زیاتر لە 100 بەرپرسی پێشووی جیهان داوا لە بایدن دەکەن بە ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی و ڕژێمی پاشایەتی پێشووی ئێران، پشتیوانی خەڵکی بکات

زیاتر لە سەد سەرکردەی پێشووی سیاسی لە سەرانسەری جیهانەوە نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی ئەمەریکا کردووە کە تێیدا ڕەخنە لە ستراتیژەکەی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرن و داوا دەکەن بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی توندتربێت.

مایک پێنس جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و 107 سەرکردەی پێشووی جیهان ڕۆژی سێشەممە نامەکەیان واژۆ کردووە پێشکەش بە جۆو بایدن و هاوتاکانی لە کەنەدا و بەریتانیا و ئەوروپایان کردووە.

لیز تراس سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، ستیڤن هارپەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی کەنەدا و دوو سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە واژۆکارانی ئەو نامەیەن.

ئەو کەسایەتییە سیاسیانە لە نامەکەدا دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە و ئەوروپا شەرمەزار دەکەن و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی یارمەتی ڕووسیای داوە لە شەڕی ئۆکرانیادا و هەروەها لە ئەوروپا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە.

لەو نامەیەدا ئێران بەوە تۆمەتبار کراوە کە دەستی هەبووە لە هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لەسەر خاکی ئەمەریکا، لەوانەش کەسایەتییە باڵاکانی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵی 'فاکس نیوز'، واژۆکارانی ئەو نامەیە داوایان لە بایدن و هاوتاکانی کردووە کە بە ڕەتکردنەوەی ڕژێمی ئایینی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها ڕژێمی پاشایەتی پێشووی ئێرانیش، پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکەن بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێستا.

لە نامەکەدا هاتووە " خەڵکی ئێران لە ڕێگەی دروشمەکانیانەوە بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە کە هەموو جۆرە دیکتاتۆریەتێک ڕەتدەکەنەوە، جا چ شا بێت و چ ڕژێمی ئایینی ئێستا بێت و بەم شێوەیەش هەر جۆرە پەیوەندییەک بە هەریەکێک لەم دووانەوە ڕەتدەکەنەوە."

ئەو سەرکردە پێشووانەی جیهان لە نامەکەیاندا نووسیویانە "داواتان لێدەکەین پشتیوانی لە هەوڵەکانی خەڵکی ئێران بکەن بۆ گۆڕانکاری لە دژی دەسەڵاتی ئێستا، ئەمەش بە خستنە لیستی ڕەشی سوپای پاسداران و هەروەها لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر تاوانەکانیان دژ بە مرۆڤایەتی."

ئەوان لە نامەکەدا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی بەرخۆدان (شورای ملی مقاومت) کە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقیش ئەندامیەتی، ڕاگەیاندووە.

بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی بایدن لەم دواییانەدا کۆبوونەوەیەکی نهێنییان لەگەڵ سیناتۆرەکان سەبارەت بە ئێران ئەنجامدا و چەند سیناتۆرێک دوای بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیە، بە توندی ڕەخنەیان لە نەبوونی پلانی بەڕێوەبەرایەتی بایدن بەرامبەر بە ئێران گرت و ڕایانگەیاند کە کۆشکی سپی ستراتیژێکی ڕوونی بەرامبەر ئێران نییە.

جیم ڕیش سیناتۆری کۆماریی لە بەیاننامەیەکدا دوای ئەو کۆبوونەوەیە گوتی "نەبوون و ناڕوونی ستراتیژی ئەمەریکا بەرامبەر بە ئێران خزمەت بە بوێرکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و نزیککردنەوەی هاوبەشەکانمان لە چین دەکات."