دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی سێ خۆپیشاندەری گەنج جێبەجێ دەکات

سەرەڕای داواکارییەکی زۆری خەڵکی نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی سێ گەنجی ئێران، دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هەر سێ لاوەکەی لەسێدارەداوە.

ماڵپەڕی میزان کە ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە، ڕایگەیاندوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 19ی مانگی پێنج، لەسێدارەدانی ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقووبی جێبەجێ کراوە.

میرهاشمی،کازمی و یەعقووبی لە دۆسیەیەکدا لە ژێر ناوی 'خانەی ئەسفەهان' بە کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج و ئەفسەرێکی پۆلیس تۆمەتبار کرابوون، ئەمەش لە دۆخێکدا کە هەر سێ تۆمەتبارەکە و بنەماڵەکانیان چەندین جار تۆمەتەکانیان ڕەتکردبووەوە و هەروەها هەر سێ تۆمەتبارەکە ڕایانگەیاندبوو کە لە ژێر ئەشکەنجەیەکی زۆردا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی تەلەفزیۆنی کراون.

دەسەڵاتی دادوەری ئێران پێشتر دەستبەسەرکردن و دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو سێ کەسە لە پەیوەند بە کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج بە ناوەکانی موحسین حەمیدی و محەمەد کەریمی و ئەندامێکی هێزەکانی یەکەی تایبەت بە ناوی ئیسماعیل چراغی لە میانی خۆپیشاندانەکانی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکێکی شاری ئەسفەهان، ڕاگەیاندبوو.

سزای لەسێدارەدانی ئەو سێ گەنجەی شاری ئەسفەهان لە کاتێکدا جێبەجێکراوە کە کۆمەڵێک پارێزەر و یاساناس لە نامەیەکدا لە 15ی ئەم مانگە جەختیان لەوە کردەوە کە پرۆسەی لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەو سێ کەسە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەنجامدراوە و لە هیچ کام لە پڕۆسەکاندا، پێوەرەکانی ڕێوشوێنی دادپەروەرانە ڕەچاو نەکراون.

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەسفەهان ڕۆژی چوارشەممە وپێنج شەممە بۆ پێشگرتن لە لەسێدارەدانی ئەو سێ کەسە لەبەردەم زیندانی ناوەندیی ئیسفەهان کۆبوونەوە، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە.

لەسێدارەدانی ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقووبی بووەتە جێگای ڕەخنەی توندی خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ.

هانا نیومەن، نوێنەری ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەوروپا بە بڵاوکردنەوەی تویتێک داوای کاردانەوەی جددی وڵاتانی جیهان کرد.
نیومەن نووسیویەتی "ئەوان لە سێدارە دران، هەر سێیان، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی بەردەم زیندان و سەرانسەری جیهان."
ئەو دەشڵێت دانوستانە ناوکییەکان ڕابگرن و ناکرێت پەیوەندییەکی ئاسایتان لەگەڵ ڕژێمێک هەبێت کە گەنجەکانی خۆی دەکوژیت و داوا لە جیهانیش دەکات کە بەئاگا بێتەوە و سوپا بخەنە لیستی تیرۆرەوە.

هەروەها نۆربێرت ڕۆتگن، نوێنەری حیزبی دێموکراتی مەسیحی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی دۆسیەی خانەی ئەسفەهان نووسیویەتی "مەجید کازمی، ساڵح میرهاشمی و سەعید یعقووبی لەسێدارە دران. کەس نازانێت دەکرا ڕزگاریان بێت یان نا، بەڵام ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا تەنانەت هیچ هەوڵێکیان بەو مەبەستە نەدا."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی لەسێدارەدانەکان دەکات و خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرامبەر بە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێران.

ئەو ڕێکخراوەیە لەسەر لەسێدارەدانی ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقووبی بە تۆمەتی 'موحاربە' نووسیویەتی کە دۆسیەکانیان پڕ بووە لە کەموکوڕی و ناڕوونی و تەنها لەسەر بنەمای دانپێدانان لە ژێر ئەشکەنجەدان بووە.

ڕۆژی پێش لەسێدارەدانی ئەو سێ گەنجەی ئەسفەهان، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕۆژی پێنجشەممە ئاماژەی بە سزای لەسێدارەدانەکانی ئەو سێ تۆمەتبارە کرد و گوتی "لەسێدارەدانی ئەو کەسانە دوای ئەوەی کە دادگاییکردنەکەیان بە شێوەیەکی ڕوون بە دادگاییکردنی ساختە ناسراوە، سووکایەتیکردن دەبێت بە مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ لە ئێران و جیهانیشدا."

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سزای لەسێدارەدانی ئەو تۆمەتبارانەی بە تۆڵەسەندنەوەیەکی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی لە دژی خۆپیشاندەران ناوبرد و داوای کاردانەوەی بوێرانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانیان کرد.