لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا سەرکۆنەی لەسێدارەدانەکان دەکات لە ئێران

باب مێنێندێز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا

لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا بەرامبەر بە لەسێدارەدانی سێ تۆمەتباری دۆسیەی 'خانەی ئەسفەهان' لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کاردانەوەی نیشان دا.

لە تویتەکەدا هاتووە "پێویستە جیهان لە لەسێدارەدانی مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە توڕە بێت. حکومەتی ئێران ڕەنگە وا بیر بکاتەوە کە جیهان چاوی لێناکات کاتێک خەڵک دەترسێنێت بۆ ئەوەی بێدەنگیان بکات. پێویستە هەموومان پشتیوانی ئەو کەسانە بین کە لە پاڵ خەڵکی ئێران لە دژی ئەم بەربەرییە وەستاون."

لەسێدارەدانی ئەو سێ خۆپیشاندەرە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی شەپۆلێکی شەرمەزارکردنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاش بە توندترین شێوە لەسێدارەدانی ئەو سێ تۆمەتبارەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران دەستبەسەر کرابوون، سەرکۆنەیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جارێکی دیکە داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە لەسێدارەدانەکان و دادگاییکردنی نمایشی ڕابگرن و پابەندبن بە مافەکانی مرۆڤەوە و لە هەمان کاتدا ڕایگەیاندووە کە "بەداخەوە چاوەڕوان ناکرێت حکومەتی ئێران ڕەفتارەکانی بگۆڕێت."

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ کوژرانی دوو چەکداری بەسیج بە ناوەکانی موحسین حەمیدی و محەمەد کەریمی و ئەندامێکی هێزەکانی یەکەی تایبەت بە ناوی ئیسماعیل چراغی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یازدەی سالی ڕابردوو لە گەڕەکی خانەی ئەسفەهان ئەو سێ کەسەی دەستبەسەر کرد و پاش ماوەیەک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندن.

لەسێدارەدانی ئەو سێ کەسە لە کاتێکدایە کە هەر سێ تۆمەتبارەکە و بنەماڵەکانیان چەندین جار تۆمەتەکانیان ڕەتکردبووەوە و هەروەها هەر سێ تۆمەتبارەکە ڕایانگەیاندبوو کە لە ژێر ئەشکەنجەیەکی زۆردا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی تەلەفزیۆنی کراون.

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندوە کە بەڵگەی هەیە کە پرۆسەی دادگاییکردن و سزای لەسێدارەدانی ئەو سێ کەسە لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی بەدەست هێنراو لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.