تورکیا باکووری سوریا تۆپباران دەکات، هەسەدەش لە ئامادەباشیدایە

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە سوپای تورکیا لە هەر ساتێکدا هێرش بکاتە سەر باکووری سوریا.

فەرهاد شامی وتەبێژی هەسەدە ڕایگەیاند "هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە".

شامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ڕۆناهی، باسی لە ئەگەری هێرشی نوێی تورکیای کرد.

ئەو گوتی "تورکیای داگیرکەر دەتوانێت لە هەر ساتێکدا هێرش بکاتە سەر ناوچەکە و باری نائاسایی بەردەوامە".

وتەبێژەکەی هەسەدە گوتیشی، ئەگەر هێرشێک لەلایەن تورکیاوە ڕووبدات، هەسەدە وەڵامی دەداتەوە.

" ناوچە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین و سەرێکانی بەدەرنابن لەو شەڕە".

هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەردەوامن

لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە جیاوازەکانی باکووری سوریا لەلایەن تورکیاوە هێرشیان کراوەتە سەر.

ڕۆژی هەینی 16ی مانگی شەش، هێزەکانی تورکیا ناوەندی شارۆچکەی تەل رەفعەتی باشووری شاری حەلەبیان بۆردومان کرد. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێهیەکان، بۆردومانەکە گەیشتووەتە نەخۆشخانەی شار و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە دانیشتوانی ناوچەکە برینداربوون و زیانی داراییش کەوتووەتەوە.

هەروەها دەستەی تەندروستی لە ناوچەی جەزیرە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە "تورکیا نەخۆشخانەی تەل رەفعەتی لە ناوچەی شەهبا کردە ئامانج، کە تێیدا کارمەندانی نەخۆشخانەکە و هاووڵاتیانی مەدەنی بریندار بوون".

خۆپیشاندانی کوردەکانی سوریا دژ بە هێرشەکانی تورکیا

ڕۆژی 14ی شەش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای قامیشلۆ – تربەسپی لە نزیک گوندی شۆریک بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسیش بریندار بوون.

هەمان ڕۆژ هێزەکانی تورکیا ناوچەکانی منبج و شەهبا و چەند ناوچەیەکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان تۆپباران کرد.

ئەنجومەنی سەربازی منبج کە بەشێکە لە هەسەدە، ڕایگەیاند، کاتێک چەکدارەکانیان هەوڵیاندا دوو منداڵی کە بە تۆپبارانی تورکیا بریندار بوون، ڕزگار بکەن، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاش ئەوانی کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، چوار لە چەکدارەکانیان کوژران و دوو چەکداریش بریندار بوون.

ئەنجوومەنی سەربازی منبج هەروەها ڕایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا شەڕڤانەکانیان لە گوندی دێرێک و دەوروبەری پردی قەرەقۆزات لە ڕۆژهەڵاتی منبج بۆردومان کردووە و لەو هێرشانەشدا دوو چەکداری ئەو ئەنجومەنە کوژراون و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

ڕۆژێک پێش ئەوە و لە 13ی شەش گوندەکانی شەهبا تەل رەفعەت لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کران.

ڕۆژی 12ی شەش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماتۆڕسکیلێکی لە باشووری کۆبانێ کردە ئامانج. لە هێرشەکەدا سێ کەس بە ناوەکانی محەممەد بەهجەت ئەیوب تەمەن 25ساڵ، خەبات ئەدهەم تەمەن 28 ساڵ و ئیلا عەبدولڕەزاق تەمەن 22ساڵ بریندار بوون.

دوو ڕۆژ پێش ئەوەش ، لە 10ی شەش، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانە کوردەکانی لەسەر ڕێگای مەرات لە شەهبا بۆردومان کرد و بەهۆیەوە سێ شەڕڤان کوژران و دووی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری تورکیا هەفتەی ڕابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، هێرشەکانیان لە تەل رەفعەت و منبج بەردەوامە.

هەروەها سوپای سوریا لە گوندەکانی حەلەب لەلایەن تورکیاوە هێرشی کراوەتە سەر. یەکێک لەو هێرشانە هەفتەی ڕابردوو لە گوندی بینەی سەر بە ناوچەی شێراوە ڕوویدا، کە تیایدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا خاڵێکی سوپای سوریای بۆردومان کرد. ڕۆژێک پێش ئەو هێرشە، خاڵێکی دیکەی سوپای سوریا لە گوندی عەقبیە لە باکووری حەلەب لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر. لە ئەنجامی هەردوو هێرشەکەدا، چوار سەربازی سوریا کوژراون و پێنج سەربازیش برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ئەم هێرشانەی تورکیای شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، "ڕەنگە لێکتێگەیشتنی نوێ لە نێوان تورکیا و لایەنەکانی دیکەی دژی هاتبێتە ئاراوە. ئەگەر ڕاست بێت ئەوە مەترسییەکی گەورە دەبێت بۆ هەموو لایەنەکانی سوریا و هەرێمەکە ڕووبەڕووی چارەنووسی زۆر خراپ دەبێتەوە."

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا و ڕژێمی سوریا کرد هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە نیشان بدەن و ڕێگری لە تورکیا بکەن.

خۆپیشاندانی کوردەکانی سوریا دژ بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا

هەروەها هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بێ وەڵام نابێت و هەمیشە پابەند دەبێت بە پاراستنی ناوچەکە و هەموو پێکهاتەکانی.

بەگوێرەی ئاماری ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای مانگی شەشەوە تا ئێستا 15 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە باکووری سوریا ڕوویداوە و لە ئەنجامدا 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و 28 کەسیش برینداربوون.