دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران، خزمەتگوزاری حەج بۆ حاجیانی ئێرانی باشتر دەکات

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا باس لە کاریگەرییە ئەرینییەکانی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعوودیە دەکات لەسەر دۆخی حاجیانی ئێرانی.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حاجیانی ئێرانی لەم هەفتەیەدا بە پاسێکی تازە و نوێ بۆ ئەنجامدانی نوێژی ئێوارە گەیەندراونەتە مزگەوتی گەورەی مەککە.

سەعید مەهدی کە بەرپرسی نزیکەی دوو هەزار و 800 حاجی ئێرانیە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە سعودیە لەمساڵدا زیاتر هاوکاری ئێرانییەکانی کردووە لە دۆزینەوەی هۆتێل و کارەکانی دیکە بۆ حاجییەکان.

مەهدی بە دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ باشتربوونی دۆخەکە، هیوای دەربڕیوە کە خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بە حاجیان بکرێت.

سعودیە لەوەتای ساڵی 2018 و دوای بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ئەمساڵ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو میوانداری نزیکەی دوو ملیۆن و 600 هەزار حاجی بکات. بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران نزیکەی 87 هەزار و 550 کەس لەو حاجیانە ئێرانین.

ئێران و سعوودیە کە دوو ڕکابەری ناوچەیین، چەند مانگ لەمەوبەر لە ڕێکەوتنێکدا بە نێوەندگیری چین، کۆتاییان بە گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان هێنا و دوای چەندین ساڵ لە دوژمنایەتی کە ببوو بە هۆی پەرەسەندنی ململانێکانی ناوچەکە و قورس کردنی کاری ئێرانییەکان بۆ ئەنجامدانی حەج و عەمرە، دووبارە پەیوەندییەکانیان دەستپێکردەوە.

ئێران چەندین جار ڕەخنەی لە ڕیاز گرتبوو لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حەج. ئێران لە ساڵی 2015دا ئەو ڕێوڕەسمە ساڵانەیەی قەدەغە کرد، ئەمەش ساڵێک دوای کوژرانی سەدان حاجی لە مەککە کە ژمارەیەکی زۆر لە کوژراوەکان ئێرانی بوون. هەروەها سعودیە کۆماری ئیسلامی بە هەوڵدان بۆ بە سیاسیکردنی حەج تۆمەتبار کردبوو.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز