قایمقامی چەمچەماڵ: بکوژی هونەرمەندەکە بیروبۆچوونی توندڕەوی ئایینی هەیە

خواناس وریا

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند، ئەو گەنجە هونەرمەندەی ڕۆژی پێنجشەمە لەناو بازاڕی چەمچەماڵ دراوەتە بەر دەستڕێژی گولەو کوژراوە هیچ کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ بکوژەکەدا نەبووە، وە دەڵێت، "بکوژەکە بیروبۆچوونی توندڕەوی ئاینی هەیە و ڕەنگە لەسەر بیروڕا گەنجەکەی کوشتبێت."

ڕۆژی پێنجشەمە، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بەناوی خواناس وریا گلی لەناو بازاڕی چەمچەماڵ لەلایەن ماتۆڕسکیل سوارێکەوە تەقەی لێکراو کوژرا. دوای ڕووداوەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەکە کە بکوژەکە وتویەتی خواناس وریا گلی لەسەر "سوکایەتی بە ئیسلام" کوشتووە.

رەمک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری کوژرانی گەنجەکەی چەمچەماڵ. ڕەنگە گەنجەکە لەسەر بیروڕای ئاینی کوژرابێت، چونکە هیچ کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان نەبووە."

خواناس وریا گلی خێزاندارە و خاوەنی کوڕێکی تەمەن سێ ساڵە بە ناوی ڕامین. بە پێی وتەی کەس و کارەکەی ماوەی زیاتر لە مانگێکە بۆ ئیشکردن لە دوبەی بووە و تەنها دوو ڕۆژە گەڕاوەتەوە بۆ چەمچەماڵ.

قایمقامی چەمچەماڵ وتیشی، "خواناس، گەنجە کوژراوەکە، هونەرمەند و ئەهلی کتێب و خوێندنەوە بووە. گەر سەیری پەیجەکەی بکەن دەردەکەوێت گەنجێکی رەخنەگربووە و قسەی لەسەر ئەو کەسانە کردووە کە ستەمیان لێکراوە. وتویەتی نابێت کەس بکوژرێت لەسەر بیروڕای ئاینی."

ئەو وتیشی"تۆمەتبارەکەش چەند جارێک پێیوتووە ئەم جۆرە قسانە مەکە. بۆیە گومان دەکرێت هۆکاری کوژرانەکەی جیاوازی بیروڕا بووبێت."

کوژراوەکە لە چەمچەماڵ هونەرمەند و شانۆکارو یاریزانی هونەری کۆنفۆشاوڵین بووە. لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکیش نازناوی "پاشای شەقام" ی لە خۆیناوە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە فەیسبوک، خواناس دەردەکەوێت کاردانەوەی خۆی دەردەبڕێت لەسەر کچێک بە ناوی ماریا کە لە مانگی ئازاری ساڵی 2022 لەلایەن برایەکییەوە لە هەولێر کوژرا و دەوترێت هۆکاری کوشتنەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە کچەکە لە ئیسلامەوە بووبوو بە مەسیحی. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا خواناس دەڵێت، "ئیسلامیت سەر سەروسەرچاو، مەسیحیت سەر سەروسەرچاو، بێ دینی سەر سەروسەرچاو، بەڵام هیچ تاوانێک بای ئەوە نییە ڕۆح لە مرۆڤ بسەنرێتەوە و بیکوژیت. نابێت لەسەر عەتر لەخۆدان و سەرپۆش لابردن و ئاین گۆڕین ژن بکوژرێت."

خواناس وریا گلی لە خێزانێکی رۆشنبیرە و وریا گلی باوکی رۆماننوسێکی ناسراوی ناوچەکەی خۆیەتی و خاوەنی چەندین رۆمانە.

وریا گلی باوکی گەنجە کوژراوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "45 ساڵە لە ناوچەی چەمچەماڵین، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کەس نەبووە. دەمانەوێت لە زاری بکوژەکەوە ئەو وەڵامەمان دەست بکەوێت و بزانین بۆ کوشتی."

دوای کوژرانی خواناس گلی، لە لاپەڕەی عەشیرەتی گلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، ڕوونکردنەوەیەک بڵاوکراوەتەوە و ڕاگەیەنراوە، "هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن نەیوێراوە ڕاستی ڕووداوی کوژرانی گەنجە بۆ ڕای گشتی ڕوونبکاتەوە. ڕووداوەکە نە کێشەی کۆمەڵایەتییە و نە لەسەر قەرز و پارەیە، بەڵکو گەنجەکە لەسەر فکر تیرۆر کراوە."

ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی گەنجەکە لە دوێنێوە هەڵاتبوو، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی چەمچەماڵ کرد. قایمقامیەتی قەزاکەش لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "ڕێگەنادەین هیچ تۆمەتبارێک لە دەستی یاسا هەڵبێت."

بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، تۆمەتبارەکە ناوی هێرش کەریمە و پیشەی پێشمەرگەیە. بە چەکی جۆری دەمانچە تەقەی لە خواناس وریا گلی کردووە و دواتر بە ماتۆڕسکیل هەڵاتووە.

بەپێی ئەو پۆستانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوونەتەوە، تۆمەتبارەکە کەسێکی بڕوادار و پابەندبووە بە ئاینی ئیسلامەوە و زۆربەی پۆستەکانی ئاینین. دەوترێت ئەو "سەرسام" بووە بە وتارەکانی مەلا هەڵۆ حەمە ڕەشید کە مەلایەکی ئاینی نیشتەجێی شاری سلێمانییە.

لە پۆستێکدا لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، کە ڕاستی و دروستی پۆستەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتراستنەکراوەتەوە، هێرش کەریم تۆمەتبارەکە، دەڵێت "رێگە نادەم نا، جنێو بە پێغەمبەر بدرێت، نا ڕێگە نادەم."

دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی بە مەلا هەڵۆ حەمە ڕەشیدەوە کرد، وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە. بەڵام خوێندکارێکی مەلا هەڵۆ کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو تۆمەتبارە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە مەلا هەڵۆوە نییە و هەر ناشیناسێت."

دوای کوژرانی خواناس وریا گلی، هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنیان دەستپێکردووە و داوای سنوردانان بۆ گوتاری توندڕەوی دەکەن. جەخت لەسەرئەوەشدەکەنەوە کوژرانی ئەو هونەرمەندە لەسەر بیروڕا بووە.

لەتیف فاتیح فەرەج نوسەر و چاودێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێستا لە هەمووکات زیاتر گوتاری توندوتیژی لای ئیسلامییەکان و تەنانەت حزبە نەتەوەییەکانیش زاڵە لە سۆسیال میدیا. هەرچی جنێو و سوکایەتییە بەیەکتری دەیکەن."

هەروەها وتیشی، "ئەم گوتارە توندوتیژییە دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی توندوتیژی، چونکە کە توندوتیژی گوتار ئاسایی بوویەوە، دواتر توندوتیژییەکە دەگۆڕێت بۆ کردار، بۆیە ماوەیەکە دیاردەی کوشتن و تۆڵەکردنەوە و ڕەشەکوژی زۆر بووە."