هەرچەندە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق پێشتر ڕێککەوتبوون لەسەر ئەوەی حکومەتی عێراق موچەی مامۆستایانی کوردی لە کەرکوک بگرێتە ئەستۆ، بەڵام پەرلەمانی عێراق ئەم مانگە ئەو ڕێککەوتنەی شکست پێهێنا. ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت پەرلەمانتارە شیعە و سونەکان لە ناو هۆڵی پەرلەمان "دۆخێکی ئاڵۆزیان دروستکرد" کە نەتواندرا ئەو بڕگەیەی نێو پرۆژە یاسای بودجە تەنانەت بخرێتە دەنگدانیشەوە.
شوان محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتێک بابەتی گواستنەوەی مامۆستایانی کوردی لەکەرکوک هێنرایە بەرباس، پەرلەمانتارە شیعە و سونەکان دەستیانکردە قیڕە قیڕو خۆ ڕاوەشاندن. وتیان ڕازی نابین مامۆستایانی کوردی لەکەرکوک بخرێنە سەر عێراق. بۆیە ئەو مادەیە هەر نەخرایە دەنگدانەوە."
لە ساڵی 2003 کاتێک حکومەتی بەعس ڕووخا و کورد دەسەڵاتی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان گرتە دەست، خوێندنی کوردی لە کەرکوک و خانەقین و زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان کرایەوە. لە ئێستادا 14 هەزار مامۆستای خوێندنی کوردی لەو ناوچانە دەوام دەکەن و موچە و بودجەیان لەسەر حکومەتی هەرێمە.
بڕگەی (6) ی مادەی (15)ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق تایبەتبوو بە گواستنەوەی "میلاک"و شایستە داراییەکانی ئەو مامۆستایانە لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق. چەندین ساڵە مامۆستایانی کوردی لەو ناوچانە بەردەوام کێشەی دابینکردنی شایستە داراییەکانیان هەبوو و هیواداربوون ئەم یاساییە چارەسەری بنەڕەتی کێشەکەیان بکات.
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە سەر گواستنەوەی میلاکی مامۆستایانی بەشی کوردی ڕێککەوتبووین، کە بڕیاربوو لەلایەن پەرلەمانەوە بودجەی مامۆستایان پەسەند بکرێت. بەڵام پەرلەمان نائومێدی کردین و هیچ ئومێدێکمان نەما."
تەنها لە کەرکوک 435 خوێندنگای کوردی و 40 باخچەی ساوایان هەیە و 9 هەزار مامۆستاو فەرمانبەر لە خوێندنی کوردی دەوام دەکەن. هەروەها 92 هەزار خوێندکاریش لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەخوێنن.
ڕۆژی 15/6 مامۆستایانی بەشی کوردی لە کەرکوک خۆپیشاندانیان دژی ڕێگرییەکانی پەرلەمان ئەنجامدا.
محەمەد خەلیل یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی بەشی کوردی لە کەرکوک، پێیوایە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆدەنگیان بۆ گواستنەوەیان بۆ سەر عێراق لە نێو پەرلەمان دروست نەکردبوو، بۆیە بابەتەکە لە نێو پەرلەمان شکستی پێهێنرا.
محەمەد خەلیل، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتی خوێندنەوەی برگەی گواستنەوەی مامۆستایانی بەشی کوردی بۆ سەر عێراق گونجاو نەبوو. پەرلەمان پڕبوو لە ململانێ و رق و تۆڵە، بۆیە مەسەلەکە شکستی هێنا."
مامۆستایانی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، زۆربەیان موچە و شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابین دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدان.
Your browser doesn’t support HTML5