سەرۆکی تایوان لە میانەی گرژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چیندا دەڵێت جەنگ بژاردەی ئێمە نییە

سەرۆکی تایوان ڕۆژی شەممە بەڵێنی دا کە ئارامی و سەقامگیری ئێستای تایوان لە میانەی گرژییەکان لەگەڵ چیندا بپارێزێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چین فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر ئەو دوورگەیە کە بەشێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەدەبرێت، زیادکردووە.

تسای ئینگ وێن لە وتارەکەیدا لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری لە تایپە، ڕایگەیاند و گوتی " تایوان ناوروژێت و مل بۆ فشارەکانی چین نادات."

چین کە ئیدیعای خاکی تایوان دەکات و هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی دوورگەکە دەکات، لە دوای دەستبەکاربوونی تسای لە ساڵی 2016ەوە فشارە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی زیادکردووە بۆ ئەوەی تایوان ناچار بکات سەروەری چین قبوڵ بکات.

تسای چەندین جار بەڵێنی داوە بەرگری لە ئازادی و دیموکراسی تایوان بکات.
سەرۆکی تایوان گوتیشی " شەڕ بژاردە نییە و هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێگەی شەڕ و بە شێوەی زۆرەملێ دۆخی ئێستا بگۆڕن".

گوتیشی "پاراستنی دۆخی ئاشتی و سەقامگیری ئێستاکەمان، بۆچوونی جیهان و تایوانیشە."

فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کە میوانداری لوتکەی گروپی حەوتە لە شاری هیرۆشیما، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند سەرکردەکانی وڵاتانی دەوڵەمەندی گروپی حەوت ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەدوای چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسی تایوان بگەڕێن.

تسای ئاماژەی بەوەشکرد دەسەڵاتدارانی تایوان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی جوۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دانوستان دەکەن بۆ ناردنی 500 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری چەک بۆ تایوان.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز