میهری ڕەزایی: حکومەتی بەلجیکا کەسێکی تیرۆریستی ئازادکردووە بەڵام لە پای ئەوە سێ کەسی بێ گوناحی پێ ئازادکرد

سێ کەسی ئەوروپایی ڕۆژی شەممە رێکەوتی 3 ی مانگی شەش دوای ئازادکردنیان لەلایەن ئێرانەوە لە ئەنجامی ڕێکەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان، هەر ئەو کاتە تاران ڕایگەیاند هیچ هۆکارێک نییە بۆ دەستگیرکردنی ئەوروپاییەکان ئەگەر "ئیستغلال" نەکرێن لەلایەن خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی دەرەوە.

بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن هیچ کام لەو کەسانەی کە لە ئێران دەستگیرابوون پەیوەندیان بە دەزگا ئاسایشی و هەوڵگیری و دیپلۆماسییەکانەوە نەبووە و خەڵکانی ئاسایی بوون.

سەبارەت بەو بابەتە ئاسۆ جەبار وتوێژێکی تایبەتی لەگەڵ چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و بەڕێوەبەری رێکخروای ژنانی کورد لە ئەوروپا میهری ڕەزاییدا سازکردووە.

ئەسەدوڵا ئەسەدی

میهری رەزایی دەڵێت "من ئازادکردنی ئەسەدوڵا ئەسەدی مەحکوم دەکەم، چونکە کەسێکی تیرۆریست بووە، لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا مەحکومکرا بە کاری تیرۆریستی و بە چەند کیلۆ تەقەمەنییەوە دەستگیرکرا." هەروەها دەشڵێت "کۆماری ئیسلامی زمانی دیپلۆماسی نازانێت، تەنها کاری تیرۆریستی دەزانێت."

وتەبێژی حکومەتی بەلجیکا ڕایگەیاند، ئەو سێ کەسە کە دوو کەسیان دوو ڕەگەزنامەی نەمسا و ئێرانیان هەیە و یەکێکیان دانمارکییە، ڕۆژی هەینی لەلایەن ئێرانەوە ئازادکران لە بەرامبەر ئەسەدوڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری ئێرانی لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕێکدا کە هەفتەی ڕابردوو ئێران کارمەندێکی فریاگوزاری بەلجیکی بە ناوی ئۆلیڤیێر ڤاندێکاستیلی ئازادکرد.

میهری ڕەزایی باس لە پلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات سەبارەت بە دەستگیرکردنی خەڵکی بێگوناه و دەڵێت "کاتێک کەسانی تیرۆریستی سەر بە ڕژێمی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە دەستگیردەکرێن، کۆماری ئیسلامی هەڵدەستێت بە دەستگیرکردنی کەسانی بێگوناه و دواتر مامەڵەیان پێوەدەکات."

ئەسەدوڵا ئەسەدی لە ساڵی 2021 لە بەلجیکا سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بەهۆی پەیوەندی بە پلانێکی تەقینەوە لە فەرەنسا کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی فەرەنساوە پوچەڵکرا. ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، هەڵبەستراون. بەڵام بەلجیکا هەموو زانیارییەکانیان لێوەرگرتووە.

میهری ڕەزایی دەشڵێت "بەلجیکا کە ئەسەدوڵا ئەسەدیان دەستگیرکرد هەموو زانیارییەکانیان لێوەرگرتووە، چونکە ئەو پیاوە کەسێکی دیپلۆماسی باڵای ئێران بووە، ئێستا بەلجیکا کاری خۆی کردووە، ئەو کەسەی خاڵیکردۆتەوە لە زانیاری و پلانەکانیان."

دەشڵێت ئەوەشمان بیرنەچێت "ئەسەدوڵا ئەسەدی کارتێکی سووتاو بوو بەدەستی حکومەتی بەلجیکاوە؛ دایەوە بە ئێران و واتە کەسێکی تیرۆریستی ئازادکرد، بەڵام لەپای ئەوە سێ کەسی بێ گوناحی پێ ئازادکرد."

*دەتوانن لە ڕێی ئەم فایلە دەنگییەوە گوێبیستی تەواوی وتوێژەکەی میهری ڕەزایی بن.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ میهری ڕەزایی