بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر "نادەستوریی" بوونی درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دۆخێکی نوێی سیاسی و یاسایی لە هەرێمی کوردستان هێناوەتە ئاراوە، بە شێوەیەک گفتووگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم هێنایەوە خاڵی سەرەتا.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 9/10/2022 بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی یاسایی خۆی درێژ کردبوویەوە. بەڵام دوێنێ سێشەمە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارەکەی بە نادەستوری وەسفکرد.
سکاڵاکان لە دادگای فیدڕاڵی عێراق
هەریەک لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان، سروە عەبدولواحید و کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، ئەو چوار کەسە بوون کە سکاڵای یاساییان لە مانگی 10 و 11ی ساڵی رابردوو لە دادگای فیدراڵی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تۆمارکردبوو.
لەگەڵ ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵاکانی سەبارەت بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی پەسەند کرد، بەڵام سکاڵاکەی نەوەی نوێی لەسەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ڕەتکردەوە، بەو پێیەی واژۆی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەکردبوو.
دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان و یەکێک لە سکاڵاکارەکان، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی نەوەی نوێی لەسەر سەرۆکی هەرێم ڕەتکردەوە، چونکە سکاڵاکە بە تۆمەتی واژۆ کردنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تۆمارکرابوو، لەکاتێکدا پارێزەرانی سەرۆکی هەرێم ڕەتیانکردەوە واژۆ لەسەر یاساکە کرابێت."
بە پێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان یاسا دەرکراوەکان بەمەبەستی واژۆ کردن ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکات، گەر سەرۆکی هەرێم یاساکان ڕەتنەکاتەوە و واژۆشیان نەکات، دوای 15 رۆژ یاساکان بەپەسەندکراو هەژمارد دەکرێن و لەوەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێنەوە.
یوسف محەمەد ڕوونیکردەوە، سکاڵاکانی نەوەی نوێ لەسەر درێژکردنەوەی پەرلەمانیش کێشەی "شکڵی"یان هەبووە، بەو پێیەی پێش وادەی یاسایی تۆمار کراون. وتی، "سکاڵاکەی من و ئەوان یەکخران، لەکاتێکدا سکاڵاکەی من لەڕووی شکڵی و یاساییەوە هیچ گرفتێکی نەبوو. دواجار سکاڵاکان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دوا بڕیاریان لەسەر درا و پەرلەمان هەڵوەشێنرایەوە."
جوڵانەوەی نەوەی نوێ، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە سەر سکاڵای ئەوان بووە، ڕەتیدەکەنەوە سکاڵاکانیان هیچ گرفتێکی یاسایی تێدا بووبێت.
مۆفەق حسێن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "نازانم دکتۆر یوسف لە چی بەشێکی سکاڵاکە بەشداربوو، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەسەر سکاڵای ئێمە بوو."
یوسف محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە سکاڵاکەی سەر سەرۆکی هەرێم، دادگای فیدراڵی تانەیەکی تری نەوەی نوێی ڕەتکردووەتەوە، کە گرێدراو بوو بە نادەستوری بوونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم.
ناوبراو وتی، "نەوەی نوێ تانەی لە نادەستوری بوونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم دابوو. دادگا کۆمیسیۆنی عێراقی وەکو لایەنی سێ یەم بانگکرد، دواجار ڕەتیکردەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم نادەستوری بێت."
گەڕانەوە بۆ سەرەتای ململانێکان
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەکاتێکدابوو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، بە تایبەتی یەکێتی و پارتی، سەرقاڵی گفتووگۆبوون لەسەر یاسای هەڵبژاردن و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان. دوو حزبە دەستەڵاتدارەکەی هەرێم لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ناکۆک بوون، هەروەها لەسەر کورسی کۆتاکان و شێوازی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەرانیش هێشتا لە گفتووگۆدا بوون.
دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم پەیوەندی کرد بە هەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنەکە بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
چاودێران دەڵێن بڕیارەکەی دادگای عێراق ئەنجامی تەواوی دانیشتنەکان و گفتوگۆکانی ئەو دوو حزبەی هێنایەوە خاڵی سەرەتا.
ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کۆتایی بە کێشمەکێشی نێوان یەکێتی و پارتی هێنا لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کورسی پێکهاتەکان و فرە بازنەیی. بەڵکو هەڵبژاردن بە یاسا کۆنەکە ئەنجام دەدرێت."
یەکێتی داوای دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکانی بە سەر پارێزگاکانی هەرێم و بەکارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی عێراق و گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن لەیەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی دەکرد. پارتی لەسەر زۆربەی داواکارییەکانی یەکێتی ڕەزامەندی دەربڕیبوو، بەڵام لەسەر کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتبوونە ڕێککەوتن.
ئارام جەمال وتی، "هەڵبژاردن بە یاساو بودجەی هەرێم بەڵام لەلایەن کۆمیسیۆنی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت."
ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقەوە، لەکاتێکدایە لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ناکۆکی قوڵ لەنێوان یەکێتی و پارتی سەریهەڵدا لە کۆتا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا.
هاوڕێ تۆفیق پسپۆڕی بواری یاساو سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دادگای فیدراڵی لە کۆتا دانیشتندا بۆیە نوێنەری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بانگکرد و پرسیاری لە بارەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی هەرێمەوە لێکردن، تا بۆشایی یاسای دروست نەبێت و هەڵبژاردن ئەنجام بکرێت، چونکە کۆمیسیۆنی هەرێم ناکارایە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە مانگی 11 ی ئەمساڵدا. لە بارەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە گفتووگۆ کراوە.
دکتۆر هەیمان تەحسین بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، لە لیدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندنە عێراقیەکان وتی، "ئێمە کۆمیسیۆنی فیدراڵین و دەسەڵاتی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی هەرێممان هەیە، بەڵام لەڕووی هونەرییەوە ناتوانین هەڵبژاردنی پارێزگاکان و هەرێم پێکەوە ئەنجام بدەین."
لای خۆشیەوە، دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "تازەترین بیرۆکە بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکردنی پرۆژە یاسایاکە بە پەرلەمانی عێراق، تا بە بڕیارێک داوا لە کۆمیسیۆنی عێراق بکات ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەست پێبکات."
پارتی بە گومانە و یەکێتی نیگەرانە
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق وەک چۆن گرفتی یاسای لێکەوتووەتەوە، تێڕوانینی جیاوازیشی لای لایەنەکان دروستکردووە.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی ڕەسمییان لەسەر ئەو بڕیارە دەرنەبڕیوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کاردانەوەی توندی لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەنواند و لە زاری وتەبێژەکەیەوە داوای لە لایەنەکان کرد ڕێگەخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و پێشتریش لەسەر ئەمە لەگەڵ یەکێتی ناکۆک بوو. بڕیارەکەی دادگاش مادام هۆکارە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێموانیە گرفتمان هەبێت."
هەندێک لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن پارتی گرفتی لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دا نییە، بەڵام ترسی لەوە هەیە سکاڵاتۆمار کردن لەدادگای فیدراڵی ببێتە نەریت و لەم ڕێگەیەوە گرفتی گەورە بۆ هەرێم دروست بکرێت لەداهاتوودا.
شوان محەمەد وتی، "پارتی تێبینی لەسەر دادگای فیدراڵی هەبووە، بەڵام بۆ ئەوەی دۆخەکە نەگاتە ئێستا، پێشتر وازی لە کۆمەڵێک ئیستحقاقی خۆی هێنا تا یەکێتی گرفت دروست نەکات بۆ هەڵبژاردن."
لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتمانی کوردستان نیگەرانە لەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە هەڵوەشاندنەوەی خواستەکانی و نەگۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەو یاسایەی ئەم خواستی گۆڕینی هەبووە.
سۆزان مەنسور وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "پێویستە لایەنەکان کۆببنەوە، بیرێک لەوە بکەنەوە کەچۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکەن."
هەروەها وتیشی"دۆخێکی تازە هاتووەتە ئاراوە، ئەم دۆخە پێویستی بەپلانی نوێ و گفتووگۆ هەیە، تا بزانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
گرفتی نوێ
هێشتا ڕون نییە بڕیارەکەی دادگای یدڕاڵی عێراق چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم ئەو بڕیارانەی لەدوای 6/11/2022 ەوە دەریکردوون. چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکە کۆمەڵێک گرفتی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەت لەسەر پرسی دەستلەکارکێشانەوەی کۆمەڵێک پەرلەمانتار و دەست بەکاربوونی کۆمەڵێک پەرلەمانتاری نوێ.
دوای بڕیارەکەی پەڕلەمانی هەرێم بۆ درێژکردنەوەی وادەکەی، فراکسیۆنی یەکگرتوو، کۆمەڵ و چوار پەرلەمانتاری گۆڕان وچەند پەرلەمانتارێکی تر دەستیان لەکارکێشایەوە و دواتر کۆمەڵێک پەرلەمانتاری بزووتنەوەی ئیسلامی و گۆڕان جێگەیان گرتوونەوە.
حەسەن شێخانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی، کە بە پێی بڕیارەکەی دادگا دەست بەکاربوونی دوو پەرلەمانتارەکەیان ڕەتکراوەتەوە، لەکاتێکدا ماوەی چەند مانگێکە سوێنی یاساییان خواردووە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئێمە لەگەڵ یاساداین و دژی یاسا ڕاناوەستین، بەڵام وەکو مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی شورا کۆدەبینەوە و بڕیار دەدەین."
بەشێکی زۆر لەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ کە دوای درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ڕەتیدەکەنەوە دەستبەرداری بڕیارەکانیان بن.
عومەر گوڵپی ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئێمە کە دەستمان لەکارکێشاوەتەوە بەنیاز نین لە هیچ دۆخێکدا بگەڕێینەوە، چونکە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نایاسایی بوو، هەرئەوکاتیش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانمان وت، درێژکردنەوەکە هەڵەیەکی ستراتیژیە."
هەڵوێستی لایەنە عێراقییەکان
چاودێرێکی سیاسی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، ڕەنگە لایەنە شیعەکانی عێراق خۆشحاڵ بن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە، بەڵام نایانەوێت دەستوەردان بکەن.
سەرمەد بەیاتی چاودێری سیاسی عێراقی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان کاریگەری نابێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، چونکە ئەمە بڕیاری دادگایە و پەیوەندی بە حکومەتەوە نییە."
ئەو دەڵێت، "ئێمە لە عێراقەوە لە دۆخی هەرێمی کوردستان دەڕوانین، تا بزانین لایەنەکان پابەند دەبن بە بڕیارەکەی دادگاوە یان نە."
لایەنە شیعەکانی عێراق تا ئێستا بێدەنگییان هەڵبژاردووە لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق.
سەرمەد بەیاتی دەڵێت، "ئەوان خۆشحاڵن بە بڕیارەکە، چونکە لەسەر پرۆژە یاسای بودجە لە کێشەدان لەگەڵ هەرێم و هێنانە پێشەوەی دۆسیەی تر لەبەرژەوەندییانە."