ڕێبەرانی وڵاتانی گرووپی حەوت نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە پەرەسەندنی بەرنامە ناوکییەکانی ئێران دەردەبڕن

سەرکردەکانی وڵاتانی 'گرووپی حەوت'(G7) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە ڕەشنووسەکەی کەوتووەتە دەست ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، نیگەرانی لەڕادەبەری خۆیان لە بەردەوامی پەرەسەندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەربڕیوە.

لە ڕەشنووسی بەیاننامەکەی سەرکردەکانی گرووپی حەوت کە لە شاری هێرۆشیمای ژاپۆن کۆبوونەتەوە، نووسراوە "ئێمە جەخت لەسەر ئیرادەی ڕوون و ئاشکرای خۆمان دەکەینەوە کە ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت."

لەڕەشنووسی ئەو بەیاننامەیەدا هەروەها سەردکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت، نیگەرانییەکی زۆریان لە بەردەوامیی چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ئێران، لەوانە گواستنەوەی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ودابینکردنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بۆ لایەنە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانەوە دەربڕیوە.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ئەو بەیاننامەیە بە شێوەی فەرمی بڵاوبکرێتەوە.

49هەمین کۆبوونەوەی گروپی وڵاتانی حەوت لە ڕۆژی هەینی 19ی ئەم مانگە تا یەکشەممە 21ی مانگی پێنچ لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز