لە سلێمانی کەسێک بە سەختی بریندار دەکرێت کە دەوترێت لە ژێر هەڕەشەی حکومەتی تورکیا بووە

سلێمانی

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم نوسینگەی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا تەقە لە کەسێک کرا و هەوڵی کوشتنی درا. بە پێی زانیاریەکان لە ئێستادا ئەو کەسە لە نەخۆشخانەیە و تەندروستی ناجێگیرە.

کەسەکە ناوی حسێن ئاراسانە و لە دایک بووی ساڵی 1978 و خەڵکی ماردینە. ئەو ساڵانێکە لە سلێمانی نیشتەجێیە و ئەندامی ڕێکخراوی میزۆپۆتامیایە کە بریتییە لە ڕێکخراوێکی تایبەت بە کرێکارانی کوردستانی تورکیا لە سلێمانی.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند حسێن ئاراسان لەبەردەم نوسینگەی ڕێکخراوەکە لە لایەن کەسێکەوە تەقەی لێکراوە و بە سێ فیشەک پێکراوە. دوای ڕووداوەکە بەپەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و ئێستا تەندروستی ناجێگیرە.

ئایسەل کە ئەندامانی ڕێکخراوی میزۆپۆتامیایە و نەیویستوە ناوی تەواوی ئاشکرا بکرێت، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ کاتژمێر 10:30، کاتێک حسێن لەبەردەم نوسینگەی ڕێکخراوەکە بووە، لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێکراوە و هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە."

ئەو وتیشی"حسێن خێزاندار نیە و خەڵکی ماردینەو پێشتر چالاکوانی سیاسی بووە لە تورکیا، بەڵام بە هۆی هەڕەشەی حکومەتی تورکیا هاتۆتە شاری سلێمانی و ساڵانێکە لێرە دەژی."

حسێن ئاراسان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شارە و لە ژێر چاودێری چڕدایە. بە پێی قسەی ئایسەل "مەترسی لە سەر ژیانی هەیە و بە سێ گولە پێکراوە کە بەر سنگ و ملی کەوتووە."

بەرپرسانی نەخۆشخانەکە ئامادەنەبوون لەسەر ڕووداوەکە لێدوان بدەن.
بە پێی قسەی سەرچاوەیەک لەناو ئاسایشی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمەریکا تا ئێستا بە هۆی ڕوداوەکەوە کەس دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە. بەڵام تا ئێستا بە فەرمی بەڕیوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و پۆلیسی سلێمانی هیچ ڕونکردنەوەیەکیان بڵاو نکردۆتەوە لەو بارەیەوە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

ئەم هەواڵە نوێ دەکرێتەوە....