حاکم شێخ لەتیف: وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی زۆری هەرێمیان کرد و بەغداش لاواز بوو بۆیە حکومەتی هەرێم زۆر گوێی نەدەدا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن 

کونسۆڵخانەی ئەمەریکا لە هەوڵێر جارێکی تر داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە هەڵبژاردنەکانی هەرێم چی تر دووا نەخرێن و ئەنجام بدرێن. ئەمەش لە کاتێکدایە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڵام پێدەچێت هەڵبژاردنەکان بکەونە ساڵی داهتووەوە.

مامۆستایەکی زانکۆ و شارەزایی یاسا و دەستوریش دەڵێت هەڵبژاردن یەکێکە لە پایەکانی هەموو سیستمێکی فیدراڵی دیموکراسیی زۆر گرنگە لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام دەڵێت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە وادەی هەڵبژاردنەوە.

لەتیف مستەفا ناسراو بە حاکم شێخ لەتیف بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لەبەر ئەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر پاڵپشتی حکومەتی هەرێمیان دەکرد و بەغداش لاوازبوو، بۆیە حکومەتی هەرێم زۆر گوێی نەدەدا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن،" بەڵام دەڵێت " ئێستا واقیعێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە بە تایبەتی پاش ئەوەی مەسەلەی ئابوری سەربەخۆ شکستی هێنا و پاش بڕیاری دادگای پاریس و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، لە ڕاستیدا ئێمە ئێستا پەرلەمانمان نییە. ئێمە ئێستا بۆشاییمان لە دەزگایەکی دانانی یاسا و ڕێسا هەیە و دەبێت پڕ بکرێتەوە."

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 9ی مانگی دەی 2022 بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی یاسایی خۆی درێژ کردبوویەوە. بەڵام 30ی مانگی پێنجی ئەمساڵ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارەکەی بە نادەستوری وەسفکرد.

حاکم شێخ لەتیف دەڵێت " پێویستە لەسەر سەرۆکی هەرێم، کە بەرپرسە لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، بە هەمئاهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبەر ئەوەی کۆمسیۆی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم شەرعییەتی نەماوە، هەروەها بە تەنسیق لەگەڵ حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانی عێراق، کاتێکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنەکان دیاری بکەن."

ڕۆژی پێنجشەممە 15 ی مانگی شەش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کۆبووەوە. بە پێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی هەرێم بارزانی داوای کردووە هەرچی زووترە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت " ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 18/11ی ئەمساڵی وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، بەڵام شێروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێمی داوەتەوە و وتوویانە، 'ناتوانین لەیەک کاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدەین. لەسەر مەسەلەی کاتیش ڕێکنەکەوتوون."

حاکم شێخ لەتیف پێی وایە ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە وادەکانی هەڵبژاردنەوە ئەوە ڕێگا دەکاتە بۆ دامودەزگاکانی عێراق " دەستوەربدەن لە کاروباری هەرێمی کوردستان و زیاتر دەسەڵاتەکانی هەرێم بە بیانوی پاراستنی دیموکراسی کەم بکەنەوە، لە ڕووی دەریشەوە ئەمە دەبێتە هۆی لەدەستدانی پاڵپشتی زیاتری دۆستەکانمان بە تایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا."

حاکم شێخ لەتیف لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باس لە کۆمەڵێک بابەتی تر دەکات لەوانەدا پرسی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان.

دەقی وتووێژەکەی ئاسۆ جەبار لەگەڵ لە حاکم شێخ لەتیف.

Your browser doesn’t support HTML5

حاکم شێخ لەتیف