ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی: دەبێت هەمووان ملکەچی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بن

ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ "نادەستوری" ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ نەکات، چونکە دادگای فیدراڵی "دادگایەکی دەستورییە."

ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای ئەو حیزبە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "دەبێت چاوەڕێی قۆناغەکانی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکەین لەسەر بە نادەستوری ناساندنی درێژکردنەوەی پەرلەمان، چونکە سکاڵای تریش ماون تا یەکلایی بکرێنەوە."

هەروەها وتیشی"دەبێت هەمووان ملکەچی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بن و پێکەوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکەن. یەکێتی ژیرانە مامەڵە دەکات و هەرچی بەرژەوەندی خەڵکی تێدا بێت ئەنجامی دەدات."

دادگای فیدراڵی عێراق لە بەرواری 30/5/2023 ئەم بڕیارە مێژووییەی دەرکرد و چەندین ڕۆژ بەسەریدا تێپەڕیوە بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم تا ئێستا بێدەنگییان هەڵبژاردووە. یەکێتی و پارتیش بە هەمان شێوە هیچ هەڵوێستێکی فەرمییان نیشاننەداوە.

دەنگی ئەمەریکا بۆ زانینی هەڵوێستی دەزگا فەرمییەکانی هەرێم لەسەر بڕیارەکە پەیوەندی بە چەندین بەرپرسی حکومی و حزبی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، بەڵام هیچیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

جوتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژێک دوای بڕیارەکەی داگای فیدراڵی ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە بەڵام هیچ هەڵوێستێکی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕیارەکە دەرنەبڕیوە و تەنها داوایکردووە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

بە نادەستوری ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە، لەکاتێکدایە یەکێتی داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی هەرێم و گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی دەکرد، بەڵام بڕیارەکەی دادگا هەرێم پابەند دەکات تا یاسای ئێستا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بەوەی یەکێتی دووچاری گرفت نابێت گەر بە "یاسا کۆنەکە" هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، ڕابیحە حەمەد دەڵێت، "گرنگ ئەوەیە ئاڕاستەی ڕووداوەکان بە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی بن لە کوردستان. یەکێتی لە ڕابردوودا قوربانی داوە و ئێستاش ئامادەی هەموو جۆرە قوربانییەکە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان."

لە کاتێکدا ئەندامانی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەیان ڕەتکردەوە، بەڵام ئەندامەکەی یەکێتی لەو لیژنەیە دەنگی بە پرۆژە یاساکە دا، ئەمەش وەهایکرد یەکێتی لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە بە "خیانەت"کردن تۆمەتبار بکرێت.

لەو بارەیەوە، ڕابیحە حەمەد نایشارێتەوە کە حزبەکەی داکۆکی لە گێڕانەوەی پاشەکەوت و چەسپاندنی ئەو بڕگەیەش لە پرۆژە یاسای بودجەدا کردووە کە دەڵێت گەر هەر پارێزگایەکی هەرێم هەستی بە نادادپەروەری کرد، حکومەتی عێراق خۆی شایستە داراییەکانی پێبدات.

ڕابیحە حەمەد، دەڵێت، "کاتێک باس لە خیانەت دەکرێت، هەرلایەک ماڵی لە شوشە بوو، نابێت بەرد بگرێتە ماڵی کەس. نابێت تۆمەتی خیانەت بدرێتە پاڵ یەکێتی کە دونیایەک قوربانیداوە. هەر لایەک یەکێتی تۆمەتبار بکات ئەوا زمانی لاڵە لە ئاست یەکێتی دا."

سەرکردەکەی یەکێتی پێیوایە بەشێکی زۆر لە ئاڵۆزییەکانی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و قەرانەکانی ڕوبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە پەیوەندییان بە پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە هەیە. ئەو دەڵێت، "نەدەبوو هەرێم پێشتر بێ باکانە نەوت بفرۆشێت، دەبووایە بە ئیرادەی خۆمان لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتباین، نەک بڕیارەکەی ژووری پاریس ی دادگای ناوبژیوانی ناچارمان بکات بە ڕێککەوتن."

هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق و پرۆژەکە ڕەتدەکاتەوە، لایەنە شیعەکانیش بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنی نێوانیان تۆمەتبار دەکات. بەرپرسانی کورد دەڵێن هەوڵی سەرەکییان بۆ هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بودجەیە پێش ئەوەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.

لەو بارەیەوە ڕابیحە حەمەد دەڵێت"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر پەرلەمانی کوردستان کاریگەری نابێت لەسەر پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا. گفتووگۆش لە ئارادایە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرۆژە یاسای بودجە؛ پێموایە دەگەینە ڕێککەوتن لەسەر پرۆژەکە."