ئارام حاجی: ئایندەی ئازادی ڕادەربڕن و ڕۆژنامەگەری و دیموکراسی لە تورکیا بەرەو خراپتر دەڕوات

دوای هەڵبژاردنەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆک و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێکەی پارتی داد و گەشەپێدان، کۆمەڵێک پرسیار هاتوونەتە ئاراوە، لەوانە ئایندەی ئابووری تورکیا چی لێدێت لە کاتێکدا لیرەی تورکی بەهاکەی زیاتر دادەبەزێت؟ ئایندەی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری بەرەو کوێ دەڕوات لە کاتێکدا سنووردارکردن و سانسۆری سەر میدیای ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆ بەردەوامن؟ سیاسەتی حکومەتی تورکیا بەرامبەر پرسی کورد و بە تایبەتی کوردی سوریا چۆن دەبێت؟ ئایا گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دێت؟


هاوکاتی ئەو پرسانەشی کە پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە بە حکومڕانییەوە لە تورکیا وەک سیاسەتی دەرەوە و ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری؛ کە تێکڕا بوون بە بابەتگەلێکی هەستیار بەرامبەر کابینە نوێکەی ئەردۆغان و پارتەکەی.


سەبارەت بەو پرسانە دەنگی ئەمەریکا وتوێژی لەگەڵ نووسەر و شارەزای یاسایی و سیاسی نێودەوڵەتی ئارام حاجی سازکردووە و لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەگەر ئایندەی ئازادی ڕادەربڕن و ڕۆژنامەگەری و دیموکراسی لە تورکیا بەرەو خراپتر نەڕوات چاوەڕوان ناکرێت بەرەو باشتر بڕوات".


گروپی توێژینەوەی لەسەر هەڵاوسانی ئابوری (ENAG) سەبارەت بە تورکیا زیاتر گرنگیداوە بە کڕین و فرۆشی کاڵا و پێدایستییە ڕۆژانییەکانی هاوڵاتیان و ڕادەی خزمەتگوزارییە گستییەکان، هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە ڕێژەی 105.19% بەرزبوونەوەی نرخەکانی تۆمارکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە هاوکات نرخەکان بە بەراورد بە سەرەتای ساڵی 2023 تا ئەم سەروەختە و دوای هەڵبژاردن نزیکەی یەک لەسەر سێ بەرزبوونەتەوە.


وەزیری کار و بیمەی کۆمەڵایەتی تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند حکومەت و کارداران بە ڕێکەوتنێک گەیشتوون لەسەر زیادکردنی ئاستی کەمترین موچە و لە مانگی داهاتووە بە ڕێژەی 34% زیادەکات، واتە لە 8 هەزار و 506 لیرە دەبێتە 11 هەزار و 402 لیرە (نزیکەی 480 دۆلار) لە مانگیکدا.

ئارام حاجی لەو بارەیەوە دەڵێت ڕەوشی ئابوری و تورکیا ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات و سەبارەت بە ستراتیژی سیاسی و حوکمڕانی وڵاتەکەش دەڵێت "تورکیای ئەردۆغان لە ولایەتی سێهەمیدا دەستبەرداری هەموو ئەو ستراتیژە کۆنە نەبووە کە پێشتر پەیڕەوی کردووە."

بەڵام ئارام حا جی بە ئومێدەوە لە ئایندەی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا دەڕوانێت و دەڵێت "بەرەی ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆن لە گەشەسەندن و فراوانبونێکی گەورەدایە." بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵدا ئۆپۆزسیۆنی تورکیا نەیتوانی دەنگی پێویست بهێنێت.