دەستپێکردنی ئاگربەستی 24 کاتژمێری سودان و بێدەنگی خەرتوومی پایتەخت

ئاگربەستی نێوان لایەنە بەشداربووەکانی شەڕی ناوخۆی سودان بەیانی ڕۆژی شەممە 10ی ئەم مانگە دەستیپێکرد.

شارەزایان دەڵێن بە لەبەرچاوگرتنی پێشێلکردنی سەرجەم ئاگربەستەکانی پێشوو، ئەگەری پێشێلکردنی ئەم ئاگربەستەی ئێستاش زۆرە.

ئەمەریکا و سعودیە وەک ناوبژیوانانی ئەو ئاگربەستە هۆشدارییان داوە کە ئەگەر هەریەکێک لە لایەنەکانی ئەو ناکۆکیانەی سودان، ئاگربەستەکە پێشێل بکات، ئەوا لە هەوڵەکانیان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لەو وڵاتەدا دەکشێنەوە.

دانیشتوویەکی باکوری خەرتوومی پایتەختی سودان ڕایگەیاندووە ئەو ئاگربەستە "زۆر کەمترە" لە چاوەروانیەکانی خەڵکی سودان کە خوازیاری کۆتاییهاتنی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەن.

چالاکانی مرۆیی دەڵێن ئاگربەستە کورتەکە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ قوربانیانی شەڕی سودان.

شەڕی ناو سوودان لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزە نیمچە سەربازییەکاندا لە 15 ی مانگی چواردا دەستیپێکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوڵاتی لە ناو سووداندا و 400,000 هەزار هاووڵاتی دیکەی ناچار کردووە هەڵبێن بۆ وڵاتانی دراوسێی سوودان.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز