گرژیەکانی ناو کۆمەڵە خەریک بوو بگاتە پێکدادان و بەرپرسێکیان دەڵێت "نەمانهێشت خوێن لە لووتی کەس بێت"

ناکۆکیەکانی ناوخۆی کۆمەڵە قۆناغێکی نوێیان تێپەڕاند دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو (20/6/2023) لە ئۆردوگای بانە گەورەی زڕگوێز، دوو بەرەی ناوحزبەکە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و بەرپرسێکی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیش دەڵێت بە بەشداری سکرتێری حزبەکەیان هەوڵی کودەتا دراوە.

نەوید میهرئاوەر، بەرپرسی کۆمسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە سێ چوار ڕۆژی ڕابردودا کۆبوونەوەی بەرەی کۆمیتەی ناوەندی هەردوولامان بەڕێوە چوو. لەوێ من و هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵوێستی خۆمان بە ڕوونی دەربڕی، داوامان کرد ئەو سیاسەتە هەڵپەسێردرێت کە کاک عەبدوڵا (عەبدوڵای موهتەدی) کردویەتی، وە بڕیارەکانی پێشوو وەک خۆی جێ بەجێ بکرێن ئەگەرنا ئێمە جۆرێکی تر بڕیار دەدەین. هەر پاش ئەمە كاک عومەری ئێلخانیزادە بە هاوکاری کاک عەبدوڵای موهتەدی و هاوڕێیانی کەوتنە پیلانگێڕان و کودەتا کردن بەشێوەیەک بیانەوێت ئەو ئۆردوگایەی بە بانە گەورە ناسراوە لە دەستمانی دەربهێنن و ئێمە دەرکەن لە حزبەکە. ئێمە پلانەکەیمان خوێندەوە و دوێنێ شەو پلانەکەیانمان پوچەڵکردەوە و ئەو ڕێگەیەی ناو ئۆردوگاکەیان کە دەیانەویست لەوێوە هێزی زیاترمان بهێننەسەر داخست و لە چەند لاوە دانیشتین. هێزیان ناردە سەرمان و بەرپەرچمان دانەوە. ئەڵبەتە نەمانهێشت، تەقە بکرێت وخوێن لە لووتی کەسێک بێت. تەنانەت فێرگەی عەسکەریشیان گرت، بەڵام لێمان سەندنەوە و پاشەکشەیان کرد."

دەنگی ئەمەریکا چەند جارێك پەیوەندی کرد بە عومەری ئیلخانیزادە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

گەمارۆی سەربازی

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ عومەری ئێلخانیزادە لە ماڵەکەی خۆیدا لە بانە گەورە گەمارۆ دراوە دەڵێت ئەم کارە دوورە لە "پرەنسیپی حزبی و ئەخلاقی" و داوا دەکات "ئەنجامدەرانی ئەم کردەوە نابەرپرسانەیە دەبێت وڵامدەرەوەی دۆست و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بن."

بەڵام نەوید میهرئاوەر ئەو هەواڵە بە "چەواشەکاری و درۆ" ناودەبات و ڕەتی دەکاتەوە سکرتێری حزبەکەیان گەمارۆدابێت و دەڵێت، "نە قسەکەی کاک عومەر ڕاستە نە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێران، بە تایبەت بەیانامەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان درۆ و چەواشەکارییە."

نەوید میهرئاوەر دەشڵێت، "کاک عومەری ئێلخانیزادە هەرکاتێک بیەوێت لە لای ئێمە بڕوات دەرگای بۆ کراوەیە. لەلاشمان دانیشێت خزمەتی دەکەین، بەڵام ئەو، نە لەگەڵ ئێمە دائەنیشێت و ڕەتیشی دەکاتەوە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانە، دەشڵێت ، 'من سەر بە کۆمەڵەی شۆڕشگێرانم.'

بەڕێز میهرئاوەر دەڵێت "ئێمەش ڕێنماییمان کردووە ئەو بارەگایە هی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانە. ئەو دەیەوێت بارەگاکە لەدەست ئێمە دەرکا و ئێمەش دەربکات ئێمەش لەبەرامبەر ئەو پلانە وەستاینەوە . کاک عومەر ئازادە، هەر کاتێک بیەوێت بڕوات یان دابنیشێت پێشمەرگە لە خزمەتیایە و خزمەتیشی ئەکەین بەڵام ئەو خۆی نایەوێت بڕوات."

نەوید میهرئاوەر، بەرپرسی باڵی سەربازی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کورستان، ڕایگەیاند، " عومەری ئێلخانیزادە بە هێزێکی 25 بۆ 30 کەسی لەگەڵ بەشێک لە خەڵکی تری ڕۆژهەڵات کە دانیشتووی سلێمانین لەژێر ناوی ئاشناو ڕۆشنا وەک میوان هێنابوونی بۆ ناو ئۆردوگا، ئەوانیشمان ئیزندا و پێمان وتن بچنە لای کاک عومەر هیچ جوڵەیەک نەکەن و حەقی هیچیان نەبێت."

لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەو بارەگانی حزبە کوردیەکانی ئێران، هەردوو حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کورستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی ئێران بڕیاریاندا یەکبگرنەوە و لە فۆڕمێکی نوێدا خۆیان ڕابگەیەنن. بەڵام ئەمڕۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند"بەهۆی بەڕێوەنەچوونی ڕێکەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناکۆکی سیاسی ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام نەگەشت."

لە ئێستادا باڵی سەربازی و هەندێ لە ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کورستان دژی بڕیارەکانی عومەری ئیلخانیزادە، سکرتێری پارتەکەیانن و دەڵێن پشتیوانیەکانی ناوبراو بۆ عەبدوڵا موهتەدی لای ئەوان جێگای قەبووڵ کردن نییە و ئەمەش بووەتە هۆی ناکۆکی لە ناو ئەو حزبەدا.

نەوید میهرئاوەر دەڵێت "کاک عەبدوڵای موهتەدی لەگەڵ کوڕی شای دیکتاتۆری ئێران دانیشت، هەموو ئەو ڕێبازە بە پێچەوانەی خواستی ئێمەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو، و ئەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان سیاسەتی ناوەندگەرێتی و ئێرانچێتی بوو کە حاشای لە پرسی کورد دەکرد. ئێمە لە دژی هەموو ئەوانە وەستاینەوە. بەڵام بەداخەوە سیاسەتی تاک ڕەهەندی عەبدوڵای موهتەدی و چەپڵەی باقی دۆستانی کۆمیتەی ناوەندی وای کرد کاک عەبدوڵایان بەو ئاقارەدا بڕوات. کاک عومەریش بوو بە پشتیوانێکی گەورە بۆ ئەو سیاسەتە خراپ، دوور لە بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان."

دەشڵێت بەڵام "گوێیان لە ئێمە نەگرت دوای موناقەشە و کێشمەکێشمێکی زۆر سەر ئەنجام گەشتین بەوەی کە بڕیار بدەین، مادام قەرار و تەوافوقاتی نێوانیشمان بە پەیوەند لەگەڵ یەکگرتنەوە بەڕێوەناچێت، و سیاسەتی ئاوا چەوتیشیان گرتووەتەبەر، بەو پرۆسەیە درێژە نەدەین و لەناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان خەباتی خۆمان درێژە پێبدەین."

ڕاشیگەیاند"ئێمە لەسەدا سەد بە وتارێکی تازەی کوردستانی تر و ئەمڕۆیی تر هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی ژینا و دروشمی ژن ژیان ئازادی، خۆمان ڕێک دەخەینەوە هەم لە ڕووی پێکهاتەی حزبیەوە ئاڵوگۆڕێکی جدی پێکبهێنین هەم لە بواری ڕوانگەوە لە پێشتر زیاتر کوردستانی هەوڵ بدەین سیاسەت و هەڵسوکەوت و ئاکارمان بۆ بەرژەندیەکانی خەڵکی کوردستان و دروشمی ژن ژیان ئازادی بێت."

چەککردنی حزبەکانی کوردستانی ئێران

پێشتر یەکگرتنەوەی هەردوو کۆمەڵە لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ڕاگەیەندرا.

عەبدوڵڵا موهتەدی لە رێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاندبوو کە یەکگرتنەوەکە دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک هەوڵی بەردەوام بووە لەنێوان هەردوو بەرەدا.

چەند ڕۆژێک دوای یەکگرتنەوەکە، لە بەرواری 27/11/2022، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی نێوانیاندا هاتبوو، "هەموومان دەزانین کە جیابوونەوە زیانی پێگەیاندین و ئەمەش دەناسین. بە خۆشییەوە جیاوازیی سیاسی و ڕوانگە، هۆکاری سەرەکیی دابڕانەکە نەبوو، دابڕان لە خەت و گوتاری سیاسیی کۆمەڵە قەت نەبووە بە کەلێن لەنێوانماندا و لەو بارەیەوە لێک دانەبڕاین."

دووبارە جیابوونەوەی هەردوو کۆمەڵە و گرژیەکانی نێوانیان لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند دوای فشارە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چەک کردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم دەیەوێت پلانەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەندامانی ئەو هێزانە لە چەند کەمپێک کۆ بکاتەوە.

سەبارەت بەم هەوڵە، نەوید میهرئاوەر بەدەنگی ئەمەریکای گوت، "قەت مل نادەین بۆ ئەو بڕیارە. ئێمە دەگەڕێینەوە ناو جەماوەری ڕاستەقینەی خۆمان لە کوردستان و بە هیچ جۆرێک چەک دانانێین."