ترامپ لە دۆسێی هەڵگرتنی بەڵگەنامە نهێنییەکاندا دانی بە هیچ تاوانێکدا نەناوە

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە لە میامی لە بەردەم دادوەری فیدراڵی ئامادەبوو و خۆی بە تاوانبار نەزانی لەسەر تۆمەتەکانی کە ڕووبەڕووی کرایەوە لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەیان بەڵگەنامەی نهێنی ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ خۆیدا بردبوو، دوای ئەوەی کۆشکی سپی بەجێهێشت و ڕێگری لە هەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ وەرگرتنەوەیان.

ترامپ بووە یەکەم سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کە ڕووبەڕووی دادگای فیدراڵی ببێتەوە کاتێک هەفتەی ڕابردوو دەستەی باڵای سوێندخۆران لە میامی بە 37 تۆمەتی پەیوەست بە گوایە مامەڵەکردنی هەڵەی لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکاندا بە تاوانباریان زانی.

تۆمەتبارکردنەکە کە لە 9ی مانگی شەش مۆرکرا، ترامپ بە 31 تۆمەتی "هێشتنەوەی بە ئەنقەست"ی زانیارییەکانی بەرگری نیشتمانی تۆمەتبار دەکات، هەر تۆمەتێک بۆ بەڵگەنامەیەکی جیاوازە کە گوایە ترامپ لە کۆشکی سپییەوە بردوویەتی بۆ مار ئا لاگۆ (ماڵەکەی لە فلۆریدا) و تەنانەت پاش ئەوەش کە داوای لێکرا ئامادەنەبوو بیانگەڕێنێتەوە.

هەروەها لە تۆمەتبارکردنەکەدا باس لەوە کراوە کە ترامپ لە دوو شوێندا بەڵگەنامە نهێنییەکانی پیشانی کەسانی دیکەدا داوە و لەگەڵ یاریدەدەرێکی بە ناوی واڵت ناوتا پیلانگێڕییان کردووە بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکان نەکەونە دەستی لێکۆڵەران.

تاد بلانچ، یەکێک لە پارێزەرانی ترامپ بە دادوەر جۆنەتەن گودمان-ی وتووە "بە دڵنیاییەوە ئێمە دان بە هیچ تاوانێکدا نانێین."

ترامپ بە کەفالەتی کەسایەتی ناسراوی خۆی ئازادکرا و فەرمانی پێکرا کە پەیوەندی لەگەڵ ناوتا و شایەتحاڵەکاندا نەکات سەبارەت بە وردەکاری دۆسیەکە. ناوتا، کارمەندی پێشووی کۆشکی سپی و یاریدەدەری ترامپ، دانی بە تاوانەکەیدا نەنا بۆ شەش تۆمەتی ڕێگریکردن لە لێکۆڵینەوەکان و درۆکردن لەگەڵ لێکۆڵەران.

هەر تۆمەتێکی "هێشتنەوەی بە ئەنقەست"ی زانیاری بەرگری سزای هەتا 10 ساڵ زیندانیکردنی لەسەرە. تۆمەتی ڕێگریکردنیش تا 20 ساڵ سزای لەسەرە.

تۆمەتبارکردنەکەی ترامپ لە کەشێکی ئاسایشی قورسدا لە دادگایەکی فیدراڵی لە ناوەندی شاری میامی ڕوویدا. سەدان کەس لە لایەنگرانی سەرۆکی پێشوو لە دەرەوەی بیناکە کۆبوونەوە. دەسەڵاتداران ترسیان لەوە هەبوو کە گردبوونەوەکە توندوتیژ بێت، بەڵام جەماوەرەکە بە ئارامییەوە مانەوە. ڕێوشوێنی دادگا کەمتر لە کاتژمێرێکی خایاند و بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوە چوو.

ئەم دۆسیەیەی ترامپ بە جددیترین هەڕەشەی یاسایی سەیر دەکرێت کە ڕووبەڕووی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەبێتەوە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2021 کۆشکی سپی بەجێهێشتووە.

ئەو بەڵگەنامانەی کە ترامپ تۆمەتبارە بە بردنی لە کۆسکی سپی بەشێک بوون لە بەڵگە نامە هەرە نهێنییەکانی حکومەت. بەپێی ئەو تۆمەتە 49 لاپەڕەییە، زانیارییان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا و ئەگەری لاوازی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە بەرامبەر هێرش و پلانەکانی وەڵامدانەوەی تێدابووە. لە تۆمەتنامەکەدا باس لەوەش کراوە، ئاشکراکردنی ئەو نهێنیانە دەتوانێت ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بخاتە مەترسییەوە.

ترامپ گوتویەتی گوایە کە "فەرمانی هەمیشەیی"ی هەبووە بۆ ئەوەی هەر بەڵگەنامەیەک کە لە ئۆڤەڵ ئۆفیسی (شوێنی کارکردنی لە کۆشکی سپی)یەوە بردبێتی بۆ شوێنی حەوانەوەی لە کۆشکی سپی لە نهێنی لاببات.

بەڵام لە تۆمەتبارکردنەکەدا باس لەوە دەکرێت کە ترامپ ئاگاداری ئەو یاسایانە بووە کە زانیارییە نهێنییەکانی ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەدەبەن و بە ئەنقەست پێشێلی کردوون.

Your browser doesn’t support HTML5

ئایا تۆمەتبارکردنەکان دەبنە گرفت لە بەردەم ترەمپ بۆ خۆ کاندیدکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2024

لە حاڵەتێکدا، لە مانگی حەوتی 2021، گوایە ترامپ بەڵگەنامەیەکی سەبارەت بە "پلانی هێرش" پیشانی کۆمەڵێک سەردانکەری یانەکەی گۆڵفی نیوجرسی داوە و پێی وتوون کە "زۆر نهێنی"ە و چیتر ناتوانێت پۆلێنی بکات و بیکات نهێنییەکەی لاببات.

لە نموونەیەکی دیکەدا لە مانگی نۆی 2021 ترامپ نەخشەیەکی نهێنی پیشانی نوێنەری لیژنەی کارە سیاسییەکانی خۆی داوە و پێی وتووە کە "نابێت ئەوە پیشانی [ئەو] بدات و [ئەو] نابێت زۆر لێی نزیک بێتەوە".

بەپێی یاسای ئەمەریکا، هەموو تۆمارەکانی سەرۆکایەتی دەبێت ڕادەستی ئەرشیفی نیشتمانی بکرێن کاتێک ماوەی سەرۆکایەتییەک کۆتایی دێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەگوترێت بەشێکی زۆری بەڵگەنامەی زۆر گرنگی لای خۆی هێشتووەتەوە.

دوای ئەوەی لە مانگی پێنجی 2022 دا ترامپ بە فەرمی داوای لێکرا ئەو بەڵگانە بگەڕێنێتەوە ، گوایە ترامپ یەکێک لە پارێزەرەکانی ڕاسپاردووە کە بە لێکۆڵەران ڕابگەیەنێت کە ئەو بەڵگەنامانەی کە باسی لێوە دەکرێت لەبەردەستدا نییە.

بەپێی تۆمەتبارکردنەکە، کاتێک پارێزەرەکە پێشنیاری گەڕانی ماڵەکەی کردووە، گوایە ترامپ بە ناوتای گوتووە بەڵگەنامەکان لە ژوورێکی عەمبارکردنەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بۆ ئەوەی لە پارێزەرەکە بیانشارێتەوە.

ترامپ کە ئێستا کاندیدی پێشەنگی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان، کاردانەوەی سەرپێچیکارانەی بەرامبەر بەو تۆمەتە دەربڕیوە و بە "گۆشەگیرییەکی خراپ" ناوی بردووە وەک دەڵێت لەلایەن "بەشی نادادپەروەری ئیدارەی بایدن کە وەک چەک بکارهاتووە" و بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان تەنانەت ئەگەر سزاش بدرێت.

ترامپ ڕۆژی شەممە بە ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆی گوت " هەرگیز ناکشێمەوە."