پارتی دەڵێت ڕەنگە پێش بەهاری 2024 هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجام نەدرێت

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند پێناچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێش بەهاری ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت، هەروەها وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش هۆشداری دەدات لە ئاڵۆزتر بوونی پرۆسەکە بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی بەسەرچوونی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق.

عەبدولسەلام بەرواری ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ گفتووگۆکردن لەسەر یاسای هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕەنگە هەڵبژاردن پێش وەرزی بەهاری ساڵی داهاتووش نەکرێت. دواتر بە یاسا کۆنەکە، واتە یاسای ژمارە 1 ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. گەر دادگای فیدراڵیش لەسەر سکاڵای یەکێتی ئەم یاسایەی بە نادەستوری ناساند، کەس نازانێت چی ڕوو دەدات و ڕەنگە بەپێی یاسای عێراق لێرەش هەڵبژاردن بکرێت."

بەڵام شێروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت زیاتر دواکەوتنی پرۆسەکە ئاڵۆزی دەخاتە بەردەم هەرێمی کوردستان چونکە وادەی یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە بەسەرچوون نزیکبۆتەوە و ڕەنگە نەتوانێت هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات.

شێروان زرار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەر لە کاتێکی نزیکدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت گرفت بۆ کۆمیسیۆنی عێراقیش دروست دەبێت، چونکە ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق لە ڕۆژی 7/1/2024 ماوەی یاساییان تەواو دەبێت. بۆیە ئێمە چاوەڕوانی سەرۆکایەتی هەرێمین مەسەلەکە یەکلایی بکاتەوە."

پێشتریش، ڕۆژی یەکشەممە، بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆکی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند ڕەنگە کۆمسیۆن بڕیار بدات ئەو هەڵبژاردنانە لە بەهاری ساڵی 2024 ئەنجام بدرێن. ئەو بەرپرسە وتی، "دوای چەند کۆبونەوەیەک، کۆمسیۆن گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێکبخات، ئەگەر نا ئەوا کۆمسیۆن وادەیەک پێشنیاز دەکات لە مانگی چوار یان پێنجی ساڵی داهاتوو، و دەبێت لەسەری ڕێکبکەون و پاشان داهاتوودا کۆمسیۆن ئامادەکارییەکان دەکات."

گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 18/11ی ئەمساڵی وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 15/6/2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق کۆبووەوە کە لەسەر بانگهێشتی ئەو بۆ گفتوگۆکردن و هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەردانی هەولێریان کردبوو. نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و تیمێکی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

لە ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆی ئەنجامبدرێت، بەڵکو ئەوە هاتووە کە "بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن."

لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکان دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی بەردەست نەبوون.

شێروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێمی داوەتەوە و وتوویانە، 'ناتوانین لەیەک کاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدەین. لەسەر مەسەلەی کاتیش ڕێکنەکەوتوون.'"

لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکۆکی توندیان هەبوو، دادگای فیدراڵی عێراق لە بەرواری 30/5/2023 لەسەر سکاڵای چەند پەرلەمانتارێکی کورد درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی ڕەتکردەوە. ئەمەش چارەنوسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی خستە دۆخێکی نادیارەوە، بەو پێیەی کۆمیسیۆنی هەرێم ناکارایە و پەرلەمانیش وادەی یاسایی تەواو بووە.

عەبدولسەلام بەرواری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ،"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و بە نادەستوری دانانی درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان ئەنجامی گفتووگۆکانمانی لەگەڵ یەکێتی پوچەڵکردەوە و گفتووگۆکان بەهایان نەما. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ناکارایە و پەرلەمانیش ناتوانێت یاسا هەمواربکات، بۆیە چارەنوسی هەڵبژاردن لای کۆمیسیۆنی عێراقە."

هەروەها وتیشی، "کۆمیسیۆنی عێراقیش ڕەتیدەکاتەوە لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە بتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات، چونکە لانی کەم شەش مانگیان پێویستە."

گفتوگۆکان دەکەونە دوای جەژن

یەکێتی داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی و دابەشکردنی 11 کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ سەر 4 پارێزگاکەی هەرێم دەکات، بۆیە لەدادگای فیدراڵی سکاڵای تۆمار کردووە و داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاتێک ئەنجام بدرێت یاسای هەڵبژاردن لە هەرێم هەموار بکرێتەوە.

زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، چارەنوسی هەڵبژاردن لای سەرۆکی هەرێم و کۆمیسیۆنی عێراقەو هیچ ڕوون نییە."

سەبارەت بە چارەنوسی هەڵبژاردن لەکاتێکدا گەر کۆمیسیۆنی عێراق نەیتوانی ئەنجامی بدات، زیاد جەبار وتی، "کۆمیسیۆنی عێراق لەبەردەم دادگای فیدراڵی ئامادەیی خۆی بۆ هەڵبژاردنی هەرێم نیشانداوە، بۆیە مەسەلەکە لای سەرۆکی هەرێم و کۆمیسیۆنە کە چۆن ڕێکدەکەون."

بەڵام شێروان زرار وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم ڕوونیکردەوە، سەرۆکایەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق، هەرچەندە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

شێروان زرار وتیشی، "چاوەڕوانین بزانین دوای جەژن لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق ڕێککەوتن دەکرێت، یاخود دەروازەیەکی تر دەدۆزرێتەوە بۆ چارەسەری کێشەکان."

وڵاتی سعودیە 28ی ئەم مانگەی وەکو یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دیاریکردووە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر