چەند زانکۆیەکی بەریتانیا تۆمەتبار دەکرێن بە هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بواری سەربازیدا

چەند زانکۆیەکی بەریتانیا تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی توێژینەوە بۆ پیشەسازی بەرگری ئاسمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەوانەش زانکۆی کامبریج و کۆلێژی ئیمپریال لەندەن.

ئەو زانکۆیانەی بەریتانیا بە هاوکاری لە پرۆژەی پەرەپێدانی چەکی کۆماری ئیسلامی لەوانەش دیزاین و دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان تۆمەتبار کراون. پشکنینەکان دەریانخستووە کە توێژەرانی ئەو زانکۆیانە هاوکاری حکومەتی ئێرانیان کردووە بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو کە دەتوانرێت لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی ئاسمانیدا کەڵکیان لێوەوەربگیرێت.

ڕۆژنامەی جویش کڕۆنیکڵ(The Jewish Chronicle) کە ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی جووەکانە و بنکەکەی لە لەندەنە، لە لێکۆڵینەوەکانیدا بۆی دەرکەوتووە کە لانیکەم 11 زانکۆی بەریتانیا، لەوانەش زانکۆی کامبریج، کۆلێژی ئیمپریال لەندەن و کۆلێژی پسپۆڕی فڕۆکەوانی زانکۆی کرانفیڵد، کاریان لەسەر پڕۆژەی پەیوەندیدار بە ئێران کردووە و ستافەکانیان لانیکەم 16 توێژینەوەیان بۆ پیشەسازییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرهەم هێناوە.

لە وەڵامی دەرئەنجامەکانی ئەو پشکنینەی ڕۆژنامەی جویش کڕۆنیکاڵ، نوێنەرانی پارلەمانی بەریتانیا داوایان لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان کردووە کە پشکنینی پێویست سەبارەت بەو توێژینەوە زانستیانە بکەن.

لێکۆڵینەوەکەی جویش کڕۆنیکڵ ئاشکرایکردووە کە لە یەکێک لەو لێکۆڵینەوەیانەی کە بە پاڵپشتی دارایی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراوە، توێژەران لە بەریتانیا کاریان لەسەر باشترکردنی بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە بۆ زیادکردنی بەرزی، خێرایی و مەودای فڕینەکەی.

هەروەها ڕۆژنامەکە نووسیوێتی کە زانکۆیەکی دیکەی بەریتانیا لەگەڵ توێژەرانی ئێرانی کاریان کردووە بۆ تاقیکردنەوەی سیستەمی نوێی کۆنترۆڵ بۆ بزوێنەری جێتەکان بە مەبەستی باشترکردنی توانای مانۆڕکردنیان کە بۆ بەکارهێنانی سەربازی دروستکراون.

گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیا لە ئیمەیڵێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر نووسیوێتی "ئێمە ئەو هاوکارییانەی کە ئاسایشی نیشتمانیمان ڕووبەڕوی مەترسی بکەنەوە، قبوڵ ناکەین."

هەروەها دەیڤید لامی ئەندامی پارتی کرێکارانی بەریتانیا و وەزیری دەرەوەی کابینەی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە قووڵی نیگەرانکەرن و داوای لە حکومەت کردووە بەپەلە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکات کە ئایا سزاکانی سەر ئێران پێشێلکراون یان نا.

بەریتانیا هەناردەکردنی تەکنەلۆجیای سەربازی و هەروەها ئەو تەکنۆلۆژیایانەی کە هەم لە چوارچێوەی سەربازی و هەمیش لە بواری مەدەنیدا بەکاردەهێنرێن، بۆ ئێران قەدەغە کردووە. هەروەها حکومەتی بەریتانیا لەم دواییانەدا سزای نوێی بەسەر بەرپرسانی ئێراندا سەپاندووە کە پەیوەندییان بە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەیە بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ جویش کڕۆنیکڵ/ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر