تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید ڕایگەیاند، یاسای نوێی دژە تیرۆر کە لەم هەفتەیەدا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی سوید لە هەفتەکانی داهاتوودا پەیوەندی بە ناتۆوە بکات و بتوانێت سەروسەدا بکات لەگەڵ ڤیتۆکەی تورکیادا کە بووەتە ڕێگر لە بەردەم داوای سوید بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانی ناتۆ.
بەشێک لە کوردەکانی سوید تەنها نیگەران نین لەوەی پەیڕەوکردنی ئەم یاسا نوێیە شیانی هەیە مەترسیداربن بۆ هەندێک کورد، بەڵکو دەڵێن یاساکە مەترسیە بۆ سەر مێژووی سەدان ساڵەی ئازادییەکان لە سوید.
لەو بارەیەوە ئەندام پەرلەمانی پێشوی سوید ئامینە کاکە باوە لە وتووێژێکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەم وڵاتە کە ئەزموونی زیاتر لە 300 ساڵی دیموکراسی و مافی ئازادی ڕادەربڕین و کۆڕ و کۆبوونەوەی هەیە، بەڵام ئێستاکە ئاوای لێهاتووە و خراپتریشی لێدێت."
یاسادانەران لە سوید مانگی ڕابردوو یاسا نوێیەکەی دژی تیرۆر پەسەندکرد، وەک هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی تورکیا لەوەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەندبکات.
یاسا نوێیەکە سزای زیندانیکردنی هەتا 4 ساڵ لەخۆدەگرێت بۆ ئەو کەسانەی کە تۆمەتبار دەکرێن بە بەشداریکردن یان تەنانەت پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوێک کە بە تێرۆرست دادەنرێت. هەروەها بۆی هەیە سزاکە دوو هێندە بکرێت ئەگەربێت و کەسەکە بە ئەنجامدانی تاوانێکی قورس تۆمەتباربکرێت.
پرۆژە یاسایە بە دەنگی 268 بە بەڵێ و 34 دەنگ بە نەخێر پەسەندکرا و 47 پەرلەمانتاریش ئامادەنەبوون. بەپێی یاساکە شیانی هەیە سزای زیندانی هەتاهەتایی بسەپێنرێت بەسەر هەر کەسێک کە وەک سەرکردەیەکی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکرێت. لە وڵاتی سوید زیندانی هەتاهەتایی واتای ئەوەیە لانی کەم 20 بۆ 25 ساڵ زیندانیکردن .
ئامینە کاکە باوە دەڵێت "دەوڵەتی سوید بۆ ئەوەی ئەردۆغان ڕازیبکات سەبارەت بە پرسی ئەندامێتی لە ناتۆ هەموو کارێکی کردووە، ئەوە دوو جار یاسا گۆڕا، کۆتا جار لە 3 ی مانگی پێنج بڕیاری لەسەر درا. ئەم یاسایە بۆ هەموو کورد مەترسیدارە."
سوید و فینلاند دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 ، داوای ئەندامێتیان لە ناتۆ کرد. فینلاند لە مانگی چوار ئەندامێتییەکەی پەسەندکرا، بەڵام داواکەی سوید لەلایەن تورکیاوە هەتا ئەم سەروەختە ڕەتکراوەتەوە.
هەرچەند تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید لە شاری لولیای باکوری سوید بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەم یاسا نوێیە ئەو کەلێنە پڕدەکاتە لە یاسای دژە تیرۆری ئێستاماندا." بەڵام سوید پێشتر بەشداریکردنی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا قەدەغە نەکردبوو، ئەو دەڵێت "ئێستا ئەم کارە دەکەین".
ئامینە کاکەباوە لەو بارەیەوە دەڵێت " هەر دوێنێ لە میدیاکانی سویددا بڵاوبۆوە کە ڕۆژی چواری ئەم مانگە خۆپیشاندانێک سازدەکرێت دژی ناتۆ و دژی تورکیا، بەڵام لە ئێستادا پۆلیسی سوید وا خەریکە بەری پێدەگرێت، قسە لەسەر ئەوەیە ئایا دەهێڵن ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزاییانە بکرێت یان نا. وەزیرێک لە تورکیا پەیامێکی تویتەری بڵاوکردووەتەوە و فشار لە دەوڵەتی سوید دەکات کە نەهێڵن خۆپیشاندان و گردبوونە بکرێت لەبەر ئەوەی دەستی پەکەکەی تیادایە."
پانتایی بەرفراوانی ئەم یاسایە بووەتە هۆی نیگەرانی لە سوید سەبارەت بەوەی ئایا چیتر دەتوانرێت ئازادی ڕادەربڕین لەو وڵاتە پارێزراوبێت و نەخرێتە خانەی "پشتیوانیکردن لە تێرۆر".
حکومەتی سوید هیوادارە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕازی بکات بەر لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی هاوپەیمانی ناتۆ لە ڤیلنیۆسی پایتەختی لیتوانیا لە مانگی حەوتدا بۆ ئەوەی گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆ هەڵبکات.
ئامینە کاکە باوە دەشڵێت "هەتا تورکیا بە ئامانجی خۆی نەگات ڕاناوەستێت؛ ئەردۆغان دەیەوێت پرسی کورد لەناوبەرێت و شتێکی بە ناوی کورد و کوردستان نەمێنێت، وە ئێرانیش هەر ئەو هەوڵە دەدات، بەشار ئەسەد و عێراقیش ئەگەر توانایان هەبێت هەر ئەو هەوڵە دەدەن، هەر بۆیە ئەم پرسە تەنها لە یەک شوێن نییە، ئەمە دژی گەڵی کوردە و دژی مافەکانی دژی ئازادی بیر و باوەڕە."
ئایا جێبەجێکردنی ئەم یاسایە مەترسی زیاتر دروستدەکات بۆ کورد؟
ئامینە کاکە باوە دەڵێت " لە سوید خەڵک زۆر دەترسن، من خۆپیشاندانێکم کرد لە 3 ی مانگی ڕابردوو لە بەردەم پەرلەمان، باوەڕکە 4 دانە کورد و 10 بۆ 15 کەسی سویدی هاتبوون، خەڵک ناوێرێت بێت و بوەستێت و لەوێ وێنەیان بگیرێت."
*بۆ ئامدەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سود لە ئاژانسی هەوڵای ئەسۆشەیتد پرێس و رۆیتەرز وەرگیراوە