ئەمەریکا پشتڕاستی دەکاتەوە مۆڵەتی داوە بۆ ئازادکردنی نزیکەی سێ ملیار دۆلار پارەی ئێران کە لە عێراقدا سڕ کراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەو پارەیەی ئێران کە ئازادکراوە، بڕیارە بۆ مەبەستی مرۆیی و کڕینی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ئەو وڵاتە" خەرج بکرێت.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە 13ی ئەم مانگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند نزیکەی سێ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە عێراق ئازاد کراوە و ئەو وڵاتە دەتوانێت ئەو پارەیەی کە لە هەژمارە بانکییەکانی عێراقدایە، تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی و کڕینی ئەو کاڵایانەی سزایان لەسەر نییە، کەڵک وەربگرێت.
میلەر لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە لە حکومەتی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵانی ڕابردووشدا، هەندێ جار ئەنجامدراوە.
هەروەها محەمەد موخبەر، جێگری یەکەمی ئیبراهیم ڕەئیسی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی شاندی حکومەت ڕۆژی چوارشەممە 14ی مانگی شەش بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران لە هەندێک وڵاتدا ئازاد کراوە و لە هەندێک وڵاتی دیکەش بڕیارە ئازاد بکرێت."
ناوبراو ناوی وڵاتێکی دیاریکراوی نەخستەڕوو، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسی و حکومییەکانی کۆریای باشوور پێشتر بە ڕۆژنامەیەکی ئابووریی ئەو وڵاتەیان ڕاگەیاندووە کە سیئۆل و واشنتن لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەکدان تا حەوت ملیار دۆلار پارەی سڕکراوی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشووردا ئازاد بکەن.
چەند ڕۆژ پێشتریش ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی عێراقییەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردبوو، بڵاویکردەوە کە مۆڵەتی ئازادکردنی ئەو بڕە پارەیەی هەناردەکردنی گاز وکارەبای ئێران بۆ عێراق لە میانەی کۆبوونەوەی نێوان فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، هاوتا ئەمەریکاییەکەی دەرچووە.
ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا وزەی بۆ عێراق هەناردە کردووە، بەڵام بەهۆی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی، بەغدا نەیتوانیوە پارەی گاز و کارەبایەی ئێران بدات بە تاران.
سەرچاوە/بەشێک لەم هەواڵە لە ڕادیۆ فەردا وەرگیراوە