نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووسیا بەهۆی کوشتنی منداڵان و هێرشکردنە سەر قوتابخانەکانی ئۆکرانیا دەخاتە لیستی ڕەشەوە

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هێزەکانی ڕووسیا دەخاتە لیستی ڕەشی ئەو وڵاتانەی کە مافی منداڵان لە ململانێکاندا پێشێل دەکەن.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا بۆ سەر خوێندنگا و نەخۆشخانەکان کە کوژران و برینداربوونی ئەو ژمارە زۆرەی منداڵانی لێکەوتووەتەوە، تووشی شۆک بووە.

بەپێی ڕاپۆرتە نوێکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووسیا خراوەتە ناو لیستی ڕەشی وڵاتانی منداڵکوژەوە. لیستی ڕەش ناوی ئەو حکومەت و دامەزراوانە دەگرێتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێشێلکردنی مافی منداڵان لە ململانێکاندا تۆمەتباریان دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ڕابردوودا 477 منداڵ لە ئۆکرانیا کوژراون و 909 منداڵیش بریندار بوون.

ڕەشنووسی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوەیە کراوە و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 27ی مانگی شەش ڕاپۆرتەکە بە فەرمی بڵاو بکرێتەوە.

هەرچەندە ناوی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەخراوەتە لیستی ڕەشەوە، بەڵام ئەو رێکخراوەیە هۆشداریشی داوەتە ئۆکرانیا لەمەڕ زۆری ژمارەی منداڵانی کوژراو و برینداربووی شەڕەکە و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ڕایگەیاندووە لە ڕاپۆرتی داهاتوودا ئۆکرانیاش سەبارەت بە پرسی پێشێلکاری مافەکانی منداڵان زیاتر لەبەرچاو دەگرێت.

سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس