دادگای باڵای سوید ڕێگە بە حکومەتی وڵاتەکەی دەدات کەسێک ڕادەستی تورکیا بکات

دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سوید دەڵێن دادگای باڵای وڵاتەکەیان گڵۆپی سەوزی بۆ حکومەت داگیرساندووە لەوەی بتوانێت کەسێک ڕادەستی تورکیا بکات کە دەڵێت لەبەر پشتیوانیکردنێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەمەش داوایەکی سەرەکی تورکیا بۆ پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا.

ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادێت Aftonbladet لەم بارەیەوە نووسیویەتی، بڕیارەکەی دادگا مانای ئەوەیە حکومەتی سوید دەتوانێت بڕیار بدات ئایە ئەو کەسە ڕادەستی ئەنکەرە بکرێت یان نا. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەربێت و حکومەت بڕیاری ڕادەستکردنی بدات، ئەوا ئەو کەسە دەبێتە یەکەم لایەنگری پەکەکە کە لە لایەن سویدەوە ڕادەستی تورکیا بکرێت.

بەپێی یاساکانی وڵاتی سوید، حکومەت بڕیار دەدات کەسێک ڕادەستی وڵاتێک بکرێت یان نا، بەڵام ئەگەربێت و دادگای باڵا بڕیار لە دژی ئەو ڕادەستکردنە بدات، ئیدی حکومەت ناتوانێت کەسەکە ڕادەستبکات.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کرد کەسەکە پیاوێکی تەمەن 35 ساڵە و لە ساڵی 2014 لە تورکیا حوکمی زیندانی 4 ساڵ و حەوت مانگ دراوە بە تۆمەتی ئەوەی لە ئەدەنە ماریوانای پێگیرابوو، بەڵام دواتر لەبەر ڕەفتاری باشی لە زیندان زووتر ئازادکراوە. لە ساڵی 2018 گەیشتووەتە سوید. بەڵام لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو لەسەر داوای تورکیا لە سوید دەستگرکرا. داواکاری گشتی تورکیا داوایکردبوو کەسەکە دەستگیربکرێت بۆ ئەوەی ماوەی سزای زیندانیکردنەکەی تەواوبکات.

کەسەکە لای خۆیەوە بە ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی وتووە، هۆکاری ڕاستەقینەی ئەوەی تورکیا دەیەوێت ڕادەستیبکەن، ئەوەیە ئەو پەیوەندی لەگەڵ هەدەپە هەیە و پشتیوانی خۆی بۆ پەکەکە دەربڕیوە.

بەپێی ڕۆژنامەکە، دادگاکە لە داواکاری گشتی تورکیای پرسیوە ئایە هیچ تۆمەتێک هەیە لە دژی ئەو کەسە بەوەی پرۆپاگەندەی بۆ ڕێکخراوێکی تێرۆرستی کردبێت یان سووکایەتی بە سەرۆکی تورکیا کردبێت، داواکاری گشتی تورکیا ڕەتیکردووەتەوە هیچ تۆمەتێکی لەو شێوانە لە دژی کەسەکە هەبن.

لە پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سوید هەوڵ دەدات هەرچی چۆنێک بێت ببێتە ئەندامی ناتۆ تاوەکو لە ئەگەری هەر هێرشێکی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی پارێزراوبێت، بەڵام تورکیا هەتا ئێستا ڕازی نییە و دەڵێت سوید ڕێوشوێنی پێویست لە دژی تێرۆرستان ناگرێتەبەر، ئەمەش مەبەستی لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و کەسانی سەر بە فەتحوڵا گولەنە. سویدش هەوڵ دەدات بتوانێت بە شێوەیەک تورکیا ڕازی بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێت بەوەی ملکەچی خواستەکانی حکومەتێک دەبێت کە ناسراوە بەوەی ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە و ژمارەیەکی زۆری لە ڕۆژنامەوانان و ڕەخنەگرانی خستووەتە زیندانەوە.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە فڕانس پرێسەوە وەرگیراون