ئۆکرانیا: پارچەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران درووستکراوی هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیایە

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران -ئۆکرانیا

سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری نیشتمانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە 3ی مانگی شەش بە تەلەفزیۆنی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند کە شارەزایان دوای لێکۆڵینەوە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران کە ڕووسیا بۆ هێرش کردنە سەر ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بەشێک لە پارچەکانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن ئێران و ڕووسیا دروست نەکراون، بەڵکو بە ئەگەرێکی زۆر، درووستکراوی ئەو وڵاتانەیە کە پشتگیری لە ئۆکرانیا دەکەن.

ئۆلێکسی دانیلاڤ، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری نیشتمانی ئۆکرانیا گوتی "ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە ڕادەستی ڕووسیا کرابێتن، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ساڵانی 2019 تا 2021 دروستکراون.


چەند مانگێک لەمەوبەر کەناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دۆزینەوەی 40 پارچەی دروستکراوی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان کرد لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران کە لەلایەن ئۆکرانیاوە خراونەتە خوارەوە.

دوای ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن کۆشکی سپی هێزێکی ئەرکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە تەکنەلۆژیای ئەمەریکایی و ڕۆژئاوایی.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن لە کۆی 52 پارچەی بیانی کە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێراندا بەکارهێنراون، 40 پارچەیان لەلایەن 13 کۆمپانیای جیاوازی ئەمەریکاییەوە دروستکراون و 12 پارچەیشی لەلایەن کۆمپانیاکانی سویسرا، کەنەدا، ژاپۆن، تایوان و چین دروستکراون.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئۆکرانیا جەختی لەوە کردەوە کە زۆر گرنگە بەدواداچوون بکرێت بۆ ئەو پارچانەی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکان کە ڕووسیا بەکاریان دەهێنێت و ئاشکرابکرێت کە چۆن سەرەڕای سزاکانی سەر ڕووسیا و ئێران، ئەو پارچانە دەگاتە ئەو وڵاتانە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ڕووسیا هێرشەکانیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەوە بۆ سەر کیێڤی پایتەخت چڕتر کردووەتەوە.

دوایین هێرشی ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر کیێڤ لە یەکی مانگی شەشدا بووە کە لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە خراونەتە خوارەوە.

بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆژنامەی کیێڤ ئیندیپێندێنت وەرگیراوە