ئایا دەکرێت جێگرەوەی تورکیا بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دابنرێت؟

لەکاتێکدا 71 رۆژ بەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ عێراق هەڵنەکردووە، تا دەست بە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم بکاتەوە و تا دێت زیانەکانی ڕاگرتنی نەوتیش زیاتر دەبێت.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "عێراق ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت، بەڵام هێشتا تورکیا عێراقی ئاگادار نەکردووەتەوە تا دەست بەناردنە دەرەوەی نەوت بکەینەوە."

ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی 25 ی مانگی 3 ی ئەمساڵەوە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی عێراق سکاڵاکەی لەژووری ناوبژیوانی پاریسی دادگای نێودەوڵەتی لەتورکیا بردەوە.

عاسم جیهاد وتی"عێراق و تورکیا دەگەنە ڕێککەوتن، بەڵام دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوت لەسەر کات وەستاوە."

بەپێی داتا و ئامارەکان، لەماوەی 71 رۆژی ڕابردوودا، ملیارێک و 953 ملیۆن و 720 هەزار دۆلار زیان بە ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان گەیەشتووە، بەهۆی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کە پێشتر ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرا.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم کوردستان، هەفتەی ڕابردوو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم تەواو بوون.

بیانووی تورکیا بۆ دەست پێنەکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم کێشەی تەکنیکی و زیان گەیشتنە بە بۆرییە نەوتییەکان، لەکاتێکدا پسپۆڕانی بواری وزە ئەم بیانووە بە لاواز دەبینن و پێیانوایە هۆکارەکان سیاسین.

محەمەد حسێن شارەزای بواری وزە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"تورکیا بە بیانووی کێشەی تەکنیکی ڕێگە نادات نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە، بەڵام ئەم بیانووە لاوازە و تورکیا کێشەی نەوتی بەهەندێک دۆسیەی تری سیاسیی و ئەمنییەوە گرێداوە."

بەپێی پرۆژە یاسای عێراق، کە لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە و حکومەتی هەرێم پێی ڕازی نییە، دەبێت هەرێم رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت و داهاتەکەی لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی نەوتی عێراقدا بدرێتە هەرێم.

هەرچەندە حکومەتی عێراق جەخت لەسەر دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دەکاتەوە، بەڵام بەشێک لە چاودێران وایدەبینن عێراقیش زۆر پێداگر نییە لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

دکتۆر سەردار عەزیز چاودێری سیاسی و لێکۆڵەر، بە دەنگی ئەمەریکای وت"عێراق زۆر گرفتی لەگەڵ فرۆشتنی نەوتی هەرێم نییە و ڕەنگە بیەوێت لە ناوخۆ بەکاری بهێنێت، تا هەرێم بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە."

وتیشی"دۆسیەی ئاو و ئەمنی و ئابووری و چەندین دۆسیەی تر لەنێوان عێراق و تورکیا بەچارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، ڕەنگە تورکیا ڕێککەوتنێکی گشتگیری لە عێراق بوێت."

لەحاڵەتی ڕێکنەکەوتنی تورکیا و عێراق دا لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، چاودێران پێیانوایە بژاردەکانی بەردەم عێراق بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمیان لێوە هەناردە بکات قورسن.

محەمەد حسێن ی شارەزای بواری وزە، وتی"عێراق ناتوانێت سوریا بکاتە جێگرەوەی تورکیاو نەوتی لێوە بنێرێتە دەرەوە، چونکە تورکیا ناسەقامگیرە و گەمارۆی نێودەوڵەتیشی لەسەرە، هەروەها بۆری نەوتی نێوان عێراق و سوریاش خراپبووە، 8 ملیار دۆلار و 4 ساڵی دەوێت بۆ چاککردن، ئەمەش کات و تێچوویەکی زۆرە."

هەروەها وتیشی"ئوردنیش بۆ عێراق قورسە بیکاتە جێگرەوەی تورکیا، چونکە دروستکردنی بۆری بۆ ئەو وڵاتە سەرووی 15 ملیار دۆلار و 4 ساڵی دەوێت، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی نێوان هێزە شیعەکان و ئوردن باش نییە."