وەزیری دەرەوەی سوریا به بە سەردانێک گەیشت عێراق بۆ لای هاوپەیمانی دێرینی وڵاتەکەی و وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستان لە کاتێکدا دیمەشق پاش پەراوێزخستنی دیپلۆماسی چەند ساڵەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا دروست دەکاتەوە.
سەردانەکەی فەیسەڵ میقداد دوای چەند هەفتەیەک لە ڕێککەوتنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر کۆتاییهێنان بە ڕاگرتنی سوریا لەو کۆمکارە 22 ئەندامییە، ئەمەش ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دوای چەندین ساڵی شەڕی ناوخۆ دەهێنێتەوە ناو دیپلۆماسییەتی ناوچەکە.
لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریادا بچڕاند، عێراق وەک هاوپەیمانی دیمەشق مایەوە و هەرگیز پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا نەپچراند و هاوکاریی نزیکی لەگەڵ وڵاتەکەدا هێشتەوە، بەتایبەتی لەسەر شەڕی دژ بە داعش.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی عێراق ڕایگەیاند، شەوی شەممە مقداد گەیشتووەتە بەغدا.
ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، "سەردانەکە تایبەت دەبێت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق و هەروەها ڕۆڵی عێراق لە گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبیدا".
کۆمکاری عەرەبی لە 7ی مانگی پێنجدا دەنگی دا بۆ وەرگرتنەوەی سوریا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2011، بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی ئەسەد دژ بە خۆپیشاندەران ئەندامێتییەکەی لەو کۆمارە ڕاگیرا.
لەو کاتەدا عێراق خۆی لەو دەنگدانانە بەدوور گرت کە لە ئەنجامیدا ئەندامێتی دیمەشق سڕکرا.
سنوورێکی بیابانی پڕ لە مەترسی بە درێژایی 600 کیلۆمەتر دوور لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
داعش لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر بەشێکی زۆری هەردوو وڵاتدا گرت و "خەلافەتی" خۆی تیادا ڕاگەیاند پێش ئەوەی لە ساڵی 2017 لە عێراق و لە ساڵی 2019 لە سوریا شکستی پێبهێندرێت.
هەروەها بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵانی ڕابردوودا لە ناوچەکە پەرەی سەندووە کە بەشێکی زۆری بەو سنوورەدا تێپەڕدەبێت.
پاسەوانانی عێراق لە مانگی سێدا دەستیان بەسەر زیاتر لە سێ ملیۆن حەبی کاپتاگۆن لە سنوورەکان لەگەڵ سوریادا گرت.
جگە لە هەماهەنگی ئەمنی، بەغدا و دیمەشق بەردەوامن لە هەماهەنگی لەسەر پرسە سەرەکییەکانی دیکە لەوانە ئاو لە کاتێکدا هەردوو وڵات ڕووبەڕووی کەمیی مەترسیداری ئاو دەبنەوە.
دروستکردنی بەنداو لە وڵاتانی دراوسێ و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو لە هەردوو وڵاتدا، ئەمەش کشتوکاڵی تێکداوە و مەترسی لەسەر بژێوی ژیان دروستکردووە.