانی بیرهێنانەوەیە کە تورکیا 165 هەمین وڵاتە لە ڕیزبەندی 180 وڵات لە لیستی ئازادی ڕۆژنامەگەری RFS ساڵی 2023. ڕێکخراوەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەڵێن تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین ڕۆژنامەنووسانی تیادا زیندانی دەکرێت.