پەرلەمانی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یاسای بودجەی بۆ 3 ساڵی داهاتوو پەسەند کرد و چەند یاسایەکی سەرەکی تێپەڕاند کە دەوترێت بە زیانی هەرێمی کوردستان بوون.
ئێستا چەند ئەندام پەرلەمانێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار پرسیار لەسەر توانست و ئەدای نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەن و دەڵین ئامادە نەبوونی سەرکردەی باڵای حزبە کوردییەکان لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کەم ئەزموونی هەندێک لە پەرلەمانتاری کورد هۆکارن بۆ ڕووداوەکان.
ئەوان ئاماژە بەوەش دەکەن، بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرفتی زانینی زمانی عەرەبی و لاوازی ئەزموونی سیاسییان هەیە، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر شێوازی نوێنەرایەتیکردنی کورد لە بەغدا.
دکتۆر کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەر ڕاشکاوانە قسە بکەم، ئەندامانی خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی دوای رووخانی بەعس لە ڕیزی یەکەمی حزب و سیاسییەکان بوون. ئەوان ئەزموونی سیاسییان زیاتربوو، باشتر توانای نوێنەرایەتییان هەبوو."
ئەو وتیشی،"کورد و حزبەکان دەیانتوانی خەڵکی باشتر بنێرنە پەرلەمان. مەبەستم هەموومانە، ئەوە نییە خۆم لە مەسەلەکە دەربکەم. چونکە پەرلەمانتار گەر زمانی عەرەبی نەزانێت و ناو هۆڵی پەرلەمان قسە نەکات، خۆ دەبێت لە ناو لیژنەکەیدا ڕۆڵی هەبێت. بۆیە زمان و پسپۆڕی و ئەزموونی سیاسی کاریگەری خۆی هەیە."
لە ئێستادا کورد لە کۆی 329 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خاوەنی 64 کورسیە. دابەشبوونەکان بەم شێوەیەن: پارتی 32 کورسی، یەکێتی 18 کورسی، نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 4 کورسی، و کۆمەڵی دادگەری 1 کورسی.
"پەرلەمانتاران دەسەڵاتیان لا نییە"
هیچ ئەندامێکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران نین. بە هەمان شێوە یەکێتیش هیچ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسییەکی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا نییە، هەرچەندە سەرۆک و جێگری فراکسیۆنەکەی ئەندامی سەرکردایەتین.
نەوەی نوێ کە خاوەنی 9 پەرلەمانتارە، ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی جوڵانەوەکەی هەڵوەشاندووەتەوە. یەکگرتووی ئیسلامی لەکۆی 4 پەرلەمانتاریان، دوانیان ئەندامی سەرکردایەتییە و پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەریش سەرکردایەتی نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە خولی دوای رووخانی ڕژێمی بەعس لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و تەنانەت کەسی یەکەمی حزبە کوردیەکانیش پەرلەمانتار بوون، وەکو دکتۆر فوئاد مەعسود ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرۆک کۆماری دواتری عێراق، هەروەها عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەری و چەندین مەکتەب سیاسی و ئەندامی سەرکردایەتی تر.
چاودێران دەڵێن ئەم گۆڕانکارییە وەهایکردووە کە پەرلەمانتاران نەتوانن ڕاستەوخۆ خاوەن بڕیار بن و زۆربەی پرسە گرنگەکانی نێو پەرلەمان پێشوەخت بە ڕێککەوتنی سیاسی و لە سەرووی پەرلەمانتارانەوە یەکلایی دەکرێنەوە بەو پێیەی بڕیار لای سیاسییەکانە لە هەرێمی کوردستان نەک پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا.
چاودێران دەڵێن ئەم بارودۆخە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش دووبارە بووەتەوە بە شێوەیەک کە سەرکردە دەستەڵاتدارەکان ناچن لە ناو هۆڵی پەرلەمان ڕووبەڕوو گفتوگۆی پرسەکان بکەن.
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە کۆنەوە ڕایەکم هەیە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، دەبێت ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسانی باڵای حزبەکان ببنە پەرلەمانتار تا ڕۆڵ بۆ پەرلەمان بگێڕدرێتەوە و دەسەڵاتیان هەبێت."
دکتۆر مەحمود عوسمان وتیشی، "پەرلەمانتارانی کورد لە هەرێم و عێراقیش دەسەڵاتیان لا نییە. بڕیار لای بەرپرسانی حزبەکانە کە لە دەرەوەی پەرلەمانن."
ئاستی زمانی عەرەبی
سەرەتای ئەم مانگە لەکاتی گفتووگۆکردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجە، فوئاد حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی بە نوێنەرایەتی پارتی و خالد شوانی ئەندامی سەرکردایەتی و وەزیری داد بە نوێنەرایەتی یەکێتی پرسە جێناکۆکەکانیان لەگەڵ فراکسیۆنە عێراقییەکاندا یەکلایی دەکردەوە.
ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمەریکای وت، " لە سیستمی پەرلەمانیدا دەبێت بەرپرسانی باڵای حزبەکان سەرۆکی لیست بن، بەڵام هەندێک لە بەرپرسان لە دەنگ نەهێنان دەترسن و هەندێکیشیان پەرلەمان خۆیان بە گەورەتر دەزانن."
پێشنیاریشیکرد حزب خول بۆ پەرلەمانتارەکانی بکاتەوە و فلتەریشی هەبێت بۆ کاندید کردن.
نەبوونی سەرکردە باڵای لایەنە کوردییەکان لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدایە، بەشێکی زۆری سەرکردە باڵاکانی شیعە لە پەرلەمانەوە پۆستە باڵاکانی حکومەتیان وەرگرتووە. هەریەک لە نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئێستا و پێشووتری حکومەت پێشتر پەرلەمانتار بوون.
ئارام کەمال بەرێوەبەری ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان، کە رێکخراوەکەی چاودێری ئیش و کارەکانی پەرلەمانی عێراق و هەرێم دەکات، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەر پرسێک کە دەبرێتە نێو پەرلەمانی عێراق، گەر پێشوەخت رێککەوتنی سیاسی لەسەر نەکرابێت ناتوانرێت یەکلایی بکرێتەوە. پەرلەمانتار دەست بۆ ڕێککەوتنە سیاسییەکان بەرز دەکاتەوە."
هەرچەندە بەپێی دەستوری عێراق پەرلەمانتاری کورد مافی هەیە بەزمانی کوردی لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا گفتووگۆ بکات، بەڵام گفتووگۆکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زمانی عەرەبی ئەنجام دەدرێن.
داتایەکی ورد لەبارەی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارە کوردانەوە لەبەردەستدا نییە کە زمانی عەرەبی بە باشی نازانن، بەڵام بە پێی وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردکان گرفتی زمانی عەرەبییان هەیە.
مەیادە نەجار کادیری پێشکەوتووی پارتی و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ناڵێم خول لە دوای خوڵ کواڵێتی پەرلەمانتار دادەبەزێت، بەڵکو دەڵێم ڕادەی نیشتمانپەروەریشیان دادەبەزێت. پەرلەمانتار بە دەنگی خەڵکی هەرێم ڕۆیشتووە کەچی کار لەسەر بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێم دەکات."
هەروەها وتیشی، "پەرلەمانتار گەر زمان نەزانێت، چۆن بەرگری لە مافی هەرێم دەکات؟ یاخود پەرلەمانتاری لە ڕاگەیاندنی عەرەبییەوە هێرش دەکاتە سەر هەرێم، لەکاتێکدا ئەو بۆ بەرگری لە دەنگدەرەکانی نێردراوەتە بەغدا. گەر رەخنە هەبێت، ئەوە پەرلەمانی کوردستانە و ئۆپۆزسیۆنی تێدایە و با لێرە قسەی خۆیان بکەن."
هاوکات جەمال ئەحمەد سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە زمانزانی و سیاسی و یاسایی بۆ پەرلەمانتار گرنگن. ئەو پێیوایە "زمان نەبووەتە کێشەی گەورە" چونکە پەرلەمانتار دەتوانێت سود لە بەڕێوەبەری نوسینگەکەی بۆ زمان وەربگرێت.
جەمال ئەحمەد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئێمە گرفتی گەورەترمان هەیە..هەندێک پەرلەمانتاری سودمەند لەکاتی دانوستان گرفت دروست دەکەن، لە ڕاگەیاندن ئیستیفزازی خەڵکی تر دەکەن. ئەمە بۆ هەرێم بە خراپی شکاوەتەوە."