ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی: دەستکاریکردنی پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجە چاوەڕواننەکراو بوو

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، حزبەکەی نیگەرانە لە دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لەلایەن پەرلەمانتارانی سەربە لایەنە شیعەکانەوە و ئەو پرسەی بردووەتە نێو کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، چونکە پێشوەخت حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر شێوازی داڕشتنەوەی پرۆژە یاسای بودجە ڕێککەوتوون.

لەکاتێکدا سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی ئاماژەبەوەدەکات، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق گرفتی لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران دروستکردووە، چونکە حکومەتی عێراق دەقی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هەرێم ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەران نەکردووە.

نەوزاد هادی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەبێت کێشەی دەستکاریکردنی پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق ببرێتە ناو هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لایەنە شیعەکانی پێکهێنەری حکومەت بەشێکن لەم هاوپەیمانێتییە، چونکە بڕیاربوو شەراکەت و هاوسەنگی و ڕێککەوتن بنەمای هاوپەیمانێتییەکە بێت."

هەروەها وتیشی"پێشتریش بودجە لە ناو هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بۆیە کۆبوونەوەی لایەنەکانی نێو ئەم هاوپەیمانێتییە بەردەوامن، تا ئەو گرفتانەی لە پرۆژە یاسای بودجە ڕوویانداوە چاک بکرێنەوە."

بەهۆی ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێم و لایەنە عێراقییەکان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە و ناکۆکی نێو لایەنە شیعەکان لە سەر پشکی پارێزگاکانی باشوری عێراق، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بدات.

هەندێک لە پەرلەمانتارانی عێراقی سەربە لایەنە شیعەکانیش سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن، تا لە دەرەوەی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی پێکهێنەری حکومەت ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران کۆبکەنەوە و لەم هەفتەیەدا پرۆژە یاسای بودجە تێپەڕێنن.

سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا ئاماژە بەوە دەکات، دوو جۆر ناکۆکی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دروستبووە. وتی، "ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی بەهێز دژی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدان، چونکە ڕێککەوتنەکە ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە بۆ پەسەندکردن، ئەمەش پێچەوانەی دەستورە. زۆرێک لە پەرلەمانتارانی پارێزگاکانی باشوریش وایدەبینن پشکی پارێزگاکانیان کەمترە لەوەی بۆ هەرێم دانراوە."

ئەو وتیشی، "ناکۆکییەکی تریش هەیە پەیوەندی بە پەرلەمانتارانی پارێزگاکانی باشورەوە هەیە و پێیانوایە لە بودجەدا ستەم لە پارێزگاکانیان کراوە."

پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانە لە دەستکاریکردنی مادەکانی (13،14) لە پرۆژە یاسای بودجەدا کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان، پێیوایە ئامانج لە دەستکاریکردنەکە لاوازکردنی هەرێمە لە ڕووی سیاسی و دارایی و کارگێڕییەوە.

نەوزاد هادی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕوونیکردەوە، ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان دەکرێتە پرۆژە و دەبرێتە پەرلەمان و لەوێ دەنگی لەسەر دەدرێت، ئەو پەرلەمانتارانەشی کە دەستکاری پشکی هەرێمیان کردووە سەر بەو لایەنانەن لەگەڵیان ڕێککەوتووین، بۆیە دەبێت کێشەکە لە ناو هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چارەسەر بکرێت.

نەوزاد هادی دەڵێت، "دەستکاریکردنی پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجە چاوەڕوان نەکراوبوو، چونکە حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر شێوازی داڕشتنەوەی پرۆژەکە ڕێککەوتبوون، ئەم دەستکاریکردنە قەیرانی نوێی لەکارەکان دروستکرد و بووە هۆی دواخستنی پەسەندکردنی بودجە."