بایدن لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا پێشهاتەکانی ڕوسیا تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشهاتەکانی ڕوسیایان تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی کۆشکی سپی، سەرکردەکانی ئەمەریکا و سێ وڵاتی ئەوروپایی ڕۆژی شەممە،24ی مانگی شەش جەختیان لە "پاڵپشتی نەگۆڕی خۆیان بۆ ئۆکرانیا" کردووەتەوە.

بایدن ڕۆژی شەممە لە لایەن تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکاوە لە دوایین پێشهاتەکانی ڕوسیا ئاگادارکراوەتەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیش بەدرێژایی ڕۆژ و بەردەوامی زانیاری لەسەر پێشهاتەکان پێدەدرێت.

گوتەبێژێکی ئۆلاف شوڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش ڕایگەیاندووە، چوار سەرکردەی ڕۆژئاوا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونیان لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا کردووەتەوە تا ئەوکاتەی پێویست بکات.

لە هەمان کاتدا ڕیشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا داوی لە لایەنە ناکۆکەکانی ڕووسیا کرد کە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن. سۆناک باسی لەوەشکردووە کە ڕۆژی شەممە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا دەکات بۆ ئەوەی هەموویان پێکەوە هەماهەنگ بن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز