مستەفا چاوڕەش: دیاریکردنی 90 ڕۆژ لە لایەن هاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە "ئەسڵ و ئەساسی نییە"

مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی-یەکێتی نیشتمانی کوردستان

مستەفا چاوڕەش ،فەرماندەی هێزەکانی حەفتای یەکێتی، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا 90 ڕۆژی وەکو دوا وادە دیاریکردبێت بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەڵێت، "ئەوانەی ئەو هەواڵانە بڵاو دەکەنەوە ناحەزن."

ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم ڕۆژی چوارشەممە (14/6/2023) لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند هێزەکانی هاوپەیمانان تەنیا نەوەد ڕۆژیان داوە بە هێزەکانی پێشمەرگە بە مەبەستی یەکگرتنەوەیان.

ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەیەکی کە ناوی نەهێناوە دەڵێت، "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وادەیەکی کاتی بۆ هەردوو حزبی کوردی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی داناوە و ئەگەر پابەند نەبن بە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، ئەوا هاوکاریەکانیان دەبڕدرێن."

لەم بارەوە فەرماندەیی هێزەکانی 70 بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "دەمێکە هاوپەیمانان دەڵێن یەکبگرنەوە. ئێستاش پێمان دەڵێن و تازە نییە. بەڵام ئەوەی بڵێن مەوعیدی 90 ڕۆژیان دیاری کردبێت ئەسڵ و ئەساسی نییە. ئەم هەواڵانە بە درۆ بڵاو دەکرێنەوە وئەوانە ناحەزن."

مستەفا چاوڕەش دەشڵێت، "بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکای پێشمەرگە لەگەڵ هاوپەیمانان ڕیککەوتنی چوار بۆ پێنج ساڵیمان هەیە. ڕێککەوتنەکە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دەستی پێکردووەو لە 2026 تەواو دەبێت."

پێشتریش جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، "ئەگەر هەرێمی کوردستان هێزەکانی خۆی ڕێکنەخات ئەوا هاوپەیمانان جێمان دەهێڵن، وەک چۆن ئەفغانستانیان بەجێهێشت."

دەبێت پرۆسەی یەکگرتنەوە "کاراتر" بێت

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی باڵای سەربازی بەریتانیا بە بەسەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژکاری بەرگری بەریتانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێم کۆبوویەوە، لە نێوانیان نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی.

لە ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی هاتووە، "هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ڕێکخستنه‌وه‌ و يه‌کخستنى پێشمه‌رگه و چاکسازييه‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ کرده‌وه‌ و ئاماژه‌يان به‌وه‌ دا که‌ ده‌بێت پرۆسه‌که‌ به‌ شێوه‌يه‌کى کاراتر به‌ڕێوه‌ بچێت."

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت کە قوباد تاڵەبانی بە شاندەکەی وتووە، "نابێت ململانێی حیزبی و کێشە سیاسییەکان کاریگەرییان هەبێت لەسەر جێبەجێکردنی رێڕەوی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەکگرتووتر و تۆکمەتر و راهێنراوتر بێت."

سەبارەت بە دەنگۆی وادە سێ مانگیەکەی هاوپەیمانان، دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگە کرد بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.

لە پرسیاری ئەوەی تاچەند خراپی پەیوەندیەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی بۆتە بەربەست لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، مستەفا چاوڕەش بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئێمە ئەگەر پەیوەندیەکانمان خراپیش بێت خۆ نایگەیەنینە مریشکە ڕەشە."

وتیشی"دەبێت ئەو پەیوەندیانە چاک بکرێت، هەردوو حزبی سیاسی دانیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن. ئێمە تا ئێستا نەمانهێشتووە بچوکترین کاریگەری بکاتە سەر هێزی پێشمەرگە. چی بوبێت لە نێوانماندا، هێزی پێشمەرگە تەرەفدار نەبووە."

سەبارەت بە میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، فەرماندەی هێزەکانی حەفتا دەڵێت، پرۆسەی چاکسازی پێویستی بە کات هەیە.

وتی" ئەوە ئیشی شەوو ڕۆژ نییە. هەر خۆم 5500 ئەندامی هێزی پشتیوانیم خستۆتە سەر وەزارەت، دوو فرقەمان لێ دروستکردووە، چوار لیوای ترمان خستۆتە سەر وەزارەت کە لیوای زیاترە لە 3000 پێشمەرگە."

گرژێ نوێ لە ناو وەزارەت

مستەفا چاوڕەش نیگەرانە لەوەی ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە بەرچاو ناگیرێت و پێی وایە میدیا ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت لەم پرسەدا.

ڕایگەیاند" خەڵک بە مەزاجی خۆی قسە دەکات. یەکگرتنەوەی هێزەکان زەرورەتە و هەنگاوی بۆ دەنێیین. لە سەروی هەموشیانەوە داوا دەکەم قیادەی یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی تر دابنیشین، چونکە وەک پارتی و یەکێتی ئەو هێزەمان هەیە کە هەموو ڕۆژ لەسەر زمانی خەڵکە، کە پێشمەرگەیە و شەڕی داعشی کردووە و بەرگری لە کوردستان دەکات. ناکرێت هەریەکەمان لە ئاوازێک بخوێنین. یەکڕیزی لە هەمووشتێک گرنگتر."

شایەنی باسە ڕۆژی 11/6/2023 بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە پشکی پارتی فەرمانێکی دەرکردوە کە تێیدا دەڵێت لەمەودوا کار بە سیستەمی 50 بە 50 بۆ پۆستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە نێوان پارتی و یەکێتی ناکات.

یەکێتی پێیوایە ئەم بڕیارە هەوڵێکە بۆ بچوککردنەوەی ڕۆڵی لە وەزارەتی پێشمەرگە. ڕۆژێک دوای فەرمانەکە ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە کە لە سەر بە یەکێتیە لە وەلامدا دەلێت ئەو فەرمانە پێچەوانەی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە و دەشڵێت، "فەرمانی جەنابتان هیچ بنەمایەکی یاسایی و پەیڕەوی نییە بۆیە کاری پێناکرێت."

لەسەر ئەم پێشهاتە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی ڕووداودا لایەنی پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە "کەڵەگایی" تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، "ئێمە دوو هێزی پێشمەرگە 70 و 80 مان هەیە . هێزەکانی کە هەمانە لەوە دروستدەبێت و وەزارەتی پێشمەرگەش لەوە دروستدەبێت. بەڵام تۆ هەموو ڕۆژێک بڵێین، 'نەخێر ئەو پۆستە هی منە، ئەم سەنگەرە هی منە.' ئاخر بۆ هی تۆیە؟ تۆ هەست بەوە بکەیت تۆ حاکمیت لەو وڵاتە و لایەنەکی تر تەنها بەشداری پێکراوە و جاروبار لایەکت لەگەڵ هەڵدەگرێت، ئەوە نابێت."