دادگای دەستوریی تورکیا داواکاریی ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکانی هەدەپە ڕەتدەکاتەوە 

دادگای دەستوریی تورکیا داواکاریی ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکانی هەدەپە ڕەتدەکاتەوە

دادگای دەستوریی تورکیا، داواکاریی دادگای باڵای ئەو وڵاتەی بۆ ڕاگرتنی یارمەتییە داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەی تورکیای بۆ هەدەپە ڕەتکردەوە.

دادگای باڵای پێداچوونەوەی تورکیا داواکارییەکی پێشکەش بە دادگای دەستوری وڵاتەکە کردبوو بۆ بلۆککردنی نزیکەی 400 ملیۆن و 200 هەزار لیرەی تورکی هاوکاریی دارایی کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنە و داراییەوە بۆ هەدەپە دابینکرابوو.

هەروەها لە داواکارییەکەی دادگای باڵای تورکیا هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو بەشەی یارمەتییەی دەوڵەت درابوو کە پێشتر لەلایەن پارتەکەوە بەکارهێنراوە، بەڵام دادگای دەستوری ڕۆژی دووشەممە بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە هیچ بنەمایەک بۆ بڕیاردان لە سەر ئەو بابەتە نییە.

بەپێی بڕگەکانی یاسای پارتە سیاسییەکان، هاوکارییەکانی دەوڵەت بۆ حزبەکان لە ساڵی هەڵبژاردندا سێ هێند دەبێت.

هەدەپە کە ماوەیەکی زۆرە لە لایەن حزبی دەسەڵاتداری تورکیاوە ڕووبەڕووی تۆمەتی پێوەندیی لەگەڵ پەکەکە بووەتەوە، بە هۆی مەترسی داخستن و هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی 14ی مانگی پێنجدا، کاندیدەکانی پەرلەمانی خۆی لە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوز ڕاگەیاند و نزیکەی پێنج ملیۆن دەنگی بۆ خۆی دەستەبەر کرد.

دادگای دەستوری تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە دەسەڵاتی دادگای باڵای پێداچوونەوەدا نییە داواکارییەکی لەو شێوەیە پێشکەش بەو دادگایە بکات.

پێشتر دادگای باڵا داوای بەستنی هەژمارەکانی هەدەپەی کردبوو، بەڵام دادگای دەستوری جارێکی دیکە بە زۆرینەی دەنگ ئەو داواکارییەی دادگاکەی ڕەتکردەوە.