سوپای عێراق و دانیشتووانی کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور لە ئامادەباشیدان

هاوسەرۆکی کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور کە تایبەتە بە پەنابەرانی سیاسی کوردستانی تورکیا نایشارێتەوە کە پەکەکە کەمپەکە دەپارێزێت و لەسەر چیای قەرەچوغی نزیک کەمپەکەش پەکەکە بوونی هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە سوپای عێراقیەوە نیە.

گرژی و ئاڵوزی لە نێوان سوپای عێراقی و دانیشتووانی کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور بەردەوامی هەیە و تا ئێستا چارەسەر نەبووە.

سوپای عێراقی بە هێزێکی زۆرەوە چووەتە ئەو کەمپە بۆ ئەوەی چواردەوری کەمپەکە بە دیوار و سیم بگرێت بەڵام دانیشتووانی نێو کەمپەکە هاتوونەتە بەردەم سوپای عێراقی و ڕێگری لە دروستکردنی دیوار و دانانی سیم بۆ چواردەوری کەمپەکە دەکەن، بەو هۆیەشەوە گرژی و ئاڵوزی دروست بووە و دوو برینداری لێکەوتووەتەوە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵوزیانەی نێوان سوپای عێراقی و دانیشتووانی کەمپەکە دوو گەنجی نێو ئەو کەمپە برینداربوونە، برینی یەکێکیان سەختە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی موسڵ، بریندارێکی تریش بە چواردە کێل سەری دوراوەتەوە

.ڕزگار ئیسماعیل قایمقامی قەزای مەخمور بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" سوپای عێراقی ئەرکێکی هەیە جێبەجێی دەکات کە تاوەر لە چواردەوری کەمپەکە بۆ‌ پاراستنی کەمپەکە دروستدەکات، دانیشتووانی کەمپەکەیش بە دانانی ئەو تاوەرانە ڕازی نابن و خوپێشاندانیان کردووە، ڕۆژی دووشەممەش وەفدێکی کەمپەکە و سوپای عێراقی کۆبوونەتەوە لەوانەیە ڕەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە بدرێت و جێبەجێ بکرێت".

بەڵام یوسف کارا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور بە دەنگی ئەمەریکای گوت " سوپای عێراقی بڕیاریداوە کە دیوار و تەلبەند بۆ کەمپەکە دروست بکات، بەڵام ئێمە وەکو گەلی مەخمور بڕیارمانداوە کە بەرخودان بەردەوامە و ڕێگە نادرێت دیوارەکە دروست بکرێت".

یوسف کارا گوتیشی" هەڵویستی سوپای عێراقی سیاسیە و بە وڵاتی تورکیاوە بەستراوەتەوە واتا فشارەکانی وڵاتی تورکیایە، چونکە ئەمە نزیکەی 30 ساڵە ئێمە لەناو خاکی عێراقین تا ئێستا هیچ کەسێک ئەو سیواج و سیمەیان لە چواردەوری کەمپەکە دروست نەکردووە، ئەگەر باسی یاسا بکەن بۆچی ئەمە نزیکەی سی ساڵە ئەوە نەکراوە".

سوپای عێراقی لە کەمپەکە نزیک بوونەتەوە بەڵام وەستاون و بەرەوپێشچوونیان نییە چونکە دانیشتووانی کەمپەکە ڕێگری لەو هێزە عێراقییە دەکەن و ناهێڵن فەرمانەکە جێبەجێ بکرێت.

قایمقامی مەخمور لە بارەی دانانی ئەو دیوارانە بۆ چواردەوری کەمپەکە دەڵێت" بە مەبەستی چاودێری و پاراستنی کەمپەکە ئەو دیوارە دروست دەکرێت، کە ئەویش بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە و وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی بابەتەکەی کردووە و لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراقدا هەیە".

ئاڵای عێراق لەسەر نەخۆشخانە و بنکەی پۆلیسی ناو کەمپی ڕۆستەم جودی بوونی هەیە، هاوسەرۆکی کەمپەکەش نایشارێتەوە کە پەکەکە‌ ئەمنیەتی گشتی دەکات و لەسەر شاخی قەرەچوغی نزیک کەمپەکەش بوونی هەیە و کەمپەکە دەپارێزێت و گووتیشی" ئێمە هیچ پەیوەندیەکمان بە سوپای عێراقیەوە نییە و ئێمە خۆمان بەرێوەدەبەین".

هاوسەرۆکی کەمپەکە دەشڵێت" تا ئێستا تەنها دووجار لەلایەن داعشەوە‌ هێرشکراوەتە سەر کەمپەکە و سێ داعشیش کوژراون، ئێمەش گیان لەدەستدانمان هەبووە، تورکیا تا ئێستا هیچ هێرشێکی زەمینی بۆ سەر کەمپەکە نەکردووە بەڵکو ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر کەمپەکە بە دووری 300کیلۆمەتر لە خاکی عێراقەوە دەکرێن واتا هێرشەکان ئاسمانین و بۆردومانمان دەکەن، بەدەیان کەسیشمان لێ دەکوژن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراقی نەهاتووەتە دەنگ".

ئەمە بە گوتەی قایمقامی مەخمور ڕاستە کەمپەکە دەکەوێتە سنوری مەخمور بەڵام فەرمان بۆ ئەو هێزە هاتووە و جێبەجێی دەکات، ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.

ناکۆکی هێشتا بەردەوامە و دانیشتووانی کەمپەکە قبوڵی ناکەن بڕیاری گرتنی چواردەوری کەمپەکە جێبەجێ بکرێت.

هێزێکی گەورە لە سوپای عێراقی و پۆلیسی عێراقی چوونەتە نزیک کەمپی مەخمور بەڵام خەڵکی نێو کەمپەکە ڕێگە نادات کە دیوار و سیم بۆ ئەو کەمپە دروست بکرێت، لەکاتێکدا کە سوپای عێراقی کەرەستەی دروستکردنی دیوار و تەلبەندیان هێناوە و لەئامادەباشیدان بەڵام دانیشتووانی کەمپەکەش لە ئامادەباشیدان بۆ ڕێگریکردن.

یوسف کارا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور ڕایگەیاند" هەڵویستی ئێمە وەکو هەڵویستی کەچەکەیە و ئێمە پارچەیەکین لە سیستەمی کەچەکە و نکۆڵی ناکەین".

چەندین جار دانیشتووانی نێو کەمپی ڕۆستەم جودی ناڕەزایەتیان لەمەڕ کەمی خزمەتگوزاریەکانەوە دەربڕیوە، لەوبارەیەوە، قایمقامی مەخمور دەڵێت" لە ڕووی خزمەتگوزاری ئاو، کارەبا، تەندروستی، ڕێگا و بانەکانی ناو کەمپەکە خزمەتی دانیشتووانی کەمپەکەمان کردووە، واتا بابەتە خزمەتگوزارییەکان لەسەر بودجەی قەزای مەخمور جێبەجێکراون".

نزیکەی 30 ساڵە ژمارەیەکی بەرچاو لە پەنابەرانی سیاسی کوردستانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەژین، کەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور نزیکەی دە هەزار و 500 پەنابەر لە خۆ دەگرێت و لەوانەش 3 هەزاریان خوێندکارن.