دکتۆر مەهدی ئەبوبەکر: عێراق لەلایەن ئێرانەوە بە بارمەتە گیراوە

بڕیار بوو بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە یاسادانەرانی عێراق دەنگ بدەن لەسەر ئەو بەرنووسی بودجەیەی نزیکەی شەش مانگە ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە، بەڵام ئەو دەنگدانە دواخرا بۆ درەنگانێکی ئەمڕۆ.

سەرچاوەکان لە پەرلەمانەوە ئاماژەدەکەن بەوەی بەهۆی هەندێک لە گۆڕانکارییەکانی کراون لە بەرنوسی بودجەدا پێویستە جارێکی تر لیژنەی دارایی پەرلەمان دەنگی لەسەر بداتەوە.
شارەزا دەڵێن ئەمە عێراقە و تەنانەت مافی گشتیش لە پێناو بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەکاندا فەرامۆش دەکرێن.

دکتۆر مەهدی ئەبوبەکر پسپۆڕی سیاسی، وەڵامی ئەو پرسیارە بە قورس دەزانێت کە کێ لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکدایە لە عێراق و دەڵێت، تا ئێستا لایەنە سیاسییەکانی عێراق نەیانسەلماندووە کە لە بەرژەوەندی خەڵک کار دەکەن "هەربۆیە ڕەنگە نەتوانم بە دیاریکراوی بڵێم کامیان لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق کار دەکات."

دکتۆر مەهدی دەڵێت بە درێژایی مێژوو سەلمێندراوە خەڵک جگە لە جەماوەرێکی بێدەسەڵات هیچ شتێکی تر نییە بەبێ سەرکردەیەکی کاریزمایی یان لایەنێکی بتوانێت پێشڕەویی بکات، وەک دەڵێت "لە ئێستادا لە عێراق سەرکردەیەکی کاریزما نییە تا بتوانێت پێشڕەوایەتی خەڵک بکات بۆ گۆڕانکاریی، نە لایەنێکی جەماوەرییش هەیە بتوانێت پێشڕەوایەتی خەڵك بکات بۆ گۆڕانکاریی، هەربۆیە خەڵکی عیراق دەستەوسان وەستاوە و چاوەڕوانی چارەنوسێکی نادیار دەکات."

سەبارەت بە هەژمونی ئێران لە عێراق، دکتۆر مەهدی دەڵێت "عێراق بە تەواوتی لە لایەن ئێران و ئێرانییەکانەوە بە بارمتە گیراوە، ئەوەی ئێستا لە عێراقدا حوکم دەکات ئێرانییەکانن و ئەوەشی بڕیاری چارەنووسساز لە بارەی عێراقییەکانەوە دەدات هەر ئێرانییەکانن." دەشڵێت بۆیە هیچ ئاسۆیەکی دەربازبوون بۆ خەڵکی عێراق نابینیت.

دکتۆر مەهدی ئاماژەش بەوە دەکات، ئەو ڕەوشەی عێراق چەندێک پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەکەوە هەیە، هێندەش پەیوەندی بە گرژی و کێشمەکێشە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانیشەوە هەیە.

زانیاری زیاتر لەم لینکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر مەهدی ئەبوبەکر