دەربەدەرەکانی عەفرین ڕۆژی یەکشەممە لە بەردەم بنکەیەکی سەربازی ڕووسیا لە ناوچەی شێهبا خۆپیشاندانێکیان لە دژی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا ئەنجام دا.
خۆپیشاندەران بێدەنگی ڕووسیایان لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا شەرمەزارکرد کە ڕۆژی شەممە کرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە).
ئەو ناوچەیەی هێرشەکەی تێدا ڕوویداوە نزیکەی 40 کیلۆمەترلە سنووری تورکیاوە دوورە، بۆیە چالاکوانانی کورد ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە نیشانەی هەندێک گۆڕانکارییە، چونکە ئەمە یەکەمجارە هێرشێکی لەو شێوەیەی تورکیا لە سنووری شاری حەلەب ڕووبدات.
نیزاڵ ئیبراهیم، کە بەشداریی لە خۆپیشاندانەکەدا کرد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەم هێرشە دەرئەنجامی ڕێککەوتنەکانی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە لە مۆسکۆ بووە، "هێزەکانی ڕووسیا و ئێران و حکومەتی دیمەشق لە ناوچەکەن، بەڵام تورکیا ئەم هێرشەی ئەنجامدا. ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا هەیە کە گەلانی سوریا بە تایبەتی کوردەکان باجەکەی دەدەن."
لە ماوەی ڕابردوودا مۆسکۆ میوانداری کۆبونەوەیەکی لە نێوان تورکیا، سوریا و ئێرن کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.
سەبارەت بە ڕووداوەکەی ڕۆژی شەممە، یەپەگە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سوپای تورکیا هێرشێکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانیان لە ئەحداس لە باکوری حەلەب ئەنجام دا، کە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس لە هێزەکانیان بریندار بوونی دوانی تر.
فێنەر محەمەد بێزارە لە ڕۆڵی ڕووسیا و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەرچەندە ناوچەکە لەژێر پاراستن و سەرپەرشتی ڕووسیادایە، بەڵام بەردەوام تۆپباران دەکرێت و منداڵەکانمان دەبنە قوربانی، پێشتر ڕووسیا ڕێگەی دابوو تورکیا عەفرین داگیربکات".
شایانی بیرهێنانەوەیە کە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ڕژێمی سوریا هیچ هەڵوێست و لێدوانێکی سەبارەت بەو هێرشە نەداوە.
جگە لەوەش محەمەد بەیرەم، سەرۆکی پارتی سوریای ئایندە ڕایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا نەیدەتوانی هێرش بکات، "ڕووسیا وڵاتێکی کەفیلە، چاودێری ئاسمانی ناوچەکە دەکات، بۆیە دەڵێین کە کە دەستی ڕووسیا و حکومەتی سوریا لەم ڕووداوەدا هەیە، بەڵام دیسانیش داوا دەکەین ڕووسیا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات".
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی ڕۆژاڤا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تورکیا 17 جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ئەنجامدا 26 کەس کوژراون و 14 کەسیش برینداربوون.