ژمارەیەک لە زانایانی ئایینی هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕاگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوایان لە خەڵکی تورکیا کرد دەنگ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بدەن تاوەکو جارێکی دیکە بە سەرۆکی وڵات هەڵببژێرنەوە. دکتۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، یەکێک بوو لەو زانایانە.
دکتۆر قەرەداغی لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لەم بارەیەوە سەرنج و تێبینییەکانی خۆی خستە ڕوو و لەگەڵیدا وتی "بەر لە هەموو شتێک هەڵبژاردن یان وەستان لەگەڵ کەسایەتییەک و کاندیدێک کارێکی ئیجتهادییە، بۆیە پێویست ناکات کەس عاجزبێت."
هۆکارەکانی پشتگیریکردن لە ئەردۆغان
دکتۆر قەرەداغی سەبارەت بە بەیاننامەکەیان دەڵێت "لەو بەیاننامەیدا داوامان کرد کە گەلی تورک یارمەتیدەر بێت بۆ تازەکردنەوە و هەڵبژاردنی سەرۆک ئەردۆغان، هۆکارە دەگەڕێتەوە بۆ چەند شتێک یەکەم لە ئێستادا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو دەزانرێت زۆر لە ناڕەحەتی و فەوزایەکی زۆر ناخۆشدایە لەوانە سوریا، عێراق، لوبنان، یەمەن تەنانەت میسریش، ئێمە وەکو چەند زانایەک کە شارەزاییمان هەیە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە حەز ناکەین جارێکی تر ئەو سەقامگیریە تێکبچێت لە تورکیا، واتە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و فەوزایەکی گەورە بۆ ناوچەکە دروست نەبێت."
د. عەلی قەرەداغی ئاماژەی بە هۆکاری دووەمی پشتگیرییان لە ئەردۆغان کرد بۆ سەرۆکایەتی تورکیا و وتی" بەداخەوە دەڵێم ئۆپۆزیسیۆن بەرنامەکەیان چەند کێشەیەکی گەورەی تێدا بوو، ئەو کێشانە بەلای ئێمەوە لائەخلاقییە، و بەلای دامەزراوەی دیموکراسیەوە کە یەکێک لە بەرنامەکەیان دەرکردنی ئاوارەکانی سوریا بوو لە تورکیا و بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان ئەمە بە ڕاستی بەلای ئێمەوە شتێکی جوان نەبوو، دەبووایە ئۆپۆزیسیۆن ئەو کارەی نەخستایەتە بەرنامەی خۆیەوە ئەمە هۆیەکی زۆر گرنگ بوو."
قەرەداغی وتیشی" سەبارەت بە ئێمەی موسڵمان و زانایان لەکاتێکدا ئێمە دەبینین 5-6 ملیۆن خەڵکی ئاوارە لە تورکیا هەن. باسکردنی ئەم بابەتە بەلامانەوە شتێکی باش نەبوو، دووەمیش ئێمەی زانایانی موسڵمانین و موسڵمانیش حەز ناکات خەڵکێکی تر بە ئاشکرا دژی دینەکە قسە بکات بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی (کلیچدار) بەئاشکرا تەبەنی- بانگەشەی ئەوەی دەکرد دژی ئاینی بەرزی ئیسلام و شارستانێتی ئەو وڵاتەیە کە چەند ساڵە لەگەڵیدا دەژی بە تەواوەتی بەرنامەکە بەشێک بوو لەوە."
د. عەلی قەرەداغی ئەوەشی وت" لە هۆکارەکان ئەوەیە کە زانایان بە واجبی دەزانن بەرگری بکەن لە کاری خۆیان، وەکو دەزانرێت حزبی کۆماری مێژوویەکی باشی لەگەڵ کوردا باش نییە هەر لە سەردەمی ئەتاتورکەوە هەتا ئێستا تەبەنی- بانگەشەی ئەوە ناکەن کە کورد مافی خۆی هەبێت لەگەڵ ئەمەشدا ئۆپۆزیسیۆنی چەپی کوردی کە قبوڵیان نەکردن لەسەر مێزەکەش دابنیشن کەچی بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە داوایان دەکرد کورد دەنگی خۆی بدات به کليچدار ، ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی زانایانی موسوڵمان هەڵوێستێکیان هەبێت کە پێی دەوترێت هەڵوێستێکی دینی و ئینسانی و ئەخلاقی و نیشتمانی، من وادەزانم بابەتەکە هەر ئەوەیە."
پاشان بە پوختی هۆکارەکانی خستە ڕوو و تی بریتین لە سەقامگیری، هەڵوێستی ئەخلاقی بەرامبەر بە ئاوارەکان، بابەتەکانی پەیوەست بە ئایین و بیروباوەڕ .
"تەحەدا دەکەم"
دکتۆر قەرەداغی لە قەسەکانیدا ڕەتیکردەوە هیچ بەرەژەوەندییەکی تایبەتی خۆی هەبێت لە پشتیوانیکردتی لە ئەردۆغان.
وتی" من وەکو دکتۆر عەلی قەرەداغی تەحەدا دەکەم کەسێک بتوانێت پێم بڵێت بەرژەوەندی کەسی یان ئابوریم لەگەڵ ئەردۆغان و غەیری ئەردۆغان هەبێت. سوپاس بۆ خوا هیچ بەرژەوەندیم لەگەڵ کەسیاندا نییە و موحتاجیش نیم."
"بۆ کورد ئەردۆغان لە کلیچدار باشتره"
لە دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە، لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیەکی زۆر گیرا لە هەر یەک لە د. عەلی قەرەداغی و د. سەید ئەحمەد پێنجوێنی، بەرپرسی زانایانی ئایینی موسڵمان لە هەرێم کوردستان کە ئەویش یەکێک بوو لەو 66 زانا ئایینییەی بەیاننامەکەیان واژوکردبوو.
د. عەلی قەرەداغی لە وتووێژەکەی لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە و وتی ئەوان بەراورد دەکەن لە نێوان ئەردۆغان و کلیچدار، تەنانەت بۆ مەسەلەی کورد، هەرچەندە لە سەردەمی ئەردۆغان تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکە و پەیەدە هەیە، بەڵام "ئەگەر بەراوردێک بکەیت لە نێوان جەهەپە کە مێژووی لەگەڵ کوردا مێژوویەکی بەلای کەمەوە ڕێکوپێک نەبووە، لەگەڵ ئەردۆغان بە ڕای ئێمە بۆ کورد ئەردۆغان باشتر بووە و باشتریش دەبێت لە کلیچدار."
قەرەداغی نمونەی بە سەردەمی حزبی کۆماری هێنایەوە و وتی" لە سەردەمی حزبی کۆماری و ئەتاتورک بە هیچ شێوەک داننەنراوە بەوەی کورد هەیە و بە کوردیان دەوت (أتراک الجبل) واتە تورکی شاخەکان و زمانی کوردی قەدەغەکراوبوو من خۆم ئەگەر کتێبێم پێبوایە تیایدا نووسرابێت کوردستان ئەو کتێبەیان قەدەغە دەکرد. ئەمەیە مێژووی حزبی کۆماری. بەڵام ئێستا و لە سەردەمی ئەردۆغان زمان و قوتابخانەی کوردی هەیە، تەلەفزیۆنی کوردی هەیه."
"ئەگەر هەدەپە هاوکاری ئەردۆغانی بکردایە، شتی باشتر دەکرا بۆ کورد"
بە بڕوای د. عەلی قەرەداغی ئەگەر هەدەپە هاوکاری ئەردۆغانی بکردایە ئەوا شتی باشتر بۆ کورد دەکرا.
قەرەداغی وتی"پێموایە ئەگەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هاوکاری بکردایە و ئایدۆلۆژیەتەکە ڕێگری نەکردایە و ئەگەر بەرژەوەندی گەلی کوردی بویستایە، زیاتر شتی باشتر دەکرا بۆ کوردستان و گەلی کورد."
" ئاکەپە بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد باشترە"
د. عەلی قەرەداغی زیاتر ڕوونیکردەوە و وتی ئەوان کە دەڵێن ئاکەپە لە جەهەپە باشترە، بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردە، چونکە جەهەپە بە هیچ شێوەیەک دانی نەناوە بە کوردی تورکیا و بە کوردستان و بە زمانی کوردی، بەڵام ئاکەپە دەکرێت بە لایەنی کەم لە ڕووی ئیسلامەتییەوە قەناعەتی پێبکرێت بۆ بەدەستهێنانی داوای زیاتر.
" بەشدار بووم لەوەی هەتا ڕادەیەک ئاشتەوایی بکرێت لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیادا"
ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ئەوەشی وت" من بەشدار بووم لەوەی هەتا ڕادەیەک ئاشتەوایی بکرێت لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا، بەڵام بە داخەوە لەبەر چەند هۆیەک ئەوە نەگونجا و نەگەیشتەسەر، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی لە نێوانیاندا شەڕ ڕوویدا، هەرچەند ماوەی 4-5 ساڵ ڕێککەوتنێک لە نێوان پەکەکە و حکومەتدا هەبوو و هەتا ڕادەیەک چەند هەنگاوێک نرا، بەڵام بەداخەوە بەردەوام نەبوو و نەگەیشتە ئەنجام."
د. عەلی قەرەداغی وتیشی"سەبارەت بە پەیەدە پێش چەند ساڵ ئەوان لە کوردستانی عێراق بوونیان هەبوو لەگەڵ حزبەکانی تری سوریا، نزیکەی دوانزە حزب، من دەتوانم بڵێم کە هەوڵدرا لەلایەنی سەکردایەتی کوردی چ مام جەلال چ کاک مەسعود کە ئەمانە کۆبکەنەوە و کارێک بکەن و جۆرە ڕێککەوتنێک ڕێکبخرێت لە نێوان پەیەدە و حکومەتی تورکیا. تەنانەت ئەحمەد داود ئۆغڵو ئەو کات وەزیری دەرەوە بوو کۆبوویەوە لەگەڵ بەرپرسێکی گەورەی پەیەدە، ڕێککەوتنێک کرا و کاک مەسعود خۆیشی هەوڵی دا لەسەر بنەمای ئەوەی ئەوان 50% حوکمیان هەبێت و 50% ی تر بدرێت بە دوانزە حزبەکەی تر بە تایبەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی لەگەڵ ئەو حزبەی ئەو کاتە سەر بە مام جەلال بوو، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەچووە سەر، ئەگەر سەریبگرتایە ئەو کاتە جۆرە پەیوەندییەک دروستدەکرا لە نێوان پەیەدە و حکومەتی تورکی بۆ ئەوەی کە بەرژەوەندی گەلی کورد بپارێزرێت لە سوریا و لە هەمان کاتیشدا تورکیا مافی خۆیەتی داوابکات بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت لە سنوورەکاندا."
" عەفرین و هەرێمی کوردستان لە سەردەمی ئەردۆغان"
کەم نین ئەو کوردانەی باس لەوە دەکەن کە لە سەردەمی ئەردۆغاندا عەفرین داگیر کرا ، وە هەرێمی کوردستانیش ڕۆژانە بۆردومان دەکرێت.
د. عەلی قەرەداغی دەڵێت" بێگومان ئێمە لەگەڵ هیچ زوڵمێکدا نین، ئەمە شتێکی جیاوازە، مەسەلەی ئەوەی ئێمە کە لە هەڵبژاردندا بەلامانەوە ئەم کەسە باشترە لەو کەسەی تر بۆ کورد و بۆ موسڵمانان ئەمە کارێکی تره."
بەشێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چەندین جار لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤییان کردووە لە عەفرین و ئەو ناوچانەی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە دەستیان بەسەردا گیراوە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئێوە هەوڵتانداوە بچنە عەفرین بۆ بەدواداچوون لەو ڕاپۆرتانە؟
د. عەلی قەرەداغی وتی" ئێمە وەکو کەس و وەکو یەکێتی زانایان دوو وەفدمان نارد لەکاتی ڕوودانی بومەلەرزەکەدا، وەفدێکیان لەپێشدا چوو بوو بۆ لایەنی یارمەتی و خەیری دابەشکرد و دواتر خۆمان هاتینە جەندەریس و ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب و زۆر شوێنی تر گەڕاین، وە ئێستا بڕیارمانداوە نزیکەی 500 بۆ 600 ماڵ ئاوەدان بکەینەوە کە خاوەندارێتیان دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی ناوچەکە کە زۆربەیان کوردن و عەرەبن، وە زۆربەشیان کوردن بە تایبەتی جەندەریس. لەبەر ئەوە ئێمە یارمەتیدەرین بۆ جێگیر کردنی ئەو کوردانە لە عەفرین و هەروەها لە جەندەریس. بە نیازیشین وەکو لایەنەکانی بەهاناچوون کە سەر بە ئێمەن ئینشائەڵا یارمەتیدەر بین بۆ خزمەتی ئەو ناوچەیە."
د. عەلی قەرەداغی ئەوەشی وت"ئێمە لەو کاتە کارەکەمان ئەوە بوو کە چۆن خزمەتیان بکەین. ئێمە (ڕابیتەی مرۆیی) کە دامەزراوەیەکە ئێمە پێش 35 ساڵ دروستمان کردووە، ئەوەش ڕۆڵێکی زۆری هەبووە لە کوردستانی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوە و بۆ یارمەتیدانی ئەو برایانە لەوێ. ئێمە کە چووین خەڵک هەمووی سەرقاڵ بوو بە مەسەلەی گرفتی بوومەلەرزەوە لەبەر ئەوە کات نەبوو باسی شتی تر بکەین."
هەروەها وتی" بەنیازم جارێکی تریش بڕۆین و زیاتر یارمەتیدەر بین بۆ ئەو برا کوردانەمان لە سوریا. ئێمە هەم خێرخوازین و هەم خاوەنی عیلمین، دەمانەوێت خزمەتگوزار بین بۆ هەموو موسوڵمانان و بە تایبەتی گەلی کوردیش."
تەواوی وتووێژەکە لەو فایلە دەنگییەی خوارەوەدایە.
Your browser doesn’t support HTML5