فازڵ میرانی: هیچ ڕێگرییەک نییە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین

فازڵ میرانی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتووێژێکی تایبەتی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە لەسەر چەند پرسێکی گەرمی ڕۆژی هەرێمی کوردستان .


دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ

گرژی و ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی مانگی ڕابردوو گەیشتە لوتکە، کە بەشێک لە خەڵکی باسی ئەگەری دووبارە بوونەوەی شەڕی ناوخۆ یاخود ڕاگەیاندنی دوو ئیدارەییان دەکرد.

بەڵام لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو بۆچونە دەڵێت" بەداخەوە ئەوانەی باسی شەڕی ناوخۆییان دەکرد ئەگەر خوانەکات شەڕیش بقەومێت شەڕ ناکەن، ئەوانە شەڕەنگێزن، بەڵام شەڕکەر نین."

میرانی وتیشی پێشمەرگەی ئەمڕۆی کوردستان بە هەردوولاوە شەڕی ناوخۆ قبوڵ ناکەن. دەڵێت خۆشبەختانە هەستی نەتەوایەتی و هەستکردن بە دۆخی کوردستان و هەروەها مەترسی لە بەرامبەر کەوتنە ژێر فشاری دەوروبەر، وەهای لە پێشمەرگە کردووە بیر لە شەڕی ناوخۆیی نەکەنەوە.


بنەمای دەستپێشخەرییەکەی بارزانی

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی دەستپێشخەری ئاشتی بۆ لایەنە سیاسییەکان و پارتی و یەکێتی ڕاگەیاند، ئەمەش پاش ئەوەی لە حەوت مانگی ڕابردوو گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گەیشتنە لوتکە.

میرانی سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی دەڵێت" پێش ماوەیەک وەک سەرکردایەتی پارتی بە جەنابی سەرۆکمان وت کە دەستپێشخەری بکات لە مانگی ڕەمەزان و لە جەژنیشدا، ئەویش فەرمووی جارێ مەجالم بدەنێ با دراسەی بارودۆخەکە بکەم پێی خۆش بوو، بەڵام بیری لە بۆنەیەک دەکردەوە."

وتیشی مەسعود بارزانی کردنەوەی مۆزخانەی موستەفا بارزانی کە زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق تیایدا ئامادەبوون بە گونجاوترین بۆنە زانی بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەستپێشخەریەکەی مەسعود بارزانی تاکە ئاو بوو کە کرا بە ئاگری نێوان پارتی و یەکێتیدا؟



فازڵ میرانی وتی"من ناڵێم تاکە ئاو بوو، بەڵام ئاوێک بوو کاریگەری هەبوو."

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد زۆر وڵات و لایەن ئامۆژگاری هەردوو پارتی دەسەڵاتداریان کردووە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. وتی" زۆر لە دۆستانی کورد لە عێراق، عەرەب، ئێران، وڵاتانی تر، کورد، غەیری کورد، دەوڵەتە بیانییەکان، یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دۆستەکانی ئێمە هەمیشە ئامۆژگاری ئێمە دەکەن و دەڵێن ئێوە یەکبن باشترە، ئەگەر ئێوە یەکبن دەتوانین زیاتر یارمەتیتان بدەین."



ئەمەریکا لەکوێی خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدایە؟

پێشتر بەشێک لە میدیا لۆکاڵییەکان لە زاری سەرچاوەکانی خۆیانەوە بڵاوییان کردەوە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هۆتێل ڕۆتانا لەگەڵ شاندێکی پارتی کە پێکهاتبوو لە نێچیرڤان بارزانی و فازڵ میرانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبۆتەوە و پەیامی هۆشداری ئەمەریکای بە هەردوو حزبەکە داوە.

فازڵ میرانی ڕەتیکردەوە کۆبوونەوەی لەو جۆرە کرابێت و وتی"یەکەم کاک قوباد لە وێ نەبوو، وە من لە دوورەوە مەرحەبای وەکیل وەزیری دەرەوەی ئەمەریکام کردووە و بینیم کە وتارەکەی خوێندەوە و لە پاش ئەوە من بۆنەکەم بەجێهێشت، بەڵام هیچ کۆبوونەوەمان نەکردووە."
بەڵام ئەو دەنگۆیانەی ڕەت نەکردەوە کە باس لە ڕۆڵی ئەمەریکا دەکەن و وتی "دەگوترێت ڕۆڵی دەرەکی هەبووە، وەکو وەکیل وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بەڵام چەندی ڕاستە و چەندی ڕاست نییە؟"

وتیشی ئەمەریکا هەر لە سەردەمی مادلین ئۆلبرایت، وەزیری پێشووتری ئەمەریکاوە ڕۆڵی بەردەوامی هەبووە لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، وتی" ئەم بەردەوامییە بە ڕاستی لە چاکەی ئەوانە ئەگەر لەبەر چاوی ڕەشی ئێمەش نەبێت، بەڵام بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمانە. "


" بۆچی دەبێت ئەمەریکا هەڕەشەمان لێبکات؟!"

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمەریکا هەڕەشەی لە پارتی و یەکێتی کردبێت. وتی ئەو جۆرە دەنگۆیانە هی ڕۆژنامەیەکە یان هی کەسێکە کە سوود لەوە دەبینێت. دەشڵێت پاشان ئەمەریکا بۆچی هەڕەشە بکات؟. پارتی و یەکێتی نە سوریایە و نە عێراقە و نە ئەفغانستانە.
بەڵام وتی ئەگەر ئەمەریکا فشار بخاتە سەر پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، مانای ئەوە نییە هەڕەشە دەکات، بەڵکو فشارێکە لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتیدایە.



"هیچ ڕێگرییەک نییە هەڵبژاردن بکرێت ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین. "

ڕۆژی سێشەممە بەشێک لە سەرکردایەتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە، دواتر لە بەیاننامەیەکدا جەختییان لەسەر بەردەوامی گفتوگۆکانیان کردەوە. "

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت" من ئێستاش دەڵێم، نیەتی دروستکردنی کۆبوونەوە نیەتی داڕشتنی بەلاغەکە لە شوێنی خۆی بێت، بەڵام نیەتی پەیڕەوکردنی ناوەڕۆکی بەلاغەکە گرنگە. "

فازڵ میرانی ئەوەشی وت"من دەڵێم پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ ڕێگرییەک نییە لە بەردەم هەڵبژاردن، ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین. "

(18ی مانگ)..

مەسعود بارزانی لە میانەی وتارەکەیدا لە کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی ئاماژەی بەوە کرد" پێویستە پارتی و یەکێتی هەتا 18ی ئەم مانگە ڕێکبکەون.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی 18ی مانگ؟

فازڵ میرانی وتی" ڕەنگە بۆ ئەوە بێت کە شەش مانگ بمێنێتەوە لە پێش کۆمیسیۆن کە بتوانێت لە 18ی مانگی یازدەی 2023 هەڵبژاردن بکرێت، ئەگەرنا "جەنابی سەرۆک بارزانی" مەبەستێکی دیاریکراوی بۆ 18 ی مانگ نەبووە، وە زیاتر هاندانی پارتی و یەکێتی بوو کە زووتر کۆبوونەوە بکەن. "

ڕێککەوتننامەیەکی تری ستراتیژی

لە دوای ڕێککەوتننامەی واشنتن لە نێوان پارتی و یەکێتی، ئەو دوو حزبە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوانییان واژۆ کرد.

دەنگی ئەمەریکا لە فازڵ میرانی پرسی، ئایا پارتی و یەکێتی بە نیازن ڕێککەوتنامەیەکی ستراتیژی واژوو بکەن؟

لە وەڵامدا میرانی وتی" هیچ ڕێگرییەک نابێت، وە بەرژەوەندی کوردستانیشی تێدایە، ئێمە پێش ساڵی نەوەدەکان شەڕی خراپترمان کردبوو ڕێککەوتنامەی ستراتیژیمان کرد من حەزدەکەم کەسێکی بێلایەن بێت، بڵێت پارتی و یەکێتی زیانیان لەم ڕێککەوتنامە ستراتیژییە کردووە هەر بەو ڕێککەوتنامە ستراتیژییە (مام جەلال) بووە بە سەرۆک کۆمار و جەنابی سەرۆک بارزانی بووە سەرۆکی هەرێم و وەزارەتەکانمان هاوبەش کردەوە. "

وتیش" بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێمە هەر شتە نەرێنییەکان دەبینن، بەڵام ئەم دامەزراوەی کە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات لە 4ی مانگی حەوتی ساڵی 1992 وە کە یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم دامەزرا هەتا ئێستا بە دوو ئیدارەییشەوە هەڵبەتە ئیشی باشکراوه،‌ بەڵام لە پاڵ ئەوە ئیش هەیە نەکراون. "

فازڵ میرانی ئەوەشی وت"‌ بە بۆچوونی ئێمە قازانجێکی زۆر لەو ڕێککەوتنامەیە ستراتیژیە دەکەین کوردستان سەقامیگیری بەخۆوە بینیووە. "

بە وتەی فازڵ میرانی"بۆ داهاتوو ڕێککەوتنی ستراتیژی لەسەر سێ شتە، یەکەم سوودی میللەت و وڵاتەکە دووەم سوودی هەردوولا لە ڕێککەوتنەکە هەم پارتی و هەم یەکێتی"

وتیشی" کەواتە هەرسێ هۆکار هاندەرە ڕێککەوتنێک بکرێتەوە، بەڵام دۆخی ئێستا و دۆخی ئەوسا لە یەکتری جیاوازە لەدوای هەڵبژاردن و پەیڕەوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن زەمینەسازییەکە بۆ ڕێککەوتنێکی تازە. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەگەر ڕێککەوتنی ستراتیژی بکرێت هەر لە نێوان پارتی و یەکێتی دەبێت یان لایەنەکانی تر؟

لە وەڵامدا فازڵ میرانی وتی"بە بۆچوونی ئێمە ڕێککەوتنێکی فراوانتر بێت خەڵکی تری تێدا بێت باشترە، هەر کاتێک پارتی و یەکێتی لە یەکتری نزیک بوونەوە پێکەوە کاریان کردووە و زۆربەی زۆری کات هێزەکانی کوردستان هاوکاربوون یان بوونە هاوبەش. "

هەروەها ئەوەشی وت" نزیکبوونەوەی ئێمە و یەکێتی زەمینەسازی دەکات بۆ هێزەکانی تر کە لەهەردوولامان نزیک ببینەوە دوورکەوتنەوەی ئێمە لە یەکتری هێزە سیاسیەکانی تر دەکەونە دڵەڕاوکێ نازانن لەگەڵ کام نزیک بن و لەگەڵ کام دووربکەونەوە لەبەر ئەوەی زۆرینەیان بێدەنگی یان بێلایەنی هەڵدەبژێرن. "


خاڵی ئێستای ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی

سەبارەت بە خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لە ئێستادا، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی" بەدڵنیاییەوە خاڵی ناکۆک هەیە، بۆیە دوو حزب هەیە ئەگەرنا دەبوونە یەک حزب، ڕەنگە لە مەسەلەی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر یان عێراق بێت یان لەسەر مەسەلەی داهات و شێوەی حوکمڕانییەکەی بێت ئەمانە هەمووی لە هاوبەشدا دێنەوە پێش. "

دەربارەی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، فازڵ میرانی وتی" ئەگەر ئەوان ڕێکبکەون من دڵنیام پارتی و یەکێتی پاڵپشتی هەردووکیان دەکەن. "

میرانی وتیشی" سەبارەت بە ئێمە 100% پشتیوانی لە کاک مەسرور دەکەین لەگەڵ هەر شتێک ڕێککەوتبێت ئێمە پشتگیری سەرۆک وەزیرانی خۆمان دەکەین. "

مامەڵە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی؟

سەبارەت بە مامەڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لاهوڕ شێخ جەنگی، بە تایبەت لە دوای ڕێککەوتنی هەردوولایان؟

فازڵ میرانی وتی"من پێموایە ئێمە دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی یەکێتی نەکەین باشترە ئێمەش پێمان خۆش نییە، کەسێک دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێمە بکات ئەوە مەسەلەیەکی ناوخۆی یەکێتیە. ئەگەر بەیانی ئاشت ببنەوە ئێمە نابینە ڕێگر، حەزدەکەین هۆکارێکی خێر بین، ئێمە خۆمان ناچینە ناو ئەو (مەعمەعەیە)وە. "


هەروەها سەبارەت بەوەی ئێوە ئامادەبن پێشوازی لە لاهور جەنگی بکەن وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی‌؟

فازڵ میرانی وتی" (سابق لأوانه) وەکو عەرەب دەڵێت، ئێمە لایەنگری هیچ لایەک نابین دژی ئەوی تر پێمان باشە لەتکردن لەناو حزبی کوردستانیدا نەبێت، چونکە ئەنجامی نەرێنی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگا. "

هەروەها سەبارەت بەوەی لە دوای ڕێککەوتنتان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو سەرکردە و کەسی دەزگا ئەمنیەکانی ناو یەکێتی دەکەن کە هاتوون بۆ ناو هەولێر؟

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی" دەزگای ئەمنی حکومەییە، بە ڕای من پارتی و یەکێتی دەستێوەردان نەکەن، بەڵکو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەجێی بهێڵن باشترە. "

دەربارەی دەنگۆی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ لەلایەن لیژنەیەکی پارتی و یەکێتی؟

فازڵ میرانی وتی لیژنەکە حکومییە هی پارتی و یەکێتی نییە، وە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دانراوە و وەزیری دارای خۆی ئاگاداری بڕیارەکە و هەرچی شتێکیش بکرێت بەبێ وەزارەتی دارایی ناکرێت. "

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ فازڵ میرانی