دادوەر ناز نوری: لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی یاسادانان ناتوانێت بەبێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن یاساش دەربکات

سەرۆکی پێشووتری داواکاری گشتی سلێمانی دەڵێت، حزبایەتی هێندە ڕۆچووەتە ناو دامودەزگا جیاوازەکانی هەرێم بە دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانانیشەوە، گەیشتووەتە ئاستێک دەسەڵاتی یاسادانان ناتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن یاساش دەربکات.

دادوەر ناز نوری، سەرۆکی پێشووتری داواکاری گشتی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای رڕگەیاند"دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە دەسەڵاتە گرنگەکانی هەر وڵاتێک، کەچی لە هەرێمی کوردستان تەنها دەسەڵاتی جێبەجێکردن خاوەن دەسەڵاتە، تەنانەت دەسەڵاتی یاسادانانیش ناتوانێت بەبێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن یاساش دەربکات."

ڕۆژی یەکشەممە، ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بۆ متمانەدان بە دوو ئەندامی نوێی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم کۆبووەوە و لەکۆی (8) ئەندامی ئەنجومەنەکە، تەنها (5) ئەندام ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

ئەنجومەنی دادوەری متمانەیان بە دوو ئەندامەکەی کۆمیسیۆن بەخشی و نوسراویان ئاڕاستەی پەرلەمان کرد، لەکاتێکدا بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەری، تەواوبوونی نیساب پێویستی بە (6) دادوەرە و بە (5) دادوەر نیساب تەواو نابێت.

دادوەر ناز نوری، دەڵێت"ئێمە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ڕەچاو ناکەین، بۆ حزب ئیش دەکەین، ململانێی حزبیش تازە نییە و دەمێکە تۆوی چێنراوە و ئێستا بەروبوومەکەی دەدورینەوە."

متمانە بەخشینی ئەنجومەنی دادوەری بە "بێ تەواوبوونی" نیسابی یاسایی بە دوو ئەندامەکەی کۆمیسیۆن، لە کاتێکدایە یەکێتی و پارتی ململانێیانە لەسەر یاسایی بوونی دوا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن. یەکێتی پێیوایە سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرتووە و دانیشتنەکەی پەرلەمان شەرعیەتی نەماوە، پارتیش دەڵێت دانیشتنەکە یاسایی بووە و بە دەنگی (58) پەرلەمانتار کۆمیسیۆن کارا کراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم، نیگەرانی خۆی لە خراپی دۆخی هەرێم ڕاگەیاندبوو.

لە لێدوانێکی پێشتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا حاکم کاوە فەتحی سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو" بەداخەوە باروودۆخی سیاسی هەرێم بێ متمانەیی دروستکرووە. پێویستە سەرکردایەتی دوو حزبەکە پێکەوە دانیشن و هەوڵی گێڕانەوەی متمانە بۆ خەڵک بدەن."

هەروەها جەختیشی کردبۆوە" من سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمم، ڕۆژێک لە ڕۆژان هیچ لایەنێک نە پارتی نە یەکێتی دەستوەردانی لە کارەکەمدا نەکردووە."

سەرۆکی پێشووتری داواکاری گشتی سلێمانی، کە یەکێکە لە دادوەرە دیارەکانی هەرێمی کوردستان و 13 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی "هەبوونی تێبینی لەسەر دۆخی دادوەری" دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە، دەڵێت"ئێمە 30 ساڵە بەرژەوەندی نەتەوەییمان وەلا ناوە و سەرقاڵی حزبایەتین، بڕۆ لە گەنجی تەمەن 15 ساڵ بپرسە نازانێت کوردایەتی چییە؟"

هەروەها وتیشی"بەندە یاساییەکان گرفتییان نییە، گرفت لە جێبەجێکردنی یاسادایە، یاسایەک کە چەندین ساڵ لەمەوبەر دانراوە، کەچی لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی دونیای پێشکەوتوودا دەگونجێت، گرفتەکە جێبەجێ نەکردنی دەقە یاساییەکانە."

هەموو جارێک لە کاتی قوڵبوونەوەی ناکۆکی لە نێوان یەکێتی و پارتی دا، بە تایبەت لەسەر ئەو دۆسیەیانەی یاسایین، مشت و مڕ لەسەر سەربەخۆبوون و نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری دروست دەبێتەوە.

متمانەدانی ئەنجومەنی دادوەری بە دوو ئەندامە نوێیەکی کۆمیسیۆن بە "بێ تەواوبوونی نیسابی یاسایی" ئەنجومەنەکە، جارێکی تر "تیری" ڕەخنەگرانی ئاراستەی ڕوو لە دەسەڵاتی دادوەری کردەوە و ئەو دەسەڵاتەی ڕووبەڕووی هێرشی لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانیش کردەوە، کا ناڕازین لە بڕیاری ئەنجومەنەکە.

دادوەر ناز نوری، سەرۆکی پێشووتری داواکاری گشتی سلێمانی دەڵێت"دادوەر و داواکاری گشتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو حکومەت دەهێننە بەردەم دادگا گەر تۆمەتبار بێت بە گەندەڵی، کەچی لە هەرێم دەسەڵاتی ئەمڕۆی داواکاری گشتی بچووکترین دەسەڵاتە لە وڵاتدا و هیچ ووزەیەکی تێدا نەهێڵراوە."

ئەو وتیشی"بڕیاری دادوەر وەکو نیشتەی لێهاتووە و دەبێت ئاوەکەی بخۆیتەوە، بڕیار دەربکرێت و جێبەجێ نەکرێت، گرنگی چییە؟"