لاوێکی خەڵکی مەریوان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دەدرێت

هێمن مستەفایی، زیندانیی خەڵکی مەریوان، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 21ی مانگی شەشی لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بنەماڵەکەی مستەفایی و ژمارەیەک لە چالاکوانانی سڤیل لە بەردەم زیندانی ناوەندیی سنە کۆبوونەتەوە و خوازیاری ڕاگرتنی لەسێدارەدانی ناوبراو بوون، بەڵام دەزگای داداوەری کۆماری ئیسلامی بە بێ گوێدانە داواکارییەکان، سزای لەسێدارەدانەکەی هێمن مستەفایی جێبەجێکردووە.

پێشتریش مانگی شەشی ساڵی 2017 ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابووەوە، بەڵام دوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەیان چالاکوانی مەدەنی و هاووڵاتیانی شاری سنە، جێبەجێکردنی سزاکەی بە شێوەیەکی کاتیی ڕاگیرابوو.

هێمن مستەفایی لە ڕۆژی دووشەممە، 19ی مانگی شەشەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندیی سنە و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ هۆشداریان دابوو لەمەڕ مەترسی لەسێدارەدانەکەی.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا نووسیوێتی دوای ناڕەزایەتی زیندانیان لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بە فەرمانی محەمەد جەباری داواکاری گشتی سنە، دۆسیەی ژمارەیەک زیندانی لە نێویاندا هێمن مستەفایی ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان کرابوون.

ئەو رێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ لە درێژەی هەواڵەکەیدا نووسیویەتی هێمن مستەفایی دوای ناڕەزایەتی بەرفراوانی مانگی دەی ساڵی ڕابردووی زیندانیانی زیندانی سنە کە بە توندی لە لایەن پاسەوانانی زیندانەوە سەرکوت کرا، بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گوازراوەتەوە و پاش پێنج مانگ گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە، ئەمەش دوای مانگرتنێکی 10 ڕۆژەی ناوبراو.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ هەر لەم چوارچێوەیەدا دەڵێت لێکۆڵەرە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی مستەفایی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بە توندی ئەشکەنجەیان داوە و لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و بینینی خێزانەکەی بێبەشیان کردووە.

هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە مستەفاییەوە ڕادەگەیەنێت " ئەو بەندکراوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی زیندانی ناوەندیی حکومەت لە شاری سنە، بە گولەی ساچمەیی هێزە حکومەتییەکان بریندار دەبێت، بەڵام سەرەڕای سەختی بەرینەکەی نابرێتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری".

هێمن مستەفایی تەمەن 34 ساڵ کە خەڵکی شاری کانی دیناری سەر بە مەریوانە، مانگی سێی ساڵی 2011 بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەممەدی لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا.

ڕێکخراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو نووسیویانە مستەفایی لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونیدا بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆ گرتووە و بە هەڕەشە و بەڵێنی لێکۆڵەرە ئەمنییەکان ڕازی بووە بە قبوڵکردنی ئەو سیناریۆیەی کە لێکۆڵەران پێشتر سەبارەت بە کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران بۆیان ئامادە کردبوو.

سێ هاووڵاتی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی بەیان کاکەیی، هیوا دادئافەرین و خەلیل شیرزادی بە تۆمەتی بەشداریکردن لەو کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراون و لە ساڵی 2014دا کەناڵی پرێس تیڤی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی بە ناوی "بابەتی هاوبەش" دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو چوار زیندانییەی بڵاوکردەوە.

هێمن مستەفایی پێش دەستبەسەرکردنی ماوەیەک ئەندامی یەکێک لە حزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران بووە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت ئەو حزبەی بەجێهێشتووە و بە هەماهەنگی ئیدارەی ئیتلاعات گەڕاوەتەوە شاری مەریوان.

مستەفایی لە دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەک" بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادراوە و بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەستیش" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو. هەرچەندە ئیدارەی ئیتلاعات و سوپای پاسداران داوایان کردبوو دۆسیەی مستەفایی لە ژێر ناوی "موحارەبە" پەسەند بکرێت، بەڵام دادگای باڵای ئێران بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە ئەو تۆمەتەی لە دژی ناوبراو ڕەتکردبووە.