هەدەپە جارێکی تر داوا دەکات دەنگ بە ئەردۆغان نەدرێتەوە

Turkey Kurds Newroz

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایان لە دەنگدەرانیان کردەوە لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا دەنگ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی گەل نەدەن.

هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئامەد زەیات جەیلان ڕایگەیاند، پێویستە لە خولی دووهەمیشدا ملیۆنان دەنگدەر قائیل بکەن تا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بدەن.

ئەو ڕایشیگەیاند "هێشتا چانسمان هەیە، دەرفەتێکمان لەبەردەمدایە کۆتایی بە فاشیزم بهێنین. ئێمە ئەو دەرفەتەمان هەیە فاشیزمی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە بڕوخێنین، بانگەوازەکەمان دووبارە دەکەینەوە."

جەیلان ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی ئیرادە لە سندوقەکانی دەنگدان کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دەهێنن.

هەروەها پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی پارتی چەپی سەوز، جەیلان ئاکچا ڕایگەیاند کە دەنگەکانی ناو شارە کوردنشینەکان نیشان دەدەن کە کورد دەیەوێت تورکیا لەم دەسەڵاتەی ئێستا ڕزگار بکات.

ئاکچا دروشمی هەدەپەی ساڵی 2015ی وەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند کە ڕێگە نادەن ئەردۆغان ببێتە سەرۆک کۆمار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، قسەکانی کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی هێشتا دیموکراسییانەیە و ڕایگەیاند، پشتیوانی لێدەکەن و ڕێگەیەکی نوێ تاقیدەکەنەوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە ساڵی 2015 لە گردبوونەوەی پارتەکەی دژی ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو، "ئێمە نایکەین بە سەرۆک و ئەو لێدوانە دواتر بوو بە دروشمی ئەو پارتە."

ڕۆژی یەکشەممە 28 ی مانگی 5 تورکیا بۆ خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

سەرچاوە: هەدەپە